سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

توندوتیژی پێشێلكردنی مافی مرۆڤە

02/12/2021



جیلان ریاز

توندوتیژی پێشێلكردنی مافی مرۆڤە، لێرەدا توندوتیژیەكە لەسەر بنەمای ڕ‌ەگەزییە، بۆیە بڕ‌ەكەی زۆرتر دەبێت، چونكە بەرپەرچدانەوە لاوازە بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانە.

هەروەها چەند فۆرمێكی وەرگرتوە، لە نێو هەندێك خێزاندا دەبینین مافەكان لە ئافرەت دزراون، یان دەستدرێژی دەروونی لەڕ‌ووی سۆزدارییەوە، لاقەكردنی دڕ‌ندانەی كچان (منداڵان) بە شێوەیەك لە خودا ناترسێت چجای یاساكان. دەستدرێژیكردن بە بەرچاوی خەڵكەوە، تاوانەكانی هەندێكیان ڕ‌ادەگەیەنرێن و زۆربەشیان بە بیانووی نەریتە هەڵەكانی شەرەف لە نێو خێڵەكاندا دادەپۆشرێن و ناوێرن باسیان بكەن و یاساش هەر لە دوورەوە لێیان دەڕ‌وانێت. كاری زۆرەملێ و كردارە سێكسییەكان بە هیچ جۆرێك لەگەڵ مافەكانی ژنان نایەنەوە.

بەشێوەیەكی گشتی توندوتیژی لە ناو كۆمەڵگا و لە ناو دامەزراوە دەوڵەتییەكاندا و لەهەر شوێنێك هەیە كە ژنانی لێبن بۆ بازرگانیكردن بەجەستەیانەوە بێگوێدانە لایەنی دەروونی و سۆزداریان.

توندوتیژی لە پشت پەردەی بەرپرسانەوە، كەسێك نییە زللەیەكیان لێبدا بۆ ئەوەی مێشكیان بۆ بگەڕ‌ێنێتەوە، لەوڵاتی ئێمەشدا "عێراق" بارودۆخەكە دوای جەنگ خراپتر بوو، لەهەموو ململانێیەكی خێڵەكیدا یان لە نێو حیزبەكاندا، ژنان بە بارمتە گیراون و قوربانی و كەرەستەی ئاڵوگۆڕ‌ن. فڕ‌ێنراوی دەستی داعش و گروپە چەكدارەكانن، قوربانی بەزۆر بەشوودان و چەندین شێوەی دیكەن.

نابێت خۆمان نادیدە بگرین لە ‌‌‌‌حاڵەتەكانی هەڵخەڵەتاندنی سۆزداری ژنان لە نێو خێزان و دۆستان و پەیوەندیە نهێنیەكان كە زادەی گفتە درۆینەكانن، لێرەدا لە ڕ‌ووی دەروونی و جەستەییەوە زیانیان پێدەگات و لەترسی ناوزڕ‌اندنی كەسوكار یان ئەنجامدەرەكە بێدەنگیی لێدەكرێت. هەموو ئەمانە بە كورتی بەو هۆكارەیە كە هۆشیاری و لایەنە كۆمەڵایەتی و دەوڵەتیەكان لە مەترسی ئەم بابەتە ئاگادارنین .

ئێمە كە لێرە و لەوێ دەربارەی مافەكان دەدوێین و دەنوسین، پێویستە لە نزیكترین خاڵەوە، لە ماڵەكانمانەوە دەستپێبكەین، كچان لە تەمەنێكی كەمەوە فێری مافەكانیان بكەین، فێریان بكەین دەستدرێژی چییە و چۆن بەرگری لەخۆیان بكەن و بێدەنگ نەبن و لە باسكردنی ئەوە نەترسن كە بەسەریاندا هاتووە.

(ئەگەر نەتەوەیەك خوازیاری ئایندەیەكی سەركەوتو و ئاشتی بێت بۆ وڵاتەكەی، دەبێت لە نێوان ژن و پیاودا یەكسانی فەراهەم بكات).

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.