نەوال سەعداوی
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: بابان حەمە
لەو باوەڕەدام كە قسەكردن لەسەر شەرەف لەدەرەوەی ئەو كولتورو بیرو باوەڕە ئاینییەوە نییە كە هەیە.. ئەوەی ئینگلیز و كۆمەڵگەی ئەمەریكی پێی دەڵێن Honor خۆبەختكارییە بۆ رزگاركردنی ئاژەڵێك، لێنەدان و دەستبەرزكرنەوە لەمنداڵ، سوكایەتی نەكردنە بە ژن، نەكردنی دزی و خیانەتی نیشتمانییە..
با من ئەمە زیاتر روون بكەمەوە، یەكێكی بەشەرەف لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتین، جیاوازە لە یەكێكی بەشەرەف لە مصر، ئەوەی مصر كە بێ شەرەفە رەنگە تەنورەكورتێك بێ!
بەڵام بێ شەرەفەكەی وڵاتێكی وەك چیللی رەنگە كەسێك بێ خیانەت لە دامەزراوەیەكی نیشتمانی و وڵاتەكەی خۆی بكات! یان خۆی بدزێتەوە لە باج!
ئێوە نەختێك دیقەت بدەن! بێ شەرەفەكەی مصر كە تەونورە كورتێك یان جلڕووتێك یان ئەكتەرێك یان گۆرانیبێژێكە، هەمان ئەو ئەكتەرو گۆرانیبێژە دەبێتە رەمزی شانازی نەتەوەیەك، ئێ ئەو شتەی كە رەوایەتی ئەداتە بێشەرەفبوون یان بەشەرەفبوون بریتییە لە روانگەیەكی كولتووری و ئاینی و ناوچەیی و كۆمەڵایەتی..
كورتكردنەوەی شەرەف لە وڵاتانی رۆژهەڵات و هەندێ ناوچەو وڵاتی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، تەنها دەخزێتە یەك ووشەوە، ئەویش (سێكس)ە، تۆ سێكسی دەركەویت بێ شەرەفیت، جل ئازاد بپۆشیت بێشەرەفیت، ئازادبوویت بێشەرەفیت، رەخنەتگرت و بەبیری ئەو بیرت نەكردەوە، بێشەرەفیت.. سەیر و سەمەرە لێرەدایە، بەشی شێری ئەو بێشەرەفییە هەر بەرژن كەوتووە، بەو لۆژیكەی پیاو كەمترین بەشی لە بێشەرەفی بەر ئەكەوێت.. بەهەمان ئەو لۆژیكەی پیاو لەشكڕبێ بێشەرەف نییە! تەنها لەشفرۆشی بێشەرەفییە، پیاو لەسەر شەرەف ناكوژرێ، چونكە شەرەفی پیاو هیچی لەسەر ناكەوێ!
ئێ باشە هەر بەو لۆجیكەش بپرسین: ئەگەر پەردەی كچێنی هێمای شەرەف و پاكیزەیی ژنە، ئەی هێمای بەشەرەفی و جوامێری پیاو چییە..
شەرەف هێندەی راستگۆییە، مرۆڤدۆستییە، دادوەری و رێزگرتنە شتی تر نییە، كۆكردنەوەو یەكسانكردنی شەرەف تەنها و تەنها لەسێكس و ناوگەڵدا خۆی لە خۆیدا لوتكەی بێشەرەفییە.
(سایتی ئەنوار)