حامد عبدالصمد
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بابان حەمە
لە ئاین و مەسەلە فیقهی و شەرعییەكاندا، شتێك هەیە ناوی (ڕیایی) یە، كە سی ڕیاباز یاخود ڕیاكار وەك تەمسیل نوێژدەكات و وەك خۆ نواندن و هەڵخەڵەتاندنی چاوی بەرامبەر پەرستش و خێر و نوێژ و ئەركە ئاینییەكانی وەك حەج و عومرەو ... تادوایی بەجێدەهێنێت .
ئێمە كارمان بەوەوە نییە كە ڕیاكار چۆنەو لە روی ئاینییەوە سزا و لێپێچینەوەكان و باقی تری شتەكانی تری چۆنەو چۆن نییە.. بەس كارمان تەنها بەوەیە كە بەو چەند دێڕەی سەرەوە بزانیین خودی ڕیاكاری چییەو چۆنە..
كەواتە زانیمان كەسی ڕیاكار ئاكت و تەمسیل و كردەوەو ئاكاری درۆینە دەخزێنێتە نێوان خۆی و خوداوە، بە مانایەكی تر كەسی ڕیاكار پەرستش و كاروكردەوەكەی بۆ خەڵكە نەك خودا..
لێكچوونێكی زۆر هەیە لەنێوان كەسی ریاكار و ئیسلامییە سیاسییەكان.. ئیسلام و ئاینی ئیسلام و ئاینپەروەری و ئایینداری، سروتێكی كەسی و نێوانەی تاكەكەس و خودایە .. وەك ئەو پەرستشەیە كە تەنها نێوانەی كەس و خودایە، كاری نییە بە رەوت و بزوتنەوەو باڵ و حزبی سیاسییەوە.. پەرستشێك ڕێك و ورد وەك ئەوەی (ئەبو حامیدی غەزالی) لە كتێبی (كیمیای بەختەوەری)دا لە زاری بەشیری حافی- ەوە بۆمان دەگێڕێتەوە دەڵێت: بۆ ئەبادان دەڕۆشتم هەر لە ڕێگا كەسێكی گەڕ و گولم بینی لەشێت دەچوو.. لەسەر زەوی كەوتبوو جەستەیی مێروو تێیدابوو دەیانخوارد، زۆر بەزەییم پێدا هاتەوە.. دەستم برد و سەریم بەرزكردەوە، هۆشی هاتەوە هۆش خۆی و ووتی: ئەوە چ ناكەس بەچەیەك خۆی هاویشتە نێوان من و خوداوە؟
ئەوەی ئیسلامی سیاسی و حزب و باڵ و رەوت و بزوتنەوەكانی دەیكەن، لە بەناو میانڕەوترینیانەوە تا چەكدارییەكان و تا دەگاتە وەحشیگەرترینیانەوە كە داعش-ە، جۆرێكن لە ئاكت و نواندن، جۆرێكی ترە لە پەرستش بۆ ناخودا، پەرستن و پەرستش بۆ خەڵك .. بە هەمان ئەو تەفسیرەی كە ئیسلامییە جیهادی و تەكفیرییەكان تەكفیركردنی من و تۆ و كوشتنی من و تۆ ئەخەنە نێوان خۆیان و خوداوە، لە بری ئەوەی تەنها و تەنها پەرستش و پەرستن بخەنە نێوان خۆیان و خوداوە، ئیمانی خۆی بیر كردووەو حەقی هەیە بەسەر ئیمانی خەڵكی ترەوە، خوێنی خۆی لەیادكردووەو خەریكی رشتنی خوێنی ترە..
سەرچاوە: سایتی (الانوار)