شەماڵ بارەوانی
"هەزار خۆری درەوشاوە " ڕۆمانێکیتری نووسەری ئەفغانی" خالد حوسێنی"یە،نووسەر پەڕە بە پەڕەی ڕوداوەکان دێتە خوارەوەو پەنجە دەخاتە سەر تراژیدیاکان و
زۆر بەوردی تیشک دەخاتە سەر ئازارو نەخۆشی و برینەکانی کومەڵی ئەفغانی ، ئەو وڵاتەی ماوەی سی ساڵ جەنگ و کودەتاو شۆڕش و شڵەژانی ئەمنی و کوشتن و ململانێی بەردەوامی بێ بڕانەوەی بەخۆیەوەبینی ،هەروەها ئەو ڕۆمانە کۆمەڵێک پرسی وەک مافی مرۆڤ و چەوساندنەوەی ژن و ئافاتەکانی ئەقڵیەت و مێنتەڵێنتی نێرسالاری و توندوتیژی باسدەکات.
هەموو ئەو برسیێتی و ترس و وێرانی و کاوڵکارییەی جەنگ لە گەڵ خۆی هێنای و لەدوای خۆی جێی هێشتوە، لە تێکشاندنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژیان، باس و تەوەری ئەو ڕۆمانەن. ئەو شاکارەچاوخشاندنێکە بە لاپەڕەکانی تۆماری مێژووی ئەفغانستان، له ساڵی( ١٩٧٠ تا - دوای ٢٠٠٠) لەسەردەمی مەلیک« زاهێرشا »و پاشان کودەتا خوێناوییەکەی سەرۆک وەزیران « داود شا » لەساڵی ١٩٧٣بەهاوکاری شوعیەکان، و دواتر تیرۆرکردنی ٫٫داود خان،، لەساڵی١٩٧٨و کودەتای خوێناوی شوعیەکان بەپشتیوانی یەکێتی شورەوی و پاشان هاتنی سوپاس سوری یەکێتی سۆڤێت ١٩٨٠ بۆناو ئەفغانستان و هەڵگیرسانی جەنگێکی درێژی کاوڵکاری خوێناوی و بەردەوام بوونی تاساڵی ١٩٨٨و ئینجا ڕێکەوتن و کشانەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤێت لە ئەفغانستان و بەشداری کردنی تارقی خۆشەویستی لەیلا لەوجەنگەو لەدەستدانی یەکێک لەقاچەکانی بەهۆی جەنگەکەوەو هاتنە سەرحوکمی (نەجیب اللە) و ڕوخاندنی حکومەتەکەی و گرتنی کابوول لەلان "کۆمەلەی جهادی ئەفغانی بناژۆخواز".
بەسەرپەرشتی ڕەبانی و ڕوودانی جەنگی نێو خۆیی و بەردەوامبوونی بۆ ماوەی چوارساڵ لەنێوان"مسعودشاو" و حیکمەت تەیار، و ڕەبانی و سەیاف،ئەو جەنگە نێوخۆیەی دەرەنجام کابولی پایتەختی بەتەواوی وێرانکرد و لەو جەنگەی خانەوادەکەی لەیلا دەبن بەقوربانی و لەیلا پەرچو ئاسا قورتاری دەبێت، و پاشان لەساڵی١٩٩٦،بزوتنەوەی تاڵیبان جڵەوی حوکمڕانی کابول دەگرنەدەست و نەجیبواللە لەسێداردەدەن و بیرە ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆجیا توندئاژۆیەکەی خۆیان دەسەپێنن و دۆزەخێکی تربۆ کابول و ئەفغانستان سازدەدەن،وپەیکەری بودا لەبامیان دەتەقێننەوە و پەچە بەسەر ژن و کچی ئەفغانیدا دەسەپێنن و ڕێگە نادەن کچ و ژن لەماڵەوە بێنەدەرەوەو لەخوێندن بێ بەشیاندەکەن و لەسای دەسەڵات وحوکمی بزووتنەوەی تالیبان، شەپولێکیتر لە کوشتن و تیرۆرو برسیەتی وچەوساندنەوەو ئازارو ماڵوێرانی دەست پێدەکاتەوەو ژیان لەو وڵاتە دەبێتە یەک پارچە لە ئاگرو تراژیدیاو جەنگ و ململانێ و مەرگ، و زۆرێک لە خێزانە ئەفغانیەکان بەناچاری ئەو دۆخە دۆزەخیەی ئەفغانستان، بەرەو پاکستان و وڵاتانی دەوربەر جێ دێڵن.
نووسەری ڕۆمانەکە بە چیرۆکی«مەریەم» دەست پێدەکات،ئەو کچەی له پەیوەندیەکی سێکسی دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری لەدایک دەبێ،پەیوەندی باوکی لەگەڵ خزمەتکارەکەیان، ئەو کچەی لەگەڵ دایکەکەی «نانا» لە کۆخێکی بچووکداو بەتەنها لەگەڵ هەژاری و بێ نازیدا دەژین، باوکیشی لەگەڵ سێ ژنەکەی تری لە شاردا دەژی و بەتەنها حەفتەی جارێک سەریان لێدەدات.
هەست کردن بە تەنیایی و نیگەرانی، هەموو بوونی مەریەم دادەگرێت،هەر لەمنداڵییەوە ئەو هەست دەکات بێ باوکە و بەرهەمی پەیوەندیەکی تابوو و حەڕامە، مەریەم ناتوانێ لەگەل خێزانەکەی و باوکی بژیت، چونکە و ئەوکچێکی ناشەرعی و لەکێکی عاره، بەسەر تەوێڵی باوکی و خێزانەکەی و کۆمەڵەوە،باوکی لە دێیەکی دوور لە شار، خانوویەکی بچووک بۆ مەریەم و دایکی دابین دەکات.
دواتر و کاتێک مەریەم دەگات بە پانزە ساڵی تەمەن، باوکی دەیدات بە پیاوێکی بازرگانی پێڵاو بەناوی« ڕەشید »کە سی ساڵ لەخۆی گەورەترەو جیاوازییەکی زۆری تەمەن لەنێوانیاندا هەیه،دوای بەشودانی مەریەم بەهۆی بەرگە نەگرتنی ئازاری دابڕان و تەنیایی،دایکی بەمردنێکی تراژیدی کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت و خۆی بە پەت هەڵدەواسێت.
سەرەتا مەریەم بەو خەون و خەیاڵ و خولیاو ئۆمێدەوە دەژیت کە ئەو ئیتر لەئازارو ناخۆشی نەجاتی دەبێت و سەرەتایەکی نوێ دەست پێدەکات لەگەڵ ئەو پیاوە، لەگەڵ ڕەشید لە هیرات بەرەو کابول بەڕێدەکەون،وەلێ ئەفسووس دواتر ئەو پرۆسەی هاوسەر گیریەی مەریەم لەگەل ئەو پیاوە، جگە لە گواستنەوەی لە ئازارێک بۆ ئازارێکیتر، لەنیمچە دۆزەخێک بۆ دۆزەخێکیترو لەزیاتربوونی کۆمەڵێ برینی تازە بۆسەر برینەکۆنەکانی تری چیترنییە، مەریەم لای ئەو پیاوە وەک کەنیزەو خزمەتکارێک ڕفتاری لەگەڵ دەکرێت،هەموو ژیانی خزمەتکردنی ئەوپیاوەو چێشت لێنان و گەسک دانی ماڵەوەو مانەوە لە ناو چوار چێوەی چواردیواردا دەبێت، ئەو پەیوەندییە خێزانییەی مەریەم لەڕوانگەی ڕەشیدەوە تەنها خزمەتکردن و تێرکردنی ئارەزووە سێکسیەکانیەتی.
نووسەر لەبەشێکیتری ڕۆمانەکەدا باس لەیەکتر ناسینی مەریەم وکچێک دەکات بەناوی لەیلا، دوای دوودەیە لەشوکردنی بە ڕەشید لە کابول، پەیوەندییەکی پڕ لەخۆشەویستی هاوشێوەی دایک وکچ دەکەوێتە نێوانیانەوەو پاشان لەیلا گەوره دەبێ و قۆناغەکانی خوێندن دەبڕێت و زانکۆ تەواودەکات و کچێکی هۆشیارو ڕۆشنبیری لێ درووست دەبێت،لەیلا دەکەوێتە داوی خۆشەویستی «تارق» و خەون بە داهاتووەکی پەمەیی و پڕشنگدارەوە دەبینێت ،مخابن بەرلەوەی بە ئاوات و خۆزگەکەی بگات، جەنگی ناوخۆیی ئەفغانستان چرای ئەو خۆشەویستییەیان لێ خامۆش دەکات و داری ئۆمێدیان دەسوتێنێت و پریشكی جەنگ دەست دەنێنە گەروی خەونەکانی تارق و لەیلاو هەناسەی ئاواتەکانیان دەخنکێنێت و تارقی هاوڕێی منداڵی لەیلاو خۆشەویستی ئێستای بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی ئەفغانستان و کارەسات و ماڵوێرانیەکانی جەنگ، ناچارئەفغانستان بەرەو پاکستان جێ دێڵێت،و دواتر هەموو خانەوادەکەی لەیلا دەبن بەسوتماکی جەنگ و بەتەنهاو بێ کەس و جێگاو سەرگەردان، لەیلا لەگەڵ فرمێسک و خەمەکانی کۆڵانەکانی نیگەرانی و شەقام بە شەقامی ئازار تەیدەکات،پاشان ڕەشیدی هاوسەری مەریەم لەخۆی دەگرێت و چاوەڕێ دەکات تا بگات بەو تەمەنەی تێیدا مەریەمی خواست و بیکاتە بە هاوسەری خۆی، دواتر بە درۆ پێی دەڵێ تارق لەژیاندا نەماوەو بەهۆی جەنگەوە گیانی لەدەستداوەو چیتر چاوەڕێی مەکەو زۆر هۆڤانە لەخۆی ماره دەبڕێت.
مەریەم هەستدەکات لەیلا دوگیانە لەتارقی خۆشەویستی . بۆیە دەیەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەشید بکات، تا ئەوبابەتە بەو هاوسەرگیرییە بیشارێتەوە،ڕەشید کەسێکی زۆر دڵڕەق و تەبیات توندەو بەردەوام لەیلاو مەریەم دەچەوسێنێتەوەو دارکاریان دەکات و ئازاریان دەدات و خراپترین شێوازی چەوسانەوەیان لەدژ پەیڕەو دەکات، پیاوێک ئایکۆنی ستەم و خراپی و پەیکەری عەقڵیەتی نێرسالای.
مەریەم و لەیلا وەک دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەکترو لە ژێر چەپۆکی توندو تیژییەکانی ڕەشید ژیانێکی کۆڵەمەرگی و دۆزەخ ئاسا بەڕێدەکەن،هەوڵی ڕاکردن دەدەن لەو دۆزەخەی ڕەشید بۆی خوڵقاندوون، بەڵام شکست دێنن و دوواتر ڕووداوەکان دەگۆڕێن بە گەڕانەوەی تارق و هەوڵدانی ڕەشید بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تارق و دەستکردن بەلێدانی لەیلاو،پاشان مەریەم بە بێلێک دەدات لەپشتی سەری ڕەشیدو دەیکوژێت،ئینجا لەیلا بڕیارەدات خۆی و منداڵەکانی لەگەڵ تارق بڕۆنە پاکستان،ومەریەمیش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە، دوای ڕووخانی حکومەتی تالیبان،لەیلاو تارق دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان و بڕیار دەدەن ئەو منداڵەی چاوەڕێی هاتنەبوونی دەکەن،ئەگەر کچ بێ ناوی بنێن مەریەم.
ماوەتەوە بڵێم:
«هەزار خۆری درەوشاوە» ڕۆمانێکە باس لە ئازارو ناڵەو هاواری نیشتمان دەکات،کەبەهۆی جەنگ و مڵملانێ سەراپای جەستەی بووەتە برین.وڵاتێک کابوسی جەنگ و مەرگ و خوێن و ترس و ئازارو نیگەرانی دایپۆشیوە، پیشاندانی وێنەو واقعی دۆزەخی ژیانە لە ئەفغانستان، ئەفغانستانێک دەستاڕی جەنگە یەک لە دوای یەکەکان دەیهاڕێت،ڕۆمانێکە. بەرجەستەکەری موعاناتەکانی ژنی ئەفغانییە،
داستانێکی فێمێنستیەو،تیشک دەخاتەسەر ئازارەکانی جەستەی ژن،لە کۆمەڵێک کە ژن سەرەتاترین مافی نییەو لە پەراوێزی ژیاندا دەژیت، سیستەمێک، بیری نێرسالاری لە هەڕەمی دەسەڵات و ئەقڵیەتی نێرگەرێتی بەڕێوەی دەبات وچەوساندنەوەی ژن لە لوتکەدایەو ژن تەنها لە کارگەی بەرهەم هێنانی وەچەخستنەوەو زیندانی کردنی لە نێوان چوار دیواری ماڵەوەوچێشتخانەو شاردنەوەی لەژێر پەچەو چەوساندنەوەی و بە قەمچی مێنتەلێنتی ئەمرۆ نەهیەکانی پیاو کورت کراوەتەوە.
چیڕۆکەکانی ڕۆمانی هەزار خۆری پڕشنگدار.
داستانی تراژیدیاکانی ژنە لە جڤاتێک، ژن بە بێ تاوان و لەدەرەوەی ویستی خۆی، بووەتە قوربانی جەورەکانی کۆمەڵ و کاوڵکاری جەنگ و هەموو ئازادییەکی لێ سەندراوەتەوەو دەست بەسەر کەسایەتی داگیراوە، داستانی نوتفەیەکی قێزراوە، نوتفەیەک منداڵێکی بێ تاوان"مەریەم"ی لێ لەدایک دەبێ، نەکۆمەڵ دانی پیادەنێت و نە کلتوور و عورف بەزەیی پیادێتەوەو نەخێزانیش قبوڵی دەکات،ئەو کچێکی حەڕامەو بەرهەمی سێکسێکی تابوویەودەبێ بە درێژایی ژیانی باجی ئاگری ئەو حەزە نەگریس وشەهوەتە حەڕامەی پیاوێک بدات،هێناوێتیە بوون و پێی خەجاڵەتیشە وەک کچی خۆی سەیری بکات، باجی هەڵەیەک بدات کە خۆی دەسەڵاتی تێدانییە.
ئەو کچێکی حەرامەو لەکی عەیب وشورەییە، بۆ تەوێڵی ئەقلیەتی نێرسالاری و کۆمەڵی نەریتگەراو تەقلیدی،ئەو جگە لە عەیبەیەک چیتر نییە،ئەو لە تۆماری ژیان ناسناوی کچێکی زۆڵە، بەڵێ زۆڵ؟
وەکو خوێنەرێک کاتێک ئەو ڕۆمانە دەخوێنیتەوە، لەسەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی خەمێکی قوڵ و بە ئازار هەموو بوونت دادەگرێت و هەستێکی زۆر ناخۆش دڵت دەگوشێت،ناتوانی بەسەر هەستی خۆتدا زاڵبیت و بەرگەی تراژیدیاکانی ژیانی مەریەم و لەیلا بگریت ودڵۆپەی بارانی فرمێسکبە لێزمە لەهەوری خەمی ئاسمانی چاوەکانت دانەبارن و لەسەر گۆنات ڕێز نەبەستن.
خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە گەشتێکی تراژیدی و بە ئازارە، بە نێو شەقامە خوێناویەکانی کابول وکوڵانە خەمناکەکانی لاهور،لەگەڵ بینینی تابلۆ بێزارکەرەکانی ئەقڵیەتی نێرسالاری هیرات و دیمەنە ترسناک و ناخۆشەکانی برسیەتی و جەنگ، گەشتی وڵاتێکە، تەمی تراژیدیاکانی جەنگ و ململانێ خوێناوییەکان بست بە بستی ئەرزو ئاسمانی ئەو وڵاتەیان داپۆشیوە،جگە لە وێرانی و هەژاری و خوێن و مەرگ، شتێکی تر نابینیت،پڕیشكی ئاگری جەنگی ئایدیۆلۆژیاکان ، ژیان دەسوتێنێت و مرۆڤ دەکات بە سوتماک.
چیرۆکی وڵاتێکە، یەکێتی سۆڤێت ، دواتر ململانێ و جەنگی نێو خۆیی توندئاژۆکان و پاشان تالیبان و ئینجا ئەمریکا وێرانی کرد.چیڕۆکی جەنگی براکانی دوێنێ و دووژمنەکانی ئەمڕۆیە، کۆمەڵێک،کۆمەلێک ئیسلامی ڕادیکاڵ و فەندەمێنتالیست، مافی ئەوەیان بەخۆیان داوە بڕیار لەسەربوونی ژن و چارەنووسی مرۆڤەکان بدەن،بڕیار لەسەر ئیمان و ژیان و دارو بەرد بدەن،ناچارت کەن کە دەبێ بەپێوەری ئەوان بژیت و بە پێی ئایدیۆلۆژیاکەی ئەمان بجولێیتەوە،بەپێیەکانی ئەوان هەنگاوبنێیت و بەچاویلکە ڕەشەکەی ئەوانەوە ببینیت وبە مێشکی ئەوانیش بیربکەیتەوە!
ئەو ڕۆمانە زانیارییەکی چاک بە خوێنەرەکەی دەبەخشێت، لەبارەی مێژووی ئەفغانستان .. دۆخی ژن و موعاناتەکانی..هەروەها بزوتنەوە توندئاژۆکان و ئایدیۆلۆژیاکەیان..و
جەنگەخوێناوییە ناوخۆیەکانی ئەفغانستان، ڕۆمانێکە.خوێنەر لەکۆتاییەکەی لەیەک کاتدا. هەم دەگریت و هەم پێش دەکەنیت، لەلایەک زیاتر خەم وفرمێسک داتدەگرێتبۆ کۆتاییە تراژیدیاکەی ژیانی مەریەم و لە لایەکەیتریش دڵخۆشی داتدەپۆشێت بەو دووباره شادبوونەوەی لەیلاو تارق بە خۆزگەو ئاوات و خەونە پەمەییەکانیان.