سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كێشەی بەشوودانی كچانی منداڵ لە عیراقی نوێدا

25/11/2021



بڵێسە جەبار فەرمان

لەگەڵ هاتنی 25/11 رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دەستپێكی چالاكی لەوبارەیەوە لە 21/11 لە شاری بەغدای پایتەخت و لە دادگای كازمیە داوایەك پێشكەش بە دادوەر دەكرێت كە لە هەموو روویەكەوە دژی مرۆڤایەتییە.

پیاوێك كە خۆی بە مێردی كیژۆڵەیەكی 12 ساڵ ناو دەبات داوا دەكات گرێبەستی مارەكردنیان لە لایەن دادگاوە دانی پێدابنرێت.

ئەم هەواڵە هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە لە عیراقی ئەمڕۆدا،

رۆژانە كچی منداڵ بەشوو دەدرێن

رۆژانە لە ناوەڕاست و باشووری عیراق منداڵانی تەمەن 11 ساڵ بەرەو سەرەوە بە زۆر بە شوو دەدرێن، لە هەرێمی كوردستانیش رێژەی ئەو منداڵانەی لە سەروو 15 ساڵانەوە بە شوو دەدرێن روو لە زیادبوونە.

راستە تائێستا لە هەرێم گوێمان لە بەشوودانی كیژۆڵەی 11 ساڵان نەبووە، بەڵام دڵنیام لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو جۆرە هەواڵانە بە هەمانشێوەی ناوەڕاست و باشوور لای ئێمەش ئاسایی دەبن.

ئەوەی لە عیراق روو دەدات لەناوبردنی منداڵیی و كوشتنی روحێكە بە هێشتنەوەی لاشەیەكی زیندوو.

دایكی ئەو منداڵە 12 ساڵانەیە دەڵێت، كچەكەم دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر و لەلایەن باوكییەوە بە زۆر لە تاوانبارەكە مارەكراوە.

ئەسرا ناوی ئەو كچە 12 ساڵانەیە هێشتا لەناو دونیای خەیاڵی بووكەڵەو ماڵەباجێنەدایە بەزۆر و بەناوی شەرعەوە دەخرێتە دۆزەخێكەوە كە دەربازبوونی نییە.

چالاكوانانی بواری ژنان ئەم داوایەی ئەو پیاوەی خۆی بە مێردی ئیسرا دادەنێت بە دەستدرێژی بۆ سەر جیهانی منداڵی ناودەبەن.

هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی یاسای باری كەسێتی لە عیراق

ساڵی 1959 عیراق بوو بە خاوەنی هاوچەرخترین یاسای باری كەسێتی لە ناوچەكە.

عیراقی ئێستا لە رووی یەكسانی و مافەكانی ژنان و منداڵان رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت.

هەوڵێكی زۆر هەیە لە رێگای پەرلەمانەوە یاسای باری كەسێتی لە عیراق دا بگۆڕدرێت، هەروەك چۆن بینیمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ بڕگەی 57 ی یاسای باری كەسێتی لە 7/1/2021 كرا كە تێیدا مافی پەروەردەكردنی منداڵ لەدوای جیابوونەوە لە ژن دەسەنرێتەوە.

ئەو یاسایەی خوێندنەوەی بۆكرا نەك تەنها دژی دایكەكانە بەڵكو بە پلەی یەكەم دژی مناڵانە.

پرسیار لە بەرژەوەندی منداڵەكە ناكرێت

لەو هەمواركردنەوەیەدا هاتووە منداڵ تا تەمەنی حەوت ساڵی دەتوانێت لای دایكی بمێنێتەوە ئەوەش لە كاتێكدایە دایكەكە شوو نەكاتەوە و ئەگەر هاتوو شووی كردەوە ئەوا تەنها تا تەمەنی دوو ساڵی لای دایكی دەبێت و دواتر دەدرێت بە باوكی.

بە پێی ئەم یاسایە پرسیار لە بەرژەوەندی منداڵەكە ناكرێت.

ناپرسرێت ئایا ژیانی ئەو منداڵە لای دایكی یان باوكی باشترە؟ كێ دەتوانێت باشتر پێداویستییەكانی بۆ دابین بكات؟ كێ باشتر پەروەردەی دەكات؟ منداڵەكە خۆی چی دەوێت؟ ئەگەر هاتوو باوكەكە لە ژیاندا نەبوو یا لە دەرەوەی وڵات بوو، ئەوا باپیری لەلایەن باوكیەوە دەبێتە بەرپرسیاری و بەخێوكەری.

لە ساڵی 2013 دا لە لایەن حەسەن شەمەری وەزیری دادەوە پێشنیازی پڕۆژە یاسایەك كرا كە تێیدا هاتبوو دادگاكان لەسەر بنەمای مەزهەب جیا بكرێنەوە.

بابەتی وەكو شووكردن و جیابوونەوە و حەزانەی منداڵ و زۆرێكی تر لەو بابەتانە لە یاسای باری كەسێتیدا هاتوون جیابكرێنەوە لەسەر بنەمای تایفی و مەزهەب.

بەو شێوەیەش هەر دادگایەو بەشێوەیەك بڕیار لەسەر بابەتەكان دەدات.

هاووڵاتیان سەر بە هەر مەزهەبێك بن روو لەو دادگایە دەكەن بەمەش درزێكی گەورە لەنێو كۆمەڵگای عیراقیدا دروست دەبێت.

پڕۆژەی جیاكردنەوەی دادگاكان لەسەر بنەمای مەزهەب سەركەوتوو نەبوو

بە هەمانشێوە تەمەنی شووكردن لەلایەن دادگای تایبەتی مەزهەبەكانەوە دیاری بكرێت، هەندێك مەزەهەب لەو بڕوایەدایە كچان لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەتوانن بە شوو بدرێن.

خۆشبەختانە ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەكرا و زۆرینە دژی بوون.

دژەكانی ئەم یاسایە لە پەرلەمان دژ بەبۆچوونی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی نەبوون بەڵكو لەو بڕوایەدا بوون دروستبوونی چەندەها دادگا لەسەر بنەمای مەزهەب دەبێتە هۆی دابەشكردنی عیراق.

هەوڵدانی هەمواركردنەوەی یاسا مەدەنییە هاوچەرخەكان و گۆڕینی دەستووری عیراق، وڵات بەرەو دواوە دەباتەوە.

حزبە سیاسییەكان لە رێگای دابەشكردنی كۆمەڵگاوە بەسەر مەزهەبەكاندا و نانەوەی ناكۆكی و دروستكردنی جیاكاری هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان بەهێزبكەن و دەست بگرن بەسەر وڵاتدا، بۆ ئەو مەبەستەش لایان ئاساییە گەر ژنان و منداڵان ببن بە قوربانی یاساكانیان.

ئەم رەوتە سیاسییەی عیراق نە هاوشێوەی ئێرانی شیعی و نە سعودیەی سونییە.

رەوتێكی نوێ دەبێت بەناوی شەرع و ئیسلامەوە دوور لە هەموو یاساكانی مەدەنیەت.

هەوڵەكان لە عیراقی نوێ دا بەو ئامانجەن توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان بە یاسایی بكرێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.