سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دەسەڵاتداران و رێكخراوەكانی ژنان یەكسانن!!

25/11/2021



كنێر عەبدوڵا 
 
ساڵانە لە یادكردنەوەی رۆژانی وەك 8ی مارس و 25ی نۆڤەمبەر و هەر یادێكی دیكەی هاوشێوە یان كاتی بۆنەكانی تری ژنان و هەر كۆنفرانس و كۆنگرە و بۆنەیەكی تری تایبەت بە ژنان گوتارەكان هاوشێوەی یەكتر دەردەكەون، بەشێوەیەك جیاوازی ناكرێت لەنێوان دەسەڵاتدارانی بواری پەرلەمانی و حكومەت و حزبە جۆربەجۆرەكان و رێكخراوەكانی ژناندا، سەرەڕای بواری ژنان زۆرجار لە بوارە جیاجیاكانی دیكەش و لە هەڵوێستەكاندا ئەم بۆچوونە خۆی دووبارە دەكاتەوە، لە كاتێكدا داخوازی رێكخراوەكان و خەڵك زۆرجار رەخنە و دژ بەبۆچوون و كاردانەوه ‌و كارەكانی هەریەك لەو ناوەندانەیە كە دەسەڵات و بڕیاری حوكمڕانی لە ئەستۆدایە، بۆیە هەمیشە پرسیارێك سەرهەڵدەدات بەوەی ئایا ئەركی هەریەك لەو ناوەندانە چییە و تا چەند لەسەر بنەمای ئەركەكان و بەرپرسیارێتیەكانیان مامەڵەیان كردووە؟
 
وێڕای جیاوازی ئەرك و بەرپرسیارێتی لە هەریەك لەو ناوەندانەدا، بەڵام ئەوەی بەدیدەكرێت لە گوتار و دەربڕین و دروشمەكاندا زمانی هەریەك لە بەرپرسانی ناوەندەكانی حكومەت و پەرلەمان و حزبەكان بەهەمان شێوه ‌و نەفەسی نوێنەری رێكخراوەكانی ژنان ئاخاوتن دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەوەی ئاشكرایە ئەركی رێكخراوەكانی ژنان وەك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی لە دوو ئەركی سەرەكیدایە یەكەمیان، بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە تایبەت بە مافەكانی ژنان بۆ هاووڵاتیان بەگشتی و بەتایبەت ژنان، دووەمیان، فشارخستنە سەر دەسەڵاتەكانە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، بەدەر لە ئەركی پەرلەمان لە بەدواداچوون و چاودێریكردن و دەركردنی یاسا و هەروەها جێبەجێكردنی پلان و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەلایەن دامودەزگاكانی حكومەت و بەدەر لە رۆڵی بەرپرسان و بەرنامەی حزبە سیاسییەكان لە خزمەتكردنی خەڵك بەگشتی و بەتایبەت كاتێك دەسەڵات دەگرنە ئەستۆ.
 
لە واقعدا تێكەڵبوونی هەریەك لە ئەركەكان و جیانەكردنەوەی بەرپرسیارێتییەكان و كارنەكردن بە سیستەمی دیموكراتی مەدەنی لەلایەك، لاوازی هۆشیاری تاك بەگشتی و كەمیی ئینتمای هاووڵاتیبوون لەلایەكی دیكە هۆكاری سەرەكین بۆ بوونی ئەو واقعه،‌ بوونی تێنەگەیشتن یان كارنەكردنی دەسەڵاتدارانیش به چوارچێوەی ئەركەكانیان خۆدزینەوه ‌و درێژەدانە بە سیاسەتێكی هەڵە، دوورە لە‌ بنەماكانی مافی مرۆڤ و باوڕنەبوونە بە مافەكانی ژنان و نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە بۆ گۆڕینی دۆخی ژنان رووە و باشتر و سەیركردن و مامەڵەكردنی وەك مرۆڤ، ئەمەش بەهۆی ئەو پاشخانە فكریی و زاڵبوونی ئایدۆلۆجیەتەیە كە تائێستا تێكەڵبوونی حزب و سیاسەتی حوكمڕانی‌ بۆ گشته،‌ وەكیەك نەبۆتە ستراتیجی هەنگاوەكان و پلانی كاركردنیان، ئەمەش دواجار، نەك تەنها زیان بە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی و گەشەكردنی وڵات دەگەیەنێ و نەك تەنها پاشەكشە بۆ حزب و حكومەت و پەرلەمان دروست دەكات، بەڵكو ئەبێتە هۆی دواكەوتنی پرۆسەی مەدەنیی و گەشەنەكردنی كۆمەڵ و دواخستنی مافەكانی ژنان بە بەراورد لەگەڵ ئاستی جیهاندا، بۆیە گۆڕینی عەقڵی حوكمڕانی و پلانی نوێ و ستراتیجی تۆكمەی كاركردن و هۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵ بەگشت و ژنان بەتایبەت رۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە چاكردنی دۆخەكە لەپێناو كۆمەڵێكی شارستانی و خۆشگوزەران.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.