سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان

19/12/2021


 

شەماڵ بارەوانی

 

شاكارێكیتری"نەوال سەعداوی" ژنە پزیشك و ڕخنەگرو نووسەرو ڕۆمان نووسی كۆچكردووی میسریە.
ئەو بەرهەمەی نووسەریاداشت و بیرەوەری و ئەزمونی نەوال سەعداوی خۆیەتی كە بەهۆی پێنووسە ئازادو بۆچوونەجوایەزو بوێریەكەی لەهەڵوێست و ئازاییەكەی لەقسەكردن زیندانی دەكردێت.


نەوال ژنێكی داكۆكیكارو چاونەترس و بوێربوو،ژنێك كە بە ڕێچكە شكێن و تابوو شكێن و سنورنەناس و ڕووخێنەری بتەدەسكردەكان و هەڵوەشێنەری نەریتەكۆنەكان و ئەنتی باو بوێری و یاخی بوونەكەی هاتووەتە ناسین. ژنێك ببوو بە هێمای خەباتی فێمێنستی و قەڵەمی ئازادی بۆ ژنان ،ژنێك هەربەڕاستی ئایكۆنی ژندۆستی و ژیان دۆستی بوو، ژنێك شایەنی نەمری و ڕێزو بەرز نرخاندن و هەڵوەستە لەسەركردن و خوێندنەوەیە.

(بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان) كتێبێكە دەچێتە خانەی ئەدەبی زیندان و یەكەم چاپی لەساڵی1984لێ بڵاوبووەوە.
لەشەشی سێپتەمبەری ساڵی1981،لەكاتێكدا خاتوو نەوال خەریكی نووسینی ڕۆمانێكی تازەدەبێت، گوێی لەدەنگی دەرگادەبێت، كاتێك دەڕوات سەیری بكات بزان كێیە، شۆك دەبێت كە هێزێكی ئاسایش دەبینێت لەبەردەم دەرگاكە وەستاون و دەیانەوێت بێنەژوورەوەو ماڵەكەى بپشكنن بێ ئەوەی هیچ مۆڵەتێكی داواكاری گشتیان لابێت!


خاتوو نەواڵ ڕەتی دەكاتەوە دەرگاكە بكاتەوە، چونكە ئەمە پێچەوانەی یاسایە بێ هیچ بەڵگەو نووسراو مۆڵەتێكی داواكاری گشتی بەسەر ماڵی خەڵكیدابدەیت و بتەوێت بڕۆیتە ژوورەوەو پشكنين بكەیت،دوای سوربوونی خاتوو نەوال لەسەر بڕیارو هەڵوێستەكەی، هێزە ئەمنیەكە دەرگاكە دەشكێنن و دەڕۆنە ژوورەوە:"گوێم لەدەنگی شكانی دەرگاكەبوو وەكوو دەنگی تەقینەوەیەك وابوو، دەنگی پێڵاوە ئاسنینەكانیان دەهات و خێرا دەڕۆشتن لەشێوەی ئەو لەشكرەی بەرەو مەیدانی جەنگ بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوە دەڕوات. هێرشیان كردە سەر باڵەخانەكە، هاوشێوەی زیندەوەری وەحشی، دەمیان وەك هی سەگ كراوەو چەكەكانیان لەسەرشانیان".


دوای ئەوە پەلكێشی نەوال دەكەن بۆ زیندان"القناطر"ی ژنان و كۆمەڵێك لەژنە چالاكەوان و نووسەری تری هاوڕێیشی بە هەمان شێوە بڕیاری گرتن و زیندانیكردیان بۆدەردەچێت و دەستبەسەردەكرێن و دەخرێنە كونجی بەندیخانە. به بڕیارێكی "ئەنوەر سادات"ی سەرۆكی ئەوسای میسرو بە بیانووی پیلانگێڕی لەدژی وڵات و بەرژەوەندی گەل و هۆكاری ئاژەوەگێڕی نێوان تایفەكان،كە لەڕاستیشدا حەقیقەت و مۆتیڤ و چیرۆكی پشت گرتنەكەی نەوال سەعداوی شتێكیتربوو، نەك ئاژاوەگێڕی تایفی و پیلانگێڕی لەژی بەرژەوەندی گەل و نیشتمان، بەڵگە هۆكارەكەی ئەوەبوو كە خاتوو نەوال لە ساڵی ١٩٨١ دا بەشدار دەبێت لە دەركردنی ڕۆژنامەیەكی تایبەت بە ژنان بە ناوی "ڕوبەڕوبونەوە"ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگیركردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە، هەروەها نەوال دژی سیاسەتی سادات و دۆستایەتی كردنی بۆ ئیسرائیل و ئەمریكاو ڕێكەوتنەكەی میسر لەگەڵ ئیسرائیل، "بوو كە بەڕێكەوتنی كامپ دێڤد"ناسراوه.

نەوال لەو شاكارە مەزنەی (بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان) ئەزمونی ژیانی ئەوچەند مانگەی خۆی لەزیندان دەگێڕێتەوە لەساڵی١٩٨١.لەو چركە ساتەی دەستگیردەكرێت،موعانات و ئازارو ناخۆشی و چیڕۆك و ڕووداوەكانی ناو زیندان و سەردانی كردنی ژنەهاوڕێكانی بۆلای لەزیندان و مامەڵەی زبرو توندو نامرۆڤانەی پاسەوانەكانی زیندان و چركەساتی ئازادبوون و دەرچوونی لەزیندان، هەموی بەوردی و بەزمانێكی ئەدەبی پاراو بەرزو ئەفسوناوی و جوان باس لێوەدەكات و وردو درشتی ژیانی زیندان بەدیقەتەوە دەگێڕێتەوە، ئەو زیندانەی چەشنی دۆزەخێكەو تێیدا هەموو جۆرە سوكایەتی و ئەشكەنجەو ئازارو فەرامۆشی و ستەمێك ڕووبەڕووی زیندانی كراوەكان دەبێتەوە لەهەردوو ڕەگەز بێ جياوازی.


نەوال لەناو ئەو نەهامەتی و ئازارو ناخۆشیانەی ئەو دۆزخەی كە پێی دەڵێن زیندان. بڕیاردەدات كە نەترسێت و هیچ شتێك نەی ڕووخێنێت و ورەو وزەی لێ نەسەنێت و بتوانێت بوێری و زیرەكی بنوێنێت و خۆراگربێت لەبەرامبەر ئەو زیندەوەرانەی هێرشیان بۆ جەستەی دەهێناو بەنزیكیدا ڕەتدەبوون و بەرگەی دۆخی خراپی زیندان و شوێنی خەوتن و ئەو خواردنە بێ لەزەت و خەراپانە بگرێت و دەروونی خۆی لەسەر خواردنیان ڕابهێنێت كە بۆ خواردن پێیان دەدان و هیچ كەڵكێكی خواردنی مرۆڤیان تێدا نەبوو.


خاتوو نەوال بۆئەوەی ورەو هێزو تواناو مەعنەویات لەدەست نەدات و مۆتەكەی زیندان نەتوانێت ڕۆحی بكوژێت و بڕستی ژیانی لێ ببڕێت و گۆشەگیرو لاوازو دۆڕاوی بكات. هەمو بەیایانیەك زوو لەخەوە ناخۆشەكەی زیندان و خەونە تاڵ و كابوساوی و بێزاركەرەكانی هەڵدەستێت و دەست بە وەرزشی بەیانی دەكات و چالاكی ئەنجام دەدات و ماسولكەكانی بەهێزو جەستەی بتەو كێرڤی ورەی بەرزدەكاتەوەو پارێزگاری لەباڵانسی ڕوحی و دەروونی خۆی دەكات و خۆڕاگری دەنوێنێت و دەرفەت نادات بێ ئومێدی و ڕەشبینی و خەفەت و ئازارو نەهامەتیەكانی زیندان چۆكی پێدا بدەن و بەیداخی خۆ ڕادەستكردنی پێ بەرزكەنەوەو جاڕی دۆڕانی پێ بدەن.
 
خاتوو نەوال گەر چی بە جەستە لەزیندان دایە،وەلێ ئەو بە ئیرادەو هێزو بیركردنەوە ئازادە و نەزیندان و نە كۆت و بەند، نەهەڕەشەو فشار، نەبرسێتی و تنوێتی. ناتوانن گەردیلەیەك لە بیركردنەوەو بڕیارو هەڵوێستەكانی ئەو كەم كەنەوەو نشوست بە خۆڕاگری ئەو بدەن و هێزی بەرگری كردن و ئێنرژی مقاوەمەتی لێ وەربگرنەوەو كەسایەتی لێ زەوت كەن و ئازادی ڕۆح و بوێری بڕیاری لێ دەست بەسەركەن و ڕەگەزی یاخی بوون لەناخیدا بكوژن و ڕەگی داری بوێری لەدەرونیدا ببڕنەوەو تۆی وزەی ناڕازیبوون لەكەسایەتیدا وشك بكەن و كرمی ڕەشبینی زەفەری پێ ببات و بدات لەداری ئومێدی.


نەوال وەكو بلێیت هەر لەیەكەم چركەساتی لەدایك بوونیدا لەزیندان بووە و تامردنیش هەر ئەوێ ماڵی ئەو دەبێت. خۆی لەگەل ناسۆری و نەهامەتیەكانی زیندان ڕادێنێت و پڕۆڤە لەسەر بەرگەگرتنی ناخۆشیەكانی بەندیخانە دەكات:"بڕیارێكی هۆشیارانە بوو لەئەقڵی ئاشكراو پەنهانم دەرچوو، من لەزیندان دەژیم وەك بڵێیت هەرلەیەكەم ڕۆژی لەدایك بوونمەوە تاكاتی مردنم. هیچ ئومێدێكم بە بەیانی نییە جگە لەكردنەوەی چاوەكانم بەڕووی چواردیواری زیندان نەبێت تاوەكو كەمتر ڕەش ببینم".

لەكۆتایدا ماوەتەوە بڵێین
ئەزمونی زیندان هەرچەندە بۆخاتوو نەوال و هەمو مرۆڤێك كە زیندانی دەكرێت گەشتێكی دووروو درێژو تاقەت پڕۆكێن و سەختە و،هەرچركەیەك ساڵێكەو هەرساڵێك سەدەیەكە كە زیندانی كراو تێیدا هەمو چركە پڕ لەئازارو ناخۆشەكانی بەسەردەبات، هەموو ئەو ئەشكەنجەو ستەم و چەوسانەوانەى تێدا دەبینیت كە دەسەڵاتە ستەم كارو سەركوتكارەكانی هاوشێوەی سادات و سەدام و دیكتاتۆرەكانی تری چەشنی لنین و هیتلەرو فرانكۆو مۆسۆلینی و شای ئێران و..هتد. لەدژی خاوەن بۆچوونە جیاوازەكان و نەیارەكانیان بەشێوەیەكی هۆڤانە پەیڕەویان لێدەكردو دەیكەن.

(بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان) پێمان دەڵێت راستە ڕژێمی داپڵۆسێنەری سادات توانی نەوال زیندانی بكات و ئەشكەنجەو ئازاری بدات و تاڵی و سوێری و نەهامەتی دەرخوارد بدات و موعانات و ناخۆشی پێ بچێژێت و لەچوارچێوەی چوار دیواری زینداندا كۆت و بەندی بكات.


وەلێ كۆت و بەند و زیندانی نەك نەیانتوانی چۆك بەنەوال سەعداوی دابدەن و هێزو ورەی بكوژن. بەڵكو زیندان ڕوحیەتێكی ترو و هێزێكیتری بەو بەخشی و بوو بە قوتابخانەی خۆڕاگری و چاوگی داهێنان و هێزی نووسین و لەدایك بوونی بەرهەمێكی ناوازەی لەچەشنی«بیرەوەریەكانم لەبەندیخانەی ژنان»داو بوو بەیەكێك لە بەناوبانگترین و بوێرترین ژنە نووسەرەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.


نەوالی كرد بەدەنگی ژنە پەراوێزەكانی جڤاتی نێرسالاری و سمبولی ئازادی خوازی و ئایكۆنی فێمێنستی و هێزی یەكسانی جێندەری و ڕووخێنەری تابوو دەستكردەكان و تێكشكێنەری هەموو ئەو نەریتانە كۆنانە بوون بە موتەكەوكابووس بۆ گیانی مێینە و مافی ژن و ڕووحی مرۆڤەكان.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.