سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ووتاری مەلا بەختیار لە مەراسیمی كۆتایی پلاتفۆرمی دابڕان

28/11/2021


پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی شەشەمین کۆنفڕانسی دابڕان و چوارەمین کۆنفڕانسی فێمینزمی ڕۆشنگەری

لە ڕۆژانی ٢٧-٢٨ـی ٢٠٢١، شەشەمین کۆنفڕانسی دابڕان و چوارەمین کۆنفڕانسی فێمینزمی ڕۆشنگەری بەڕێوەچوو، دوای دوو ڕۆژ لە پێشکەشکردنی ئازادانەی بابەتەکان و ڕەخنەی ئازادانە، بەرئەنجامی کۆی بابەت و ڕەخنەکان پوختەی پێشنیاز و ڕاسپاردەکان بە خاڵ دیاریکران.

لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفڕانس، پوختەی ئەو پێشنیاز و ڕاسپاردانە دەخاتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەهیوای ئەوەی لەبەر ڕۆشناییاندا سودیان لێوەربگیرێت و هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکان بدرێت و ڕاسپاردەکان جێبەجێبکەن، ئەمەش ڕاسپاردەو پێشنیازەکانن:

1-گەڕانەوە بۆ نێو مێژووی ماوە درێژی پەیوەندیی کورد بە ئیسلامەوە بە میتۆدێکی زانستی و بابەتی، بە مەبەستی دۆزینەوەی تۆڕی ئەو سیستمەی ئەو پەیوەندییەی لەسەر هەڵچنراوە. هەروەها هێنانەوەی ئەو تێکستانەی زانا کوردەکان لەمێژوی ڕابردوودا بە زمانە بیانییەکانی وەک (عەرەبی، کوردی، فارسی) نوسیویانە و کۆکردنەوە و بەکوردیکردن و لەسەرنوسینیان، تا ئەوە ڕونبکرێتەوە کورد لە ڕابردوودا تەنها شیعر و شاعیری نەبووە، بەڵکو خاوەنی بیرمەند و فەقیهـ و کەلامزانی ناودار بووە. هەر لەم ڕێیەشەوە، دۆزینەوەی ئەو ڕوانگە کوردییەی لە ناو ئەم تێکستانە هەبوون بخرێتەڕوو.


2- لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست؛ هەوڵ بۆ دروستکردنی نەتەوە و نەتەوەسازی، خاڵیی بووە لە لێکۆڵینەوە و تیۆریزەکردنی ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی، ئەم بزاڤە لە دۆخی لاسییکردنەوەدا بووە، تا ئێستا ئەو دۆخەی تێنەپەڕاندووە و بەردەوام کورد توشی قەیران بووە. ڕۆشنگەری کوردیی دەبێت بۆ ئەو میتۆدانە بگەڕێت و کاریان پێبکات کە لەلاساییکردنەوە ڕزگاری دەکات و دەی خاتە سەر ڕێڕەوی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەی ورد کە جارێکی تر ڕەخنە لەخۆی و لە مێژوی خۆی بگرێت و دڵسۆزانە برینەکانی ڕۆحی"کوردبوون" ساڕێژبکات، چونکە ڕۆشنگەریی کاتێک دەبێت بە ڕۆشنگەریی کە ڕەخنە لە ڕابردو و ئێستای خۆی بگرێت و دوربکەوێتەوە لە لاساییکردنەوە و داهێنەرانە بکەوێتەسەر پێی خۆی.

3- کورد لە ڕابرودا کە لەخوێندنی سوننەتی و حوجرەکانی خۆی دادەبڕێت و دێتە ناو خویندنی مۆدێرنەوە، خوێندنی مۆدێرن نە دەتوانێت خوێندنی کۆن تێبپەڕێنێت، نە دەشتوانێت تاکێکی"داهێنەر و بیرکەرەوە" دورستبکات، نە دەشتوانێت "بەها دیمۆکراتییەکان" لە تاکی کوردستانیدا بچێنێت. بۆیە چوونەوە بە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و ڕیفۆرمکردنەوەیەکی بنچینەیی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ڕیفۆرمێک بە ئاراستەی پەروەردەکردنەوەی تاکێکی کوردستانیی بیرکەرەوەو ڕەخنەگر و ئازا و ئازاد، تاکێک ئازادیی خاک و ئازادیی خۆی پێکەوە گرێبدات و داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، لەجێی دووبارەکردنەوە و تەڵقینکردن بکاتە ئامانجە باڵاکانی خۆی.

4- بابەتی توندڕەوی ئۆنلاین لەلایەن کەسانی پسپۆر لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵناسی، تەکنەلۆجیا، دەروونزانی و سیاسییەوە، دەرفەتی گفتوگۆی وردی بۆ بڕەخسێندرێت، یاسا و ڕێنمایی تایبەت بەم پرسە دەربکرێت، تا هاوڵاتی لەبەرکەوتن بە گوتاری توندڕەویی سەلەفیزم بپارێزن.

5- هەوڵدان بۆ بونیاتنانی کۆمەڵێکی مەدەنی-سێکیولار، ڕزگارکردنی بیرکردنەوەی تاکی کورد لە بیرکردنەوەی نازانستی و خورافی. هەوڵبدرێت بۆ بەگشتییکردنی زانست و بیرکردنەوەی زانستی، تا لەوێوە بە ئەقڵێکی کراوە بۆ وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکانی ژیان بگەڕێت.


6- لە کۆمەڵی نەریتیدا، ڕۆڵە  جێندەرییەکان  تواناکانی ژنان سنوردار دەکەن و لە قاڵبێکی کۆمەڵایەتیی بەرتەسکدا دادەرێژرێن، ئەمەش دەبێتە پاشخانێکی مەعریفی و بەهایی، کە نەوەکانی لەسەر پەروەردەدەکرێن وهەندێک جار خودی ژنانیش باوەڕیان پێی دەبێت و بە پێی ئەو نەریتە وێنای ژن دەکەن، ئەو وێنایەش زۆر جار ژنانیش باوەڕیان پێی دەبێت. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵە جێندەرییەکان  تێکدەشکێن و دووبارە دادەرێژرێنەوە. بۆیە کارکردن لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵایەتی،  لەسەر بنەمای  تێکشکاندنی ڕۆڵە جێندەرییە نەریتییەکان  کە بە پێی ڕەگەزەکان سازکراون  و توانای مرۆڤ، بەتایبەت ژنان، سنوردار و بەرتەسکدەکەنەوە، دواتر داڕشتنەوەیان بەپێی جیاوازیی  تاکایەتی و توانا و بەهرەی تاکەکان، وەک ئەندامێکی کارای کۆمەڵ، نەک وەک ڕەگەزێکی دیاریکراو.

7- کارکردن بۆ بەکاڵانەکردنی سێکس لە فیلمی کوردیدا، بۆ ئەوەی سێکس نەکرێتە تەوەری سەرەکیی، لەبەرانبەریشدا ڕەخنەگرتن لەو پیاوسالارییەی لە فیلم و سینەمای کوردیدا دەردەکەوێت و دواتر دەبێتە نەریت و لەناو تاکی کوردستانیدا ڕەنگدەداتەوە.

8- لەناوەندی بڕیاری میدیایی و سیاسەتی میدیاییدا دەبێت گرنگی بە ڕۆڵی ژن بدرێت و لە پەراوێزدا نەمێنێتەوە و بچێتە ناوەندی بڕیارەوە، تا لەوێوە گوتاری میدیایی بتوانێت باڵانسی جێندەری بپارێزێت. ژن وەک خۆی، نەک وێنەیەکی ساختەی، ببینرێت.

 

لیژنەی نوسینەوەی پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی شەشەمین کۆنفڕانسی دابڕان و چوارەمین کۆنفڕانسی فێمینزمی ڕۆشنگەری
٢٨-١١-٢٠٢١
 سلێمانی

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.