سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئاوڕ لە قوربانییەكی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی دەدرێتەوە

02/12/2021


دوای ئەوەی دادگای فرانكفۆرت سزای زیندانی تاهەتایەی بەسەر عێراقییەكی داعشدا سەپاند، بە تۆمەتی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان و كوشتنی كچێكی پێنج ساڵە، خانەوادەی ئەو كچە قوربانییە خۆشحاڵی خۆیان بۆ سزادانەكە دەربڕی و پێیان وایە ئەوەی رویدا ئاوڕدانەوە و داننانێكی گرنگ بوو بە تاوانێك كە ساڵانێكە دنیا لێی بێدەنگە.

تەحسین تەها یەكێك لە كەسوكارانی (نورا) دایكی ئەو كچە ئێزدییەی لە 2015 كوژرا، ئێستا لە ئەڵمانیایە بۆ شایەتیدان لە كەیسەكە، كەسوكارەكەشی لە كەمپێكی پارێزگای دهۆكن، تەحسین تەها وتی، هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەن بەهۆی دەرچوونی سزای سەر تەها جومەیلی تیرۆریست.

زیاتر وتی، نورا لەبەردەم دادگا ئەڵمانییەكە شایەتی لەدژی جومەیلی و جینیفەر فینیش، هاوسەرە ئەڵمانییەكەی پێشوی دا بەهۆی كوشتنی كچە شیرەخۆرەكەیەوە، بۆیە دادگاكە ئەوانی بە كوشتنی رانیای تەمەن پێنج ساڵە تۆمەتبار كرد و بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم دا، كاتێك زیندانی تاهەتایەی بۆ جومەیلی و زیندانی 10 ساڵی بۆ هاوسەرەكەی بڕییەوە.

تەها رونیكردەوە، رێكخراوی یەزدا رۆڵی گەورەی لە یارمەتیدانی نورا هەبوو بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا لە كەمپی قادیاوە لە دهۆك، بۆ ئامادەبونی لەو دادگایە و پێشكەیشكردنی بەڵگە و نوسراوی پێویست بۆ دادگاكە لەدژی جومەیلی و هاوسەری پێشوی.

لەو كاتەی تا ئێستە هەزاران چەكداری داعش لە زیندانەكانی عێراقن و لەبەر هۆكاری نادیار دادگایی ناكرێن، تەحسین تەها داوای لە حكومەتی عێراق كرد كە دادگایی بۆ چەكدارانی داعش ساز بكات، لەوانەی تاوانی كۆمەڵكوژییان لەدژی ئێزدییەكان ئەنجام داوە، بە هاوشێوەی دادگا ئەڵمانییەكە.

نورای دایكی رانیای پێنج ساڵە، لەبەردەم دادگایەكی ئەڵمانی لە شاری میونخ، چیرۆكی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی كچەكەی و نەهامەتییەكەی گێڕایەوە، كاتێك لە 2015 لە شاری فەلوجە سەر بە پارێزگای ئەنبار لە عێراق بە زنجیر بە روی دەرەوەی پەنجەرەی ماڵی ئەو داعشە هەڵواسرا و بەهۆی بەرزی پلەی گەرما و تێنوێتی گیانی لەدەست دا. 

دوای ئەوەی چەكدارانی داعش لە 2014 هاوسەری نورا دەكوژن، خۆی و منداڵەكانی لەلایەن تەها جومەیلییەوە وەك بەندە و كەنیزەك دەبردرێن، بۆیە ئەوەی لە ئەڵمانیا كرا، وەك یەكەم دادگایی لەو جۆرە لە دنیا، كە تاوتوێی دۆسیەی ئەندامێكی داعش و تۆمەتباركردنی بە كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان و بەكۆیلەكردنی كچێكی بچوك و دایكی و دوای ئەوە كوشتنی كچەكە كرا، وەك راپۆرتێكی كەناڵی "یۆرۆ نیوز"ی ئەوروپی باسی كردوە.  

دادگای فرانكفۆرت لە ئەڵمانیا سزای زیندانی تا هەتایەی بەسەر ئەندامێكی رێكخراوی داعشی بە رەگەز عێراقی سەپاند، بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی كۆمكەڵكوژی لەدژی كوردانی ئێزدی، وەك یەكەم سزای گرتن لە دنیا بەو ناوە، تاوانبار ناوی تەها جومەیلی 29 ساڵ بوو، لە 2013 پێوەندی بە داعشەوە كردوە، تاوانی كۆموڵكوژی و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی و بازرگانیكردن بە مرۆڤ درایە پاڵ.

داواكاری گشتی رایگەیاند كە جومەیلی و جنیفەر وینیش، هاوسەرە پێشووە ئەڵمانییەكەی، لە 2015 ئەو كاتەی لە موسڵ بون، ژنێك و منداڵێكی ئێزدیان وەك بەندە كڕیوە، دواتر چونەتە فەلوجە، جومەیلی بەوە تاوانبار كراوە كە كچە پێنج ساڵەكەی بە زنجیر بە دەرەوەی پەنجەرەی ماڵەكەی بەستوەتەوە لە پلەی گەرمی زیاتر لە 50 پلەی سەدی و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

هەرچی وینشی 30 ساڵە، لە دادگاییكردنێكی جیاواز لە تشرینی یەكەمی رابردوو بە تۆمەتی تاوان لەدژی مرۆڤایەتی و بەكۆیلەكردن و یارمەتیدان لە كوشتنی كچەكە و یارمەتی نەدانی، بلە 10 ساڵ زیندانیكردنی سزا درا، دایكی منداڵەكەیش (نورا)، كە چەندان جار لەسەر دەستی ئەندامانی داعش دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر، لەبارەی ئازاردانی كچەكەی لە دۆسیەكە شایەتی داوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.