سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

رانانێك بۆ كتێبی فەلسەفەی كانت لە نێوان سپینۆزا و هیگڵ دا

09/12/2021


كۆكردنەوەی سێ گەورە فەیلەسوف لە نووسینێكدا كارێكی ئاسان و بێئاڵۆزیی نییە، بەتایبەتیش لەنێو زمانی كوردییدا. چونكە، لەمێژووی فەلسەفەدا ئەو سێ ناوە بە كاریگەریی و وەرچەرخانێك لە بیری فەلسەفییدا دەناسرێنەوە. جێپەنجەی هەر یەكەیان لە پرسیار و وروژاندنی بابەتی هەستیار و پەیوەندیدار بە بواری ئایین، ئاكار و زانین و سیاسەتەوە، لە سەردەمی خۆیان و داوتریش جێی مشتموڕبووە. رەخنەكردنی بیری ئایینی/میتافیزیكی لای سپینۆزا بووەهۆی ئەوەی لای هاوئایندارەكانی كەسێتی روناكبیری تیرۆری بكرێت و لە جڤاكەكەی خۆی وەدەربنرێت.لێكدانەوەكانیشیلە بارەی سیاسەت و تیۆلۆجیا و فەلسەفەوە هەڵایەكی خستەوە كە تا سەردەمی كانت درێژەی هەبوو. هەروەها، بەجۆرێك دووچاری ناوزڕاندن و بەدلێكدانەوەو خراپ حاڵیبوون لەدەقەكان و بۆچوونەكانی بەسەر بەرەی نەیار- دژبەرو دۆست و هەوادارانیدا دابەشب بێت. لەوێوە 'سپینۆزایی' بوون كرایە نەیاری ئایین و بێباوەڕی.

بەڵام، ئەو ڕووداوە بەجۆرێك بووە وانەیەك بۆ 'كانت' كە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سپینۆزادا لە هەندێك جێی دەقەكانیدا بكەوێتەگفتوگۆ و ڕەخنەكردنی. كاریگەری كانت لە سۆنگە ڕەخنەییەكەوە جیێپەنجە لەسەر كۆی فەلسەفە بەجێدەهێڵێت و لە سێ بەرهەمی سەرەكی رەخنەییدا(رەخنەی ژیری پەتی، رەخنەی ژیری پراكتیك و ژیری بڕیاردان) رەنگدەداتەوە. كانت دەیەوێت سپینۆزا تێپەڕێنێت و خۆسی لە فەیلەسوفەكانی پێشخۆی دابڕێت.بۆیە، كارەكەیبە شۆڕشێكی كۆپەرنیكۆسانە لە فەلسەفەدا دادەنرێت. بەڵام پاش مەرگی كانت، كایەی فەلسەفە بەجۆرێك دووچاری تەنگەژەی كولتوری و سیاسی دەبێت بەجۆرێك مەیلی گەڕانەوە بۆ سپینۆزا سەرهەڵدەداتەوە و مشتومڕێكییتر لە ئەڵمانیادا سەرهەڵدەداتەوە. لەم بەستێنەشدا فەلسەفەی هیگڵ وەك ناوێكی ناسراو هەژموونی بەسەر فەلسەفەی ئایدیالیزمدا بەدەردەكەوێت. هیگڵ دەیەوێت ئەو كێشەفەلسەفیانەی لای كانت بەكراوەیی و نەبڕێنراوەیی ماونەتەوەو چارەسەربكات. لێرەوە، خۆی وەك ئەلتەرناتیڤی كانت دەنوێنێت و رەخنەش لە كانت دەگرێت.

لێرەوە، توێژەر دەیەوێت لەسۆنگەی 'كانت'ەوە، رەخنەكانی هیگڵ شرۆڤەو رەخنەبكات. بۆیە، خوێندنەوەو شرۆڤەكردنی فەلسەفەی رەخنەیی كانت لەنێوان دووجەمسەری فەلسەفیدا كە 'سپینۆزا و هیگڵ'ە، جۆرێك لەئالێنگاری توێژینەوەی لێكدەوێتەوە. چونكە، توانای راڤەیەكی نوێ بۆ كانت دەخاتە ئەستۆی توێژەر. شاراوەنییە كە كارو توێژینەوەی فرەجۆر لەسەر هەریەك لەو سێ فەیلەسوفە مەزنەكراوە. بەڵام، كۆكردنەوەی ئەو سێ فەیلەسوفەو بەمیتۆدێكی شرۆڤەیی بەراوردكاریی، تیشكێیكی نوێ دەخاتەسەر ئەو مشتوومڕەی لەو فەیلەسوفانە كەوتۆتەوە. ئامانجیش، ئاشناكردنی خوێنەری كوردە بە هەندێك لایەنی فەلسەفیی ئەو بابەتە.

ئەم كتێبە لە نوسینی د.نەوزاد جەمال
چاپ و بڵاوكردنەوە/ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.