سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەمریکا بەرپرسێکی باڵای داعشی ئەفغانستانى خستە لیستی رەشەوە

پێش 1 هەفتە


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەرپرسی داراییی رێکخراوی داعشی ئەفغانستانی، کە بە ویلایەتی خۆراسان ناسراوە، خستە لیستی رەشەوە.
 
عیسمەتوڵڵا خاڵوزای، بەرپرسی داراییی رێکخراوی داعشی ئەفغانستان لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە بە کارئاسانکەری دارایی" بۆ داعشی ئەفغانستان ناسێندراوە. وەزارەتەکە دەڵێت خاڵوزای لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چالاکبووە لە گواستنەوەی هاوکارییە داراییەکان لە دەرەوە بۆ ناوەوەی ئەفغانستان، هەروەها بەکارهێنانی ئەو هاوکارییانە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی "بە قاچاخبردن  و گواستنەوە"ی مرۆڤ لە ئەفغانستانەوە بۆ دەرەوە و هەروەها  ئاسانکاری بۆ جووڵە و هاتوچۆی "چەکدارە بیانییەکان"ی سەر بە داعش کە لەژێر گوشاردان چ لە ئەفغانستان یان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست.
 
لە راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، عیسمەتوڵڵا خاڵوزای بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرپرس بووە لە نووسینگەیەکی حەواڵەکردنی پارە لە تورکیا، کە ئاسانکاریی دارایی بۆ سەرکردەکانی داعشی خوراسان و هەروەها دابینکردنی خەرجییە داراییەکانی تایبەت بە چالاکییەکانی چەکدارانی رێکخراوەکە پێشکێشکردووە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکراشیکرد، بەر لەوەش خاڵوزای لە رێگەی نووسینگەیەکی تایبەتەوە کاری ناردنی کەلوپەلە دەگمەن و گرانبەهاکانی بۆ ئەوروپا کردووە و پارەی گەڕاوەیان بۆ هاوکاریکردنی داعشی خوراسان بەکارهێناوە، هاوکات بەرپرسیش بووە لە بە قاچاخبردنی ئەندامانی داعشی خوراسان لە ئەفغانستانەوە بۆ تورکیا بە مەبەستی گەیاندنیان بە ئەوروپا.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: بە گوێرەی بڕگەی 13224 لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی "کردە تیرۆریستەکان" عیسمەتوڵڵا خاڵوزای بە "تیرۆریستی جیهانی" پۆڵێنکراوە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "لەسەر بنەمای ئەو تاوانانەی. کە عیسمەتوڵڵا خاڵوزای ئەنجامیداون، هەرچی سامان، پشک و بەرژەوەندییەک، کە بەو کەسەوە بەستراونەتەوە یان هەر قەوارەیەک، کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو کەسەوە هەیە چ لە ئەمریکا بێت یان لە دەرەوەی ئەمریکا، دەبێت بلۆک بکرێت".

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.