سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بەمرۆیی بوونی بەراز!

پێش 1 هەفتە



محەمەد خۆشناو

بەراز نەفرەتلێكراوترین ئاژەڵە لەكن ئیمە و كۆمەڵگەی ئیسلامی و زۆربەی ئاینە كۆنەكان چونكە گۆشتی حەرامكراوە ، حەرامكردنی گۆشتی بەراز لەبنچینەدا لە ئایینی جووەكان وەرگیراوە و شەریعەتی جووەكان خواردنی بەرازیان حەرامكردووە ، بەكورتی نەخواردنی گۆشتی بەراز  كارێكی ئایینیە ، بەڵام ئایا رقلێبوونەوە لە ئاژەڵی بەراز كارێكی ئایینیە؟ بەڕای من نەخواردنی گۆشتەكەی پەیوەندی نیە بە رقلێبوونەوەی و نەفرەتلێكردنی.

بەم دواییە زانایانی خۆرئاوا رایانگەیاند كە دەتوانن گورچیلەی بەراز لە جەستەی مرۆڤ لەجیاتی گورچیلە لەكاركەوتوەكە بچێنن و ئێستا دەڵێن ئەندامانی دیكەشی بۆ مرۆڤ دەبێت ، چونكە زانایان ماوەیەكی درێژە تێبینی لێكنزیكی توێكاری و فسیۆلۆجی سەڕسووڕهێنەر لەنیوان مرۆڤ و بەرازدا كردووە ، دیارە حیكمەتی خوای گەورە لە حەرامكردنی گۆشتی بەراز لەوەدابووە كە بەمرۆڤ دەچێت ، ئەم لێكنزیكیە وایكردووە كە بەراز ببێتە ژینگەیەكی لەبار بۆ تاقیكردنەوەی زانستی و هەروەها گواستنەوەی ئەندامانی جەستەی؛ نزیكی شێوەی دڵ و تووشبونی بەراز بە ڕەقبوونی دەمارەكانی وەكو مرۆڤ وای لەزانایان كردووە قەستەرە بۆ بەراز بكەن و لەهەمان كاتدا لێكچوون لەنێوان جگەری مرۆڤ و بەراز و ڕێڕەوی هەرسكردن هەیە بەوەی ڕووەك و گۆشت دەخوات ، ئەم لێكچوونە وایكردووە بەراز ببێتە دیاریەكی پزیشكی بۆ مرۆڤ ، لەو ڕاپۆرتانەی كە لەسەر ئەم بابەتە خوێندومەتەوە ، كە ئەمە بەراز بووە ئەنسۆلین و دەرچە« صمامە»ی دڵ و زۆر شتی تری بەدیاری داوەتە ئێمە.

بەراز….ئەی هاوڕێیە چاوتێرە ڕیسواكە ، من دەزانم تۆ دەبیتە هاوڕێ و نزیكی هەموو مرۆڤایەتی و ، تۆ شایەستەی ڕێزلێنانی نەك نەفرەت و ڕقلێبوونەوە و ڕیسوایی ، ئەمە پێستی تۆیە لەجیاتی ئەو پێستە نەرمە تەنكەی ئێمە بەهۆی سووتانەوە دەچێنرێت ، ئەی بەراز….ئاژەڵە بەستەزمانەكە ، ئەمە ئەنزیمی تۆیە كە یارمەتی پێكهێنانی پێكهاتەی ئیفلیجی منداڵان دەدات بۆ پاراستنی مناڵانمان لەترسی ئەو نەخۆشیە كوشندەیە ، ئەمە ڕیخۆڵە باریك و ئەستوورەی تۆیە داوی لێدروست دەبێت و بۆ نەشتەرگەری و دوورینی برینەكە و ساڕیژكردنی ، لە پەنكریاسی تۆوە ئەنسۆلین ئامادە دەبیت و بەچاكەی تۆوە ژیانی ملیۆنەها لە نەخۆشی شەكرە بە ئارامی بەردەوام دەبێت…ئای لەو چاوتێرە ڕیسواكراوە.

چاندنی ئەندامەنی جەستەی بەراز كاردانەوەی زۆری لەلایەن هەندێك زانایانی ئایینی لە هەندێك وڵاتانی عەرەبی لێكەوتەوە ، ئەم كرداری چاندنەیان بە گوناه دانا ، بەڵام موفتی میسر ڕایگەیاند كە ئەو مادانەی لە پێكهاتەی گۆشتی بەراز وەردەگیرێن بەمەبەستی چارەسەر ڕێگەپێدراوە و ، دەشڵێت خواردنی گۆشتی بەراز لەناچاری ڕێگەپێدراوە ، ئەمە ئەوە دەردەخات كە ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەك ئایینی نیە بەڵكە بابەتێكی زانستیە ، لەبەر ئەوەی ئێستا زانایان خەریكی بە« مرۆییكردنی بەراز»ن و وادەكەن كە خانەكانی نزیكتربن لە خانەكانی مرۆڤ ….ئا ئەمەیە مرۆڤی بەراز یا بەرازی مرۆڤ كەوا دێت و وابەڕیوەیە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.