سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بارودۆخی ئایینیی كوردستان بەر لە دەركەوتنی ئایینی ئیسلام

02/12/2021



كەیوان ئازاد

دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی مانی

ئەم ئایینە یەكێك بوو لەو ئایینانەی بە شێوازێكی خێرا و بەربڵاو بە كوردستاندا بڵاو بووەوە. بڵاوبوونەوەشی بۆ دەركەوتنی (مانی كوڕی پاتك/ 216-277ز) دەگەڕێتەوە كاتێك لە ساڵی (241ز) بانگەشەی هاتنەخوارەوەی سرووشی كرد و خۆی وەك دوایەمین پەیامبەرانی خودا ناساند. ئەو ساڵەش هاوكات بوو لەگەڵ كۆچی دوایی (ئەردەشێر كوڕی بابەك) دامەزرێنەری ئیمپراتۆڕیی ساسانی، كە زۆر هۆگری ئایینی زەردەشتی و نەیاری ئایینەكانی تر بوو.

بە كۆچی دوایی پادشای ساسانیش، كۆتایی بەو گەشتەی هێنا، كە بۆ ناوچەكانی خۆرهەڵات و نیمچە دوورگەی هیند، ڕێكی خستبوو، بۆیە بەرەو پایتەختی ئیمپراتۆڕیی ساسانی گەڕایەوە، تا پشتیوانیی (شاپووری یەكەم/ 242-272ز) دووەمین پادشای ساسانی بۆ قبووڵكردنی ئایینەكەی وەربگرێت. لە گەڕانەوەشیدا، بە مەڵبەندە كوردنشینەكانی وەك (پارس، خوزستان، لورستان، شارەزوور، كرخینی، ئەربێلا، جزیرە، نوسێبین) تیپەڕی و پەیڕەوانی بۆ ئایینەكەی پەیدا كرد.

دوای گەیشتنی (مانی)ش بە شاری (تەیسەفون)ی پایتەخت و دیداری لەگەڵ پادشای ساسانی، كاری لە (شاپووری یەكەم) كرد و توانیی لە ساڵی (242ز) پەیامەكەی وەك ئایینی فەرمیی دەوڵەتەكە قبووڵ بكات. هەروەها دەرفەتی پێ درا كار بۆ بڵاوكردنەوەی بكات. بۆ ئەو مەبەستەش، چەند گەشتێكی بۆ ویلایەتەكانی (ئەدیابێنێ، ئەكباتانا، ئاوسروێنێ)ی سنووری ئیمپراتۆڕیی ساسانی ئەنجام دا و كۆمەڵانی خەڵكی بۆ ئایینەكەی بانگهێشت كرد.

ئەوەیشی ڕۆڵی لە زوو باوەڕهێنانی پێكهاتەكانی نێو ئیمپراتۆڕیی ساسانی، لەوانەش كورد، گێڕا، كە هەرچی زووە باوەڕ بە ئایینەكە بهێنن، باوەڕهێنانی پادشای وڵات بوو بە ئایینەكە. هەروەها ئەو بانگەشانە بوو كە (مانی) وەك پەیامبەری ئایینەكە كردی، لەوانە بانگەشەكردن بۆ ئەوەی دوایەمین پەیامبەری خودایە و پەیامەكەی ڕاستترین و پاكترین و دوایەمین ئایینی مێژووی مرۆڤایەتییە.

هەروەها لەو گەشتانەشی لە وەرزەكانی (بەهار و هاوینی) ساڵی (242ز) ئەنجامی دا، سەردانی چەندین گوند و شاری كوردنشینی كرد. لەوانە سەردانی شاری (كرخ سلوخ) كرد (دوو) ڕۆژ لێ مایەوە. دواتر چووە شاری (ئەربێلا) و (سێ) رۆژ لێی مایەوە. بەدوایدا سەردانی شارەكانی (نەینەوا، ڕوها، نوسێبین) و هەروەها (مەراغە، كەنگاوەر، حولوان)ی كرد و باوەڕی بەشێكی دانیشتوانەكانی بەدەست هێنا.

چەندین نامەشی بۆ خوێندكار و پەیڕەوانیشی لەو شارانە نووسی، تا بە بەردەوامی ئەرك و بنەما و داواكانی ئایینەكەی بۆ پەیڕەوانیان ڕوون بكەنەوە و لە بڵاوكردنەوەی درێغی نەكەن. هەروەها خودی (مانی) سەردانی هەر شار و شارۆچكە و گوندێكی كردبێت، یان لە ڕێگای هاوەڵ و خوێندكارەكانییەوە، كاری بۆ بڵاوكردنەوەی ئایینەكەی كردبێت، بایەخ و پێگەی خۆی لەنێو پەیامبەرانی پێش خۆی و پەیامەكەشی لەنێو پەیامەكانی پێش خۆی خستبووە ڕوو. ئەوەش وای كردبوو، زیاتر بچێتە ناو خەڵك و باوەڕی پێ بهێنن.

بایەخ و گرنگیی ئەم ئایینەش لای ئەو مەڵبەندە كوردنشیانە تەنیا باوەڕهێنان نەبوو بە ئایینێكی نوێ و سوودوەرگرتن لە پەیامێك، كە دەسەڵاتداری ساسانی باوەڕی پێهێنابێت، بەڵكوو كۆمەڵی كوردەواری لەو قۆناغەدا ئامانجی وەرگرتنی پەیامێك بوو كە پەیامبەرەكەی لەنێویاندا بێت و وەڵامی پرسیارەكانی ڕۆژیان بداتەوە. سەرەڕای دووركەوتنەوە لەو چەندین ئایین و بیروباوەڕانەی، یەكێتیی ڕۆحیی كۆمەڵگەی ئەو سەردەمەیان بەرەو پەرتەوازەیی و پەشێوی بردبوو.

هەروەها دووركەوتنەوەیان بوو لەو كۆت و بەندە بەردەوام و بێ سنوورەی، مووغەكانی زەردەشتی بۆ سەر پەیڕەوانیان دروستیان كردبوو. بەتایبەت لەنێو توێژی (بازرگان، كاسبكار، پیشەوەر، جووتیار)ی ناوچە كوردنشینەكاندا. لەم بوارەدا بازرگانان و پیشەوەرانی شارەكانی (ئەربێلا، كرخ سلوخ، ڕوها، نوسێبین، ئەكباتانا، كەنگاوەر، حولوان) لە پێشەنگی یەكەمین باوەرهێنەرانی ئایینەكە بوون و پشتیوانییان لێ كرد.

ئەم دۆخەش تا ساڵی (252ز) مایەوە، چونكە لەو ساڵە بەدواوە (شاپووری یەكەمی ساسانی) وازی لەو ئایینە هێنا و پشتی تێكرد و بۆ ئایینی زەردەشتی گەڕایەوە. بەوەش ئەوانەی باوەڕیان بەو ئایینە هێنابوو، بوونە هاووڵاتیی پلە دوو و وەك پێشوو مافی دامەزراندن و پاداشتیان نەما. بەپێچەوانەوە، دووچاری سزا و كاردانەوەی توندی بەرپرسانی ساسانی بوونەوە. لەم دۆخە سیاسییە نوێیەشدا، لاپاڵی چیاكانی كوردستان بوونە یەكەمین وێستگەی داڵدەدانی (مانی) و باوەڕدارانی و دەربازكردنیان لە دەست بەرپرسانی ساسانی.

ئەمەو جگە لەوەی، فشار و چاودێریكردن و ڕاوەدوونان، مانییەكانی كوردستانیشی گرتەوە، بۆیە بڵاوبوونەوەی ئایینی مانی دوای ساڵی (252ز) لە كوردستاندا سنووردار كرا و باوەڕهێنان پێی بە قۆناغی نهێنیدا تێپەڕی.

كاتێكیش، بەتایبەت دوای ئەوەی (مانی) لەسەر فرمانی (بارامی یەكەم/ 273-277ز)و لەژێر كاریگەریی (كەرتیر)ی مووغی گەورەی زەردشتییەكان لەخاچ درا و دوای گورینی پێستەكەی، سەری لە لاشەی جیا كرایەوە و بە دەرگای شاری (جوندیشاپوور)ەوە هەڵواسرا، بەمەش فشارێكی توندتر كەوتە سەر پەیڕەوانی و بڵاوبوونەوەشی لە كوردستاندا بەرتەسك بووەوە.

بەم شێوەیە ئایینی مانی، تا دەركەوتنی ئایینی ئیسلام سەرباری فشاری زۆری ساسانییەكان، وەك یەكێك لە ئایینەكانی سەردەمەكە مایەوە و بوونی خۆی سەلماند. ئەمەو سەرباری چاودێریی توندی بەرپرسانی ساسانی لەسەریان، لەسەر باوەڕەكەیان مانەوە و كێبركێیان لەگەڵ ئایینەكانی (ئێزدی، كاكەیی، جوو، زەردەشتی، مەسیحی، مەزدەكی) كرد.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.