سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتی

18/11/2021


كەیوان ئازاد
بارودۆخی ئایینی كوردستان بەر لە دەركەوتنی ئایینی ئیسلام
دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتی


دەركەوتنی ئایینی زەردەشتی بۆ (زەردەشتی كوڕی پورشاسب) دەگەڕێتەوە، كاتێك لە ساڵی (630پ.ز) و لە سەردەمی دەوڵەتی ماد و لەنێو قەڵەمڕەوییەكدا لە ناوچەی ئازەربایجان بانگەشەی پەیامبەرایەتیی كرد. ئەوەش بەو مانایە بوو، كە پەیامبەرەكەی و خودی ئایینەكەش لە ناوچەیەكی كوردنشین و كوردستانیی سەرچاوەی گرت، بەڵام بڵاوبوونەوەی بە كوردستاندا بۆ كۆتاییەكانی تەمەنی دوا كەوت.

هۆیەكەش ئەوە بوو، سەرەتا پەیامەكەی لێ وەرنەگیرا، بۆیە بەناچاری بەرەو ناوچەكانی باشووری خۆرهەڵات ڕۆیشت، تا دواجار لە هەرێمی پارس گیرسایەوە. لەوێش لەلایەن (گوشتاسب كوڕی لەهراسب)ی میری هەرێمەكەوە پێشوازیی لێ كرا و پەیامەكەی قبووڵ كرا و وەك ئایینی فەرمیی میرنشینەكە ناسرا. دوای (چل و حەوت) ساڵی پەیامبەرایەتی و (حەفتا و حەوت) ساڵ تەمەن، دواجار لە ساڵی (583پ.ز)دا كۆچی دوایی كرد. ئەوەش دوای ئەوەی، بۆ پشتیوانیی لە بنەماڵەی كیانی دەسەڵاتداری هەرێمی پارس، لە ڕووبەڕووبوونەوەی توركە بتپەرەستەكانی خۆرهەڵاتدا كوژرا. بەرلەوەی كۆچی دواییش بكات، پەیامەكەی بۆ هەڵگران و هەوادارانی بەجێ هێشت، تا لە بڵاوكردنەوەیدا درێغی نەكەن.

ئەم ئایینە، بە یەكێك لە ئایینە كۆنەكانی كوردستان و ئێران دادەنرێت، كە بەدرێژایی ساڵەكانی دوای سەرهەڵدانی، تا دەركەوتنی ئایینی ئیسلام، بە زۆرینەی خاكی كوردستاندا بڵاو بووەوە و پەیڕەوانی بۆ دروست بوو. هۆكاری یەكەم ئەوە بوو، ئایینەكە لەلایەن دەسەڵاتێكی ناوچەیی ئێرانی قبووڵ كرا و دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ ڕەخسا. هۆكاری دووەمیش، گەیشتنی ئایینەكە بوو بۆ نێو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی ماد، كاتێك لەلایەن (كەی ئەكسار كوڕی فراورتیس) و دواتر (ئەستیاگز كوڕی كەی ئەكسار) قبووڵ كرا. بەو هۆیەشەوە، ئایینەكە بە ناوچەكانی كوردستان و ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ماد بڵاو بووەوە.

دوای ڕووخاندنی (دەوڵەتی ماد)یش بووە ئایینی فەرمیی ئیمپراتۆڕیی هەخامەنشی، چونكە پێشتر ئایینی فەرمیی بنەماڵەكەیان بوو، هەر لە ڕێگای ئەم بنەماڵەیەشەوە ئایینەكە گەیشتبووە كۆشكی شاهانەی ماد و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، بۆیە بە گەیشتنی بنەماڵەی هەخامەنشی بۆ دەسەڵات، جارێكی دیكە هێزێكی تریان دایەوە بەر ئایینەكە و بە خاكی كوردستان و ناوچە كوردنشینەكاندا بڵاویان كردەوە.

دوای ڕووخاندنی ئەم دەوڵەتەش لەلایەن یۆنانییەكان، ئایینەكە كەوتە پەراوێزەوە، چونكە باوەڕی سەرەكیی ئەوان بتپەرستی بوو، بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی یۆنانییەكان لە كوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، جارێكی تر لەلایەن ئیمپراتۆڕیی ئەشكانی ئازادیی پێ درا و دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ ڕەخسا، تا ئەوەی زۆرینەی پادشاكانی ئەشكانی زەردەشتی بوون.

كاتێكیش (ئەردەشێری كوڕی بابەك) ئیمپراتۆریی ساسانی لە ساڵی (226ز) دامەزراند، ئایینی زەردەشتی زیندوو كردەوە و كردییە ئایینی فەرمیی دەوڵەتەكەی و بایەخی پێ دا، چونكە خۆی لە بنەماڵەیەكی ئایینی بوو و (ساسان)ی باپیریشی مووغێكی پەرەستگای (ئاناهیتا)ی زەردەشتی و خاوەن پایەیەكی گرنگ و گەورە بوو. هەر بۆیە لە دەسپێكی كارەكانیدا فرمانی كۆكردنەوە و نووسینەوەی دەقەكانی (ئاڤێستا)ی دا.

لەو كارەشیدا پشتی بەو دەقانە بەست، كە لە هەردوو ئاتەشكەدەی (ئاناهیتا و شیز) پارێزرابوون. (ئاتەشكەدەی ئاناهیتا) كەوتبووە نێو شاری (كەنگاوەر)ی سەر بە ناوچەی باختر، واتە (كرماشانی ئێستا). (ئاتشكەدەی شیز)یش كەوتبووە نێو شاری (شیز)ی ئازەربایجان، كە بڕواش وابوو، خودی (زەردەشت) ئەو ئاتەشكەدەی دروست كردبێت. هەردوو شار و ئاتەشكدەكەش كەوتبوونە خاكی كوردستانەوە.

بە كۆكردنەوەی ئەو دەقانەی (ئاڤێستا) و ڕێكخستنەوە و دواتر نووسینەوەیان، بەرهەمێكی لێ پێكهات، كە دواتر ناوی (زەند ئەڤێستا) واتە (ئاڤێستای نوێ) ناسرا. ئەو كتێبەش كرایە سەرچاوەی سەرەكیی ئایینی و یاسایی ئیمپراتۆڕیی ساسانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا. واتە تا ئەو كاتەی ئیمپراتۆڕیی ساسانی لە ساڵی (651ز) ڕووخا، (ئایینی زەردەشتی) ئایینی فەرمیی دەوڵەت و كتێبی (زەند ئاڤێستا)ش یاسا و سەرچاوەی دەسەڵات و دەزگا بەڕێوەبەرایەتییەكانی بوو، تەنیا لە (دوو) ماوەدا نەبێت.

ماوەی یەكەم كەوتبووە نێوان ساڵانی (242-252ز)، چونكە (شاپووری یەكەمی ساسانی/242-272ز) بۆ ماوەی (دە) ساڵ باوەڕی بە ئایینی مانی هێنا و و كردییە ئایینی فەرمیی دەوڵەتەكەی. ماوەی دووەمیش كەوتە سەردەمی (قوبادی یەكەمی ساسانی/488-532ز)، چونكە ئەمیش بۆ ماوەی (دە) ساڵ باوەڕی بە ئایینی مەزدەكی هێنا، كە لە (دوو) باسی داهاتوودا تیشكیان دەخەینە سەر.

لێرەشەوە دەگەینە ئەوەی كە ئایینی زەردەشتی، ئایینی بەشێكی تا ڕادە زۆری دانیشتوانی كوردستان بوو لەو سەردەمەدا. هەر بۆیە كاتێك ئایینی ئیسلام لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی زایینی گەیشتە كوردستان، پەیڕەوانی زەردەشتی بەشێكی تا ڕادە زۆری پێكهاتەی ئایینەكانی دانیشتوانی كوردستانیان پێكهێنابوو، چونكە (چوار سەدە)ی دەسەڵاتی ساسانییەكان كەم نەبوو، تا ئەم ئایینە بگەیەننە دوورترین ناوچەی كوردستان، بە گوندە دووردەستەكانیشەوە. تەنانەت لە زۆربەی شار و شارۆچەكانی كوردستاندا پەرەستگای زەردەشتی واتە (ئاتەشكەدە) دروست كرابوون و سەدان و بگرە هەزاران مووغی زەردەشتیش كورد و خەڵكی كوردستان بوون.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.