سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لەبارەی پەلامارە تیرۆریستییەكەی كوڵەجۆوە

02/12/2021



تەحسین تەها چۆمانی‌

بەردەوامیی پەلامارەكانی داعش لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەشی نزیكن لە سنووری هێزە عیراقییەكان، دیسان پشتڕاستی ئەوە دەكاتەوە كە تیرۆر لە عیراقدا هێشتا مەترسییەكی جدییە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی ناوچە دوورەدەستەكان و هێزە ئەمنییەكان.

پەلامارە تیرۆریستییەكان لەژێر هەر ناوێكدا بن، پاشماوەی داعش بن یان گروپی نوێی چەكداریی، مەترسین لەسەر ئاسایش و ئارامی عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوو هێندەی شەڕی بەرەیی داعش تا بەر لە رووخانی مەترسیدارترە، ئەوكات تا رادەیەكی زۆر روون بوو، كە پێگەكانی داعش لە كوێن و هێڵی هێرشكردنیان كوێیە، بەڵام ئێستا ئەمە روون نییە، ئەمەش ئەركی هێزە ئەمنییەكانی قورستر كردووە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لەماوەی 11 مانگی رابردوودا، داعش زیاتر لە 170 هێرشی تیرۆریستی كردووە، ئەم ئامارە جێی نیگەرانییە، ئەگەرچی بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی ئامارەكان كەمترە، بەڵام قسەكە لەسەر كەم و زۆری نییە، بەڵكو مانەوەی پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەكانن وەك هەڕەشەیەكی بەردەوام.

رووداوەكەی شەوی یەكشەممە، كە بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە لە كوڵەجۆ شەهید بوون، وا دەخوازێت دووبارە وەزارەتی پێشمەرگە هەڵسەنگاندنەوەیەكی وردی ئەمنی بۆ دۆخی ئەو ناوچانە بكات، ئەمە جگە لەوەی كە دەبێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر بەغدا بۆ هەماهەنگیی راستەقینەی كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی داعش و تیرۆریستان و نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی.

لە ماوەی رابردوودا، زۆرترین ئەو پەلامارانەی داعش و تیرۆریستان دەیكەنە سەر هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان، وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە بووە، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، كە تیایدا تیرۆر وەك میكرۆب گەشە دەكات، چارەسەری بنەڕەتی بۆ نادۆزرێتەوە؟ كە ئەمە ناكرێت، بێگومان پەرێزەكە بۆ تیرۆریستان زیاتر لەبار دەبێت، بۆ ئەوەی خۆیان ساز و ئامادە بكەن بۆ هەر پەلامارێك كە بە خەیاڵی هێزە ئەمنییەكاندا نایەت.

پلانی خۆ قایمكردن لە سەنگەرەكاندا، هیچ كاتێك ئەو مەترسییە ناڕەوێنێتەوە كە لە ئارادایە، كە باس لە چارەسەری بۆشایی ئەمنی دەكەم، مەبەستە سەرەكییەكە ئەوەیە كە سەنگەرەكان باشترین شوێنی نیشانە لێگرتنن، بەو مانایەی تۆ كاتێك بە ئامانج دەگیرێیت ناتوانیت وەك پێویست بەرگریی لە خۆت بكەیت، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت سەنگەرەكانمان پارێزراو بن، پێویستە دڵنیاییەكی تەواومان لەسەر دەوروبەری سەنگەرەكان هەبێت، بێ ئەوە مەترسییەكان كۆتاییان نایەت و ئەگەری دووبارەبوونەوەش چەندین هێندە زیاتر دەكەن.

شەڕی گروپە تیرۆریستییە پەڕاگەندەكان لە سنووری ناوچە دابرێندراوەكان، شەڕی دەستەو یەخە نییە، پەلاماردانێك نییە كە ئاراستە و شوێنی دیاریكراویان هەبێت، ئەوان وەك رابردوو شەڕی بەرەیی ناكەن، بەڵكو لە رێی گروپی دوو تا پێنج كەسی، واتە بچوك و مامناوەند بە چەندین شێواز و تاكتیكی نوێ وەك كردەوەی خۆكوژی، دانانی بۆمب، نیشانەگرتن بە قەناس، دانانی بۆسە لەسەر جادە دوورەدەستەكان، پەلاماری هێزە ئەمنییەكان دەدەن، كە ئەمە هەیە، واتە مەترسییەكانیش هەمیشە لەئارادان.

بە كورتی، پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی، دەبێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان ئەولەویەتی یەكەم بێت، چارەسەرە بنەڕەتییەكە لە هەموو ئەو شوێنانەی بوونەتە مۆڵگەی تیرۆریستان، بێ ئەوە سەنگەر و ساترەكان هیچ كاتێك پارێزراو نابن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.