سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەودیوی فاكتەرەكانی توندوتیژیی دژی ژنان !

02/12/2021



بەرزان عوسمان


وام دانابو مانگانە وتارێك بنوسم، بەڵام روداو و قەیرانەكانی جیهان و ناوچەكە و عێراق و كوردستانی لەمەڕ خۆمان هێندە زۆرن كە هەمو سەعاتێك بابەتێك  بنوسرێت هەر تەواو نابێت. ئەمڕۆش هەر پەیوەستە بە شانزدە رۆژەی   بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كە نەتەوە یەكگرتوەكان لە ١٧ی دیسامبری ١٩٩٩ەوە بەرەسمیی بڕیاری لەسەر داوە وەك رۆژێكی جیهانیی بۆ رێزگرتن لە مافەكانی ژن وەك مرۆڤ و رێگرتن لە توندوتیژییەكان بەرامبەر بە ژنان هەر لە توندوتیژیی خێزان، دەستدرێژیی سێكسیی، لێدان تا دەگاتە بە سوك و كەم سەیر كردنی و جیاوازیی لە كرێی كاركردنیان.  

بە كورتی بیرۆكە و هەوڵ و خەبات بۆ رێگرتن لەم توندوتیژییە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٠ لەكاتی تێرۆری وەحشیانەی چالاكوانانی سیاسیی  (خوشكانی میرابال) بە فەرمانی ڕافاییل تروخیلۆ دیكتاتۆری دۆمۆنیكان تا چالاكوانانی ژنان لە ئامریكای لاتیین و دەریای كاریبی ٢٥ی نۆڤامبریان دیاریكرد  بۆ ئەم رۆژە. 

لەو كاتەوە  بۆ ماوەی شانزدە رۆژ هەوڵەكان بە هەمو شێوازێك چڕ دەكرێنەوە  بۆ  هوشیاركردنەوەی خەڵك و دەسەڵات و هێزە سیاسییەكان و ناوەندە كۆمەڵایەتییەكان تا سنورێك بۆ ئەم دیاردە و نەریتە دابنرێت و بننبڕ بكرێت. لە عێراق و كوردستانیش هەمو ساڵێك ئەم رۆژە تایبەت دەكرێت، كۆڕ و سیمیناری و چالاكیی هوشیاركردنەوەی دەسەڵات و كۆمەڵ و ناوەندەكانی بڕیار بە شێوازی جیا جیا رێك دەخرێن. 

بە بڕوای من رێزگرتن لە مرۆڤ و مافەكانی لەو نێوەشدا رێزگرتن لە كچان و ژنانی كۆمەڵ پەیوەستە بە بیركردنەوە و كەڵچەر و ئاستی وشیاریی رەفتاری هەر مرۆڤێك خۆی بەرامبەر بە ژنەكەی، كچەكەی، خوشكەكەی، كچان و ژنانی  هاوكاری لە ئیش و كارەكانیدا، تەنانەت لەسەر شەقام گەڕەك و شوێنە گشتییەكانیشدا. جاری واهەیە كەسێك لە پێشكەوتوترین وڵات لەدایكبوە و ژیاوە و بەرزترین خوێندنیشی تەواو كردوە، لە ناودارتری زانكۆش مامۆستایە كەچی  روانینی بەرامبەر بە ژن وەك نەخوێنەوار و نەزانێكی نێو جەنگەڵەكانی شارستانیی نەدیوە، كەسێكی تریش لە نێو گوندێكی دورە دەست و جادەیشی نەدیوە كەچی روانین و مامەڵەكردنی لە تەك ژناندا زۆر پێشكەوتنخوازانە و مرۆڤ دۆستانەیە. 

بۆیە رێزگرتنی ژن، رێگرتن  لە توندوتیژیی بە بەیاننامە و قسەی زلی نوسین و سەر شاشەكان نیە، بەڵكو بە كردار و هەڵس و كەوتی رۆژانە بەرجەستە دەكرێت. لای خۆمان بە بڕوای من ئەگەر رەها نەبێت تەنیا سەرۆك مامجەلال راستی  ئەكرد  بۆ رێزگرتن لە مافەكانی ژن و پاراستنیان لە توندوتیژیی. 

لە ٢٥ی نۆڤامبردا بەیاننامە و لێدوانی لێپرسراوان تەنانەت پیاوانی ئاینیش بە یەكتر دەڵێن بڕۆ بەولاوە كەچی رۆژ نیە توندوتیژییەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە  دژی ژنان و كچان نەبینین و نەبنە روداوی رۆژ. هەر لە كوشتنی شەرەف، دەستدرێژی، روتكردنەوەی سەرشاشەكان و باڵاپۆشكردنیان بۆ مەرامی جیاجیای  بازرگانیی و سیاسیی و موزایەدەی ئاینیی، تا دەگاتە بەشودانیان لە خوار تەمەنی  هەژدە ساڵیی، خراپ مامەڵە كردنیان و لێدانیان. 

هەقە وەختێك لێپرسراوێكی حكومی یا سەركردەیەكی سیاسیی قسە بكات لەسەر رێزگرتن لە مافەكانی ژن و ڕێگرتن لە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان كە سەرتاپای قانونەكان لەبەرژەوەندیی ژناندا بن. زۆر سەیرە كاكی ئەفەندیی، كاكی مێزەر بەسەر و ریشدار لەم رۆژەدا قسە فڕێ دەدەن كەچی لە دادگاكان كچی خوار شانزدە ساڵ مارە دەكرێت، كەچی بەئاشكرا ئەو دەقانەی ئاینی ئیسلام پەیڕەو دەكرێن كە بێ هیچ شەرم شاردنەوەیەك بانگەشە بۆ چوار هاوسەریی دەكەن، مافەكانی لە میراتدا كەمترە لەهی پیاو، ئەوە زەقترینیانە و ناچمە ناو وردەكاریی و زوڵمە  زۆرەكانی تری ئایین بەرامبەر بەژن. پێم مەڵێن ئەو ڕێگرتنەی توندوتیژیی بەرامبەر بەژن مەبەستی هەموو جیهانە تەنیا ئێرە نییە!، بەڵێ وایە هەر لە چركەیەكدا سێ ژن دەستدێژییان دەكرێتە سەر لە جیهاندا، بەڵام وڵاتانی   پێشكەوتو و شارستانیی قانونەكانیان ئەگەر سەرلەبەری لە بەرژەوەندیی ژنیشدا نەبێت بە تایبەت لە كرێی كاركردندا، ئەوا زۆربەی هەرە زۆری بەقازانجی ژنانە، وەی لەحاڵی ئەوەی مافی سەرەتایی ژن پێشێل بكات. بۆیە تا  قانونە مەدەنییەكان  بەقازانجی ژنان و كچان نەبن، تا تەواوی دەقەكانی ئاینی ئیسلام دەرهەق بە ژن هەڵنەپەسرێن و جیا نەكرێنەوە و پەك نەخرێن و دور نەخرێنەوە لە ژیانی مەدەنی كە ئەوانە فاكتەری سەرەكیی ئەودیوی توندوتیژییەكانن، ئەوا هەر قسەكردنێك لەسەر رێگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان فارس وتەنی ئەرزشی   نییە و بایی پولێكە. ئەوە قانونەكانن دەبنە زامنی رێگرتن لەو توندوتیژییانە، نەك بەیاننامە و هەڵپەڕكێ و خەڵات دابەشكردن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.