سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

حزبی "نور"ـی سەلەفی لە میسر

17/02/2017


ئا: ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی دابڕان

هەرچەندە سەلەفیەكان لە سەرانسەری جیهاندا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە دژی حزبایەتی و دەستوەردانن لەكاروباری سیاسەت، بەڵام لە میسر ئەم ڕێچكەیە دەشكێنن و حزبێك بەناوی "حزبی نور" دادەمەزرێنن!.

حزبی نور
"نور" حزبێكی سەلەفیی میسرییە. باڵی سیاسی رەوتی "بانگخوازیی سەلەفی"ـیە و دوای شۆڕشەكەی مانگی یەنایەری ساڵی 2011ـی میسر كە بە لەسەركارلابردنی حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشوتری ئەو وڵاتە كۆتاییپێهات، حزبەكە دامەزرێنرا. "نور" ئامانجی جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامییە و كار و چالاكییە سیاسییەكانی لەو پێناوەدان.

دوای لەسەركالابردنی موبارەك و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە میسردا، حزبی "نور" توانی پێگەیەكی بەهێز بۆ خۆی دەستەبەر بكات و رێژەی لەسەدا22ـی كورسییەكانی ئەنجومەنی گەلی میسری لە 2011 – 2012 مسۆگەر كرد. بەڵام زۆری نەخایاند سەركەوتنەكانی ئەو حزبە روبەڕوی ململانێی ناوخۆیی و باڵباڵێن بوونەوە و سەرئەنجام بە لەیەكترازن و دابەشبوون و جیابوونەوەی بەشێك لە سەركردەكانی كۆتایی پێهات.

ناكۆكی و جیابوونەوە لە ریزەكانی حزبی "نور"ـدا
"نور" لەلایەن عیمادەدین عەبدلغەفور یەكێك لە رابەرانی رەوتی بانگخوازیی سەلەفییەوە دامەزرێندرا. بەڵام لە ساڵی 2012ـدا، حزبەكە دوچاری ململانێیەكی توند بووەوە كە لەنێوان دوو باڵی سەركردەكانیدا سەریهەڵدابوو. ئەوەبوو پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكەی حزبەكە كە لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی 2012ـدا بەڕێوەچو، ناكۆكی و ململانێی نێوان باڵەكان گەیشتن بە ترۆپك و ژمارەیەك لە سەركردە و كادرانی حزبەكە، بەرەیەكیان پێكهێنا بەناوی "بەرەی چاكسازی حزبی نور" كە داوایدەكرد "حزبی نور" لەڕوی كارگێڕییەوە لە "بانگخوازیی سەلەفی" جیابكرێتەوە.
ناكۆكی نێوان سەركردەكانی "نور" بە پێكهێنانی بەرەی دژەوە نەوەستانەوە، بەڵكو كارگەیشت بەوەی لە كۆتایی مانگی سێپتەمبەری ساڵی 2012ـدا، دوو دەستەی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی حزبەكە پەیدابوون. كە دەستەیەكیان لەلایەن (ئەشرەف سابت)ـەوە سەرۆكایەتی دەكرا و بڕیاریدابوو (عیمادەدین عەبدولغەفور) لە سەرۆكایەتیكردنی حزبەكە لاببردرێت و (موستەفا حوسەین خەلیفە)ـی وەك جێگرەوەی ناوبراو دەستنیشانكرد، تا وەك سەرۆكێكی كاتیی حزبەكە بەڕێوەببات.
لەبەرامبەریشدا دەستەیەكی تر بە سەرۆكایەتی عیمادەدین عەبدلغەفور بڕیاریاندابوو ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبی نور دەربكەن، لەوانە (ئەشرەف سابت) سەرۆكی دەستەكەی تری حزبەكە و (یونس مەخیون) سەرۆكی ئێستای حزبی نور. دەستەكە بڕیاریشیدابوو نادر بەككار لە پۆستی وتەبێژی فەرمیی حزب دووربخرێتەوە و هەڵبژاردنی ناوخۆیی حزبەكەشی هەڵوەشاندبووەوە.

يونس مخيون
بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و ناكۆكییانەش، "ئەنجومەنی ئەمیندارانی بانگخوازیی سەلەفی" هەوڵەكانی خستنەگەڕ و ئەوەبوو هەردوو باڵەكەی ئاشتكردنەوە و سەرئەنجام چەند بڕیارێك دران، لەوانە دووبارە بەخشینەوەی متمانە بە عیمادەدین عەبدلغەفور وەك سەرۆكی حزب. بەڵام زۆری نەخایاند ململانێ و ناكۆییەكان سەریانهەڵدایەوە و عیمادەدین عەبدلغەفور دەستی لە پۆستی سەرۆكی حزب كێشایەوە و لەگەڵ ژمارەیەكی تر لە سەركردەكانی حزبەكەدا جیابوونەوە. دوای هاتنەدەرەوەشیان لە نور، حزبێكی نوێیان بەناوی "حزبولوەتەن"ـەوە دامەزراند. باڵەكەی تریش (یونس مەخیون)ـیان بەبێ هەڵبژاردن و بە تەزكییە كرد بە سەرۆكی حزبی نور.

نور و كاری پەرلەمانی
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2015ـی میسردا، حزبی نور بەشداریكرد و توانی 12 كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكات. بەوەش بوو بە خاوەنی كوتلەیەك لە پەرلەمانی میسردا بەناوی كوتلەی نور و لەلایەن (ئەحمەد خەلیل خەیروڵڵا)ـوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

دوا هەڵبژاردنی ناوخۆیی نور
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هەڵبژاردنی ناوخۆیی لەناو ریزەكانی حزبی "نور"ـدا دەستیپێكردوە. بەگوێرەی زانیارییەكان، هەڵبژدارنەكە لە چوار قۆناغ پێكدێت و بڕیارە ماوەی سێ مانگ بخایەنێت و تیایدا هەڵبژاردن بۆ دەستەكانی حزب لە شارۆچكە و شار و پارێزگاكانی میسر دەكرێن. لە كۆتا قۆناغی هەڵبژاردنەكەشدا، دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی حزب هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنەكە بەشێوەیەكی نهێنی و دوور لە میدیا بەڕێوەدەچێت و كەمترین زانیاری لەبارەوە ئاشكرا دەكرێت. سەرباری ئەوەش، بەشێك لە ناوەندەكانی میدیا لە میسر، باس لەوە دەكەن كە یاسر بەرهامی یەكێك لە كەسە دیارەكانی ناو رەوتی بانگخوازیی سەلەفی، دەیەوێت ببێت بە سەرۆكی حزبی نور. بەشێكی تر لە سەرچاوەكانیش پێیان وایە یونس مەخیون كار بۆ ئەوە دەكات دووبارە بكرێتەوە بە سەرۆكی حزبەكە و نایەوێت لەم خولەشدا كورسی سەرۆكایەتی بەجێبهێڵێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.