سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گەر شتێك بە ناوی كوردستان نیە… ئەی ئێمە چین؟

پێش 1 هەفتە


ئاری هەرسین

نیشتیمان لانكەیەكی هەمیشەیی خواكردەو، كۆمەڵگایەك كۆدەكاتەوە. لە ئێستادا هیچ كۆمەڵگەیەك نەماوە پێی بگوترێ نیشتیمانی یەك نەتەوە (جگە لە هەندێك لە دوورگە دووردەستەكانی دەریای ئارام یان دەریاكانیتر). مەسافەی میللەتان، ئیتر لەئاستی تاك دا سەیری بكەیت یان كۆمەڵ، كەم و كەمتر دەبێتەوە.سڕینەوەی نیشتیمان، سڕینەوەی كۆمەڵگەیە و، سڕینەوەی ئینسانە. بۆیە نابێت كەس هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی كۆمەڵگاكان بدات كە نیشتیمانیانە…
 
نزیكەی سی ساڵ دەبێت كە ووردە ووردە هەواڵی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكاران بڵاودەبێتەوە. هەموو جارێكیش بارو دۆخەكە تێك دەچوەوە. ئیتر جارێك دە مارگیری یان لێدوانێكی توندلە لایەن دیپلۆماتێكی تورك، جارێكیش سەركێشی ناعەقڵانیەكانی پارتی كرێكاران. لە ناوەڕاستی نەوەدەكانەوە ئینسان هەستی دەكرد گۆڕانكاری بەسەر بیركردنەوەی (ناسیونالیستی بەر تەسك و تەنگەبەر) ی دەسەڵاتدارانی توركیا هاتوە. كێشەی سەرەكی هەندێك لە برادەرانی ئەنقەرە ئەوە بوە كە لەبری ئەوەی نیشتیمانیانە بیر بكەنەوە، لەبری ئەوە نەتەوەیی بیر دەكەنەوە. بۆیە: (دەوڵەتی تورك) نا، بەڵكو دەوڵەتی (توركیا). وەك چۆن بە ئێران ناڵێن دەوڵەتی فارس، بەڵكو دەڵێن دەوڵەتی ئێران. دەوڵەتەكان، لە ڕێگای نوسینەوەی دە ستور و قانونەكانیانەوە، جگە لە دیاریكردنی ئەركەكان، مافەسەرەتاییەكانی هاوڵاتی بوونیشی بۆ ئینسان دابین دەكەن. سیاسەتمەداری تورك دەبێت وەك سیاسەتمەداری توركیا بیر بكاتەوە، نەك وەك سیاسەتمەداری تورك. ئەگەر توركیا نیشتیمانە؟… كەواتە نابێت پیرۆزیەكانی هاوڵاتیانی توركیا پێشێل بكرێت. ماڵی دەیان ملیۆن كورد و نەتەوەكانیتر لە لەناو ئەو قەوارە سیاسیەیە كە پێی دەڵێن دەوڵەتی توركیا. كەچی سیاسەتمەدارێكی تورك تازە بە تازەیی پێمان دەڵێت كە: من كوردستانم لە مێشكی خۆم سڕیوەتەوە…! لەكاتێكا كورد لە نیشتیمانی خۆی دەژی لەژێر ڕكێفی دەوڵەتی توركیا. 

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (هەر وەك زۆربەی كات وابوە) بە تونێلێكی فەوزەوی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت. بەرژەوەندیەكان دوور و نزیك لەیەك دەكەونەوە. سیاسەتی دەمارگیری و، نەهاتنە خوارەوە لە كەلی شەیتان، ناهێڵێت كەناڵە دیپلۆماسیەكان ئیشی خۆیان بكەن. میدیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زادەی ئەو ژینگە سیاسی، ئابوری، سەربازی و كۆمەڵایەتیەی ئێرەیە. پاراستنی سەربەخۆیی لەو جۆرە ژینگانەدا كارێكی ئاسان نیە. بۆیە ئینسان هەست دەكات میدیای ئەم ناوچەیە لە جیهان، سروشتی ژینگەكەی خۆی وەرگرتبێت. ئەگەر سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مەبدەئە، ئەوا ئەو سەقامگیریە بە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی خاكی پیرۆزی كوردستان دەستەبەر نابێت و بگرە ناوچەكە ئەوەندەی تر تێك دەچێت. لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق لەبەر ئەوەی لێك تێگەیشتن لە نێوان نوێنەرانی كوردستان و عەرەب (شیعەو سوننە) دروست بو (لە دوای ڕوخانی ڕژێم)، شمال العراق بو بە اقلیم كردستان، یانیش هەر كردستان. 

قەدەر شتێكی سەیرە… جاری وا هەیە لە ڕێی كارەساتێكەوە، چارەنوسێكی ڕونەوە یان پیلانێكی دوژمنكارانە، قەدەرت بە قەدەری خەڵكیترەوە گرێ دەدرێت بە بێ ئەوەی خۆت بتەوێت. لە پاش دابەشكردنی كوردستانەوە ئێمە هەمیشە گوتومانە كوردستان موڵكی ئێمەیە (مەبەستم كوردستانیان)، بە تۆپ و هێرشی دڕندانەی فڕۆكەی جەنگی و لەشكركێشی دڕندانە وەڵامیان داوینە تەوە. دواتر پێمان گوتن: باشە هەرچەندە نیشتیمانەكە هی ئێمەیە، بەڵام قەیدی ناكات با بە شەراكەت ئەم وڵاتە بەرین بەڕێوە لە سەنگەری لەیەكتر گرتن و كوشتن و بێینە دەرێ و بچینە سەنگەری پێكەوە ژیان… كەچی هەندێكجار لەوە دەچێت خەڵكانێك هەبن بەوەش ڕازی نەبن. ئێمە گفتوگۆی دیپلۆماسی بە تاكە پرۆسێسێكی هەمیشەیی دەزانین بۆ چارە سەركردنی كێشەكان. كوردستانیش نیشتیمانمانە… ئێمە لە پێناو ئەم خاكە پیرۆزەدا دەژین… دە مرین… چونكە بەبێ كوردستان، ئێمە هیچ نین.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.