سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

"حزبوڵڵا"ی لوبنان

17/02/2017


ئا: ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی دابڕان

هەرچەندە بە سەدان و هەزاران حزب و ڕێكخراوی سیاسی ئیسلامی لە وڵاتە ئیسلامیەكان و تەنانەت لە خۆرئاواشدا هەن، بەڵام هەندێك لەو حزبانە پاش ماوەیەك دەبنە حزبێكی چەكدار و دواتریش دەبنە هەڕەشەیەكی جددی لەسەر ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچەیەی تیایدا دامەزراون.
حزبوڵڵای لوبنانیش یەكێكە لەو حزبە ئیسلامیە شیعە مەزهەبانەی كە حزبێكی چەكدارەو لەدوای دامەزراندنیەوە بۆتە بەشێك لە كێشەی ناوچەكە.

 

حزبوڵڵا


"حزبوڵڵا" پارتێكی ئیسلامیی شیعەمەزهەبە و ساڵی 1982 لە لوبنان دامەزرێنراوە. بەڵام ساڵی 1985 چالاكییە سیاسییەكانی خۆی دەستپێكردوە. ئەم پارتە، لە هەناوی (بزوتنەوەی هیوا)ـی شیعەمەزهەبەوە هاتوەتە دەرەوە و دامەزرێنەرانی پێشتر لە سەركردەكانی (بزوتنەوەی هیوا) بوون.

دامەزراندنی حزبەكە
(بزوتنەوەی هیوا) ساڵی 1974 لەلایەن (موسا ئەلسەدر)ـەوە دامەزرێنراوە. ئەلسەدر بەرەگەز ئێرانییە و لە ساڵی (1928)ـدا لەدایكبووە. ناوبراو دەرچوی زانكۆی تارانە. ساڵی 1958 چوەتە لوبنان و ناسنامەی ئەو وڵاتەی بەدەستخستوە. (بزوتنەوەی هیوا) دوای ماوەیەك گۆڕدرابوو بۆ (هیوای ئیسلامی). دواتر ناكۆكی كەوتبووە نێوان سەركردەكانی بزوتنەوەكەوە. تا لە ساڵی 1982ـدا ژمارەیەك لە سەركردەكانی ناو بزوتنەوەی هیوای ئیسلامی،"حزبوڵڵا"ـیان دامەزراندبوو. ئەوانیش بریتین بوون لە محەمەد حسێن فەزلوڵڵا كە بە خومەینی ئێران ناسراوبوو، سوبحی توفەیلی، عەباس ئەلموسەوی، حەسەن نەسروڵڵا و ژمارەیەكی تر.

پەیكەربەندیی حزبوڵڵا
حزبوڵڵا لەڕوی پەیكەربەندیی رێكخستن و رێكخراوەییەوە، لە چەند ئۆرگانێكی سەرەكی پێكهاتوە، كە بریتین لە:-
•دەستەی سەركردایەتی
•ئەنجومەنی سیاسی
•ئەنجومەنی پلاندانان
•ئەنجومەنی نوێنەران
•كۆمەڵە جێبەجێكارەكان
•چەند دەستەیەكی راوێژكاری
•ژمارەیەك دامەزراوەی خزمەتگوزاریی كە لە بوارەكانی پەروەردە، كۆمەك و هاوكاری دارایی، تەندروستی و كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ چەكدارەكان كاردەكەن.

حەسەن نەسروڵڵا

 حەسەن نەسروڵڵا عەبدولكەریم نەسروڵڵا، ساڵی 1960 لە لوبنان لەدایكبووە. ساڵی 1976 بەمەبەستی خوێندن لە قوتابخانە ئایینییەكانی نەجەفدا، روی لەو شارەی عراق كردوە. پاشان گەڕاوەتەوە بۆ لوبنان و كراوە بە بەرپرسی بزوتنەوەی (هیوا) لە شارەدێی (بازورییە) كە سەر بە شارۆچكەی (سور)ـە. دواتر و لە ساڵی 1982ـدا ناوبراو بووە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكە. نەسروڵڵا ساڵی 1985 لە بزوتنەوەی (هیوا) جیابووەتەوە و پەیوەندی بە (حزبوڵڵا)ـەوە كردوە و كراوە بە بەرپرسی حزبەكە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان. ساڵی 1987 بە ئەندامی سەركردایەتی ناوەندی و دەستەی جێبەجێكاری حزبوڵڵا هەڵبژێردراوە. دوای ئەوەی (عەباس موسەوی) سكرتێری گشتی حزبوڵڵا لە ساڵی 1992ـدا لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر دەكرێت، حەسەن نەسروڵڵا بە سكرتێری گشتی حزبەكە هەڵدەبژێردرێت. ناوبراو لە دوو هەڵبژاردنی تریشدا كە لە ساڵەكانی 1993 – 1995ـدا لەنێو حزبوڵڵادا ئەنجامدران، بە سكرتێری گشتی حزبەكە هەڵبژێردرایەوە و تا ئێستاش لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە.

شەڕ و ناكۆكی نێوان بزوتنەوەی هیوا و حزبوڵڵا
دوای جیابوونەوەی بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی هیوا و دامەزراندنی حزبوڵڵا، ململانێی نێوان هەردو بەرەكە سەبارەت بە دەسەڵات و گرتنەدەستی ناوچەكانی لوبنان، سەریهەڵدا. زۆری نەخایاند هەردوولایەنەكە شەڕێكی خوێناوییان لەدژی یەكتر بەرپاكرد. سەرئەنجام حزبوڵڵا توانی زۆرێك لەو ناوچانەی پێشتر بەدەست (بزوتنەوەی هیوا)ـوە بوون، كۆنترۆڵ بكات. بەڵام شەڕی ساردی نێوانیان تا ئێستاش بەردەوامە و ناوبەناویش پێكدادانی چەكداریی لەنێوانیاندا ڕودەدات.

پەیوەندییەكانی حزبوڵڵا
حزبوڵڵا، بەهۆی بیروباوەڕە مەزهەبییەكەیەوە، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ وڵاتانی ئێران، سوریا و شیعەكانی عیراق، یەمەن، بەحرەین و وڵاتانی تردا هەیە. تەنانەت لق و پۆپی بەشێوەی فەرمی و نافەرمی لە ژمارەیەك لەو وڵاتانەدا هەیە كە بەشێك لە دانیشتوانەكانیان شیعەمەزهەبن. بەڵام، لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامییەوە بە تیرۆرست دەناسرێت، لەوانە: كۆمكاری عەرەبی، ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو و بەحرەین.

حزبوڵڵا و خۆرئاوا
لەسەر ئاستی خۆرئاوا، حزبوڵڵا لەلایەن بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكاوە خراوەتە خانەی تیرۆرەوە. ئەوەش رەگ و ریشەیەكی مێژویی هەیە و پەیوەستە بە پێكدادانی خوێناویی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل. هەروەها هێرشی چەكدارانی حزبەكە لە هەشتاكانی سەدەی رابردودا بۆسەر بارەگا و نوێنەرایەتییەكانی ئەمریكا و فەرەنسا لە لوبنان، كە بەهۆیانەوە سەدان سەرباز و كاربەدەستی ئەمریكی و فەرەنسایی كوژرابوون.

تواناكانی حزبوڵڵا لەروی سەربازییەوە
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، حزبوڵڵا 25000 چەكداری هەیە. بەشێك لەو چەكدارانە هاوشانی سوپای سوریا، لە شەڕی حكومەتی ئەو وڵاتەدا لەدژی گروپە چەكدارە سوننەكان بەشدارن و دەوترێت ژمارەیان لەنێوان 6 – 8 هەزار چەكدارن. لەروی چەك و كەرەستەی جەنگییشەوە، ئەو حزبە خاوەنی ژمارەیەكی زۆر موشەكی دورهاوێژ و دژە فڕۆكە و دژە تانك و دژە فڕۆكەهەڵگرە كە بە سەدان موشەك مەزەندە دەكرێن. زۆربەی چەك و تەقەمەنییەكانیشی دروستكراوی ئێران و روسیان.

حزبوڵڵا و ئیسرائیل
حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل، ناكۆكییەكی دەیان ساڵە كردونی بە دوژمنی سەرسەختی یەكتر. چەندین پێكدادانی سەربازییش لەنێوانیاندا ڕویانداوە، دیارترینیان هەردوو جەنگی 1982 و 2006ـن.

حزبوڵڵا و كاری سیاسی
لەدوای رێككەوتننامەی (ئەلتائیف)ـەوە كە ساڵی 1989 لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتوەكانی لوبناندا ئیمزاكرابوو، حزبوڵڵا بەشداری پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەی كردوە و لە هەڵبژاردنەكانی 1992-1996 و دواتردا بەشداری كردوە و رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.