رێژوان دیاری
خودناسی ژن
ئێمە ئەتوانین سەرەتا بە چەند پرسیارێك دەست بەم بابەتە بكەین
بۆ نمونە بپرسین ژن كێ یە؟
بەو واتایەی پێویستە لە پرسی خودناسیەوە دەست پێبكەین،
ئێمەی ژن كێین؟
ئایا ئێمەی ژنان خاوەن بیركردنەوە و بیر و ڕاو ئەندێشەی تایبەت بەخۆمانین؟ كاتێك هەر ژنێك ئەم پرسیارەی لەخۆی كرد و وەڵامەكەی بە بەڵێ لەخۆیدا درك پێكرد كەواتە ئەبێ ئەوە بزانێت كە مرۆڤێكە و پێویستە وەكو مرۆڤێك و ڕەگەزێكی ئازاد ببینرێ. یاخود با ئێمەی ژنان ئەو پرسە لەخۆمان بكەین ئایا ئێمەی ژنان خۆمانین بەو واتایەی هیچ ڕۆڵێكمان بۆدیاری نەكراوە؟
یاخود منی ژن لەماڵەكەی خۆم لە گەڕەك و شارەكەم وێنە و چوارچێوەیەكم بۆ نەكێشراوە؟ یان ئەو سروشتەی ناوی لێنراوە سروشتی ژنان و ئەو ئازادیەی باسی لێوەدەكرێ كە گوایە بەژن دراوە لە ڕۆژی ئەمڕۆیا بە بەراورد بە ڕابردوو،ئایا ژن خۆی لە بنەڕەتی بونیەوە دەبێ خۆیان خاوەنی بن یاخود خۆیان وتەنی دەبێ چاوەڕێ بكرێ لە لایەن باوك و برا و مێرد و مام و خاڵ و بنەماڵەكەیەوە پێی بەخشراوە و بوەتە خاوەنی؟!
كاتێك ژن هەر یەك لە وەڵامی ئەم پرسانەی لە خودی خۆی و وەڵامێكی ڕازیكەری دەستكەوت پاشان پێویستە هەنگاوی دواتر دەستپێبكات و دیدی ڕەگەزی بەرامبەر بزانێت و وەكو ئەوەی ئاماژەمان پێدا ئەو ئایدیا و نەریتە سەپێنراوەی لە دێرزەمانەوە هەتاكو ئێستاش ماوەتەوە و كەم تا زۆر كاریگەری لەسەر تەواوی بونی ژن بەجێ دەهێڵێ.
خۆ دەربازكرنی ژن لە هەندێ توند و تیژی لەژێرناوی دین و نەریتی باوی كۆمەڵگە چۆن دەبێ؟ منی ژن هەر بەخاتری نەریتی سەپێنراو و دین هەتا كۆتایی تەمەنم دەبێ قوربانی بم و ڕازیبم بەو گوفتار و كردانەی ڕۆژانە بەرامبەرم دەكرێ؟
بۆ نمونە هەر لەبەر ئەوەی دینی ئیسلام ئەوەی حەڵاڵ كردوە لەسەرم فرە ژنی كارێكی ئاساییە كەواتە منیش دەبێ قبوڵی بكەم و دوبارە قوربانی بوون هەڵبژێرم
یاخود ئەوەی كە هەتا ئەمڕۆ باوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشە دەكات و هەتا بۆنە و فیستیڤاڵی گەورەی بۆ ڕێك دەخرێ و تێیدا ژنان خەڵات و پاداشت وەردەگرن بەرامبەری لە سنورێك و ناوچەیەكی دیاری كراو ڤیستیڤاڵی حیجاب كردن”تاجی زێڕین”
من لێرەدا ئەوە ئەپرسم ئایا بەشێك لەو كچە تازە پێگەشتوانەی لەو بۆنانە بەشداریان پێ دەكرێ لەسەر بنەمانی ئازادی و ڕای خۆی ئەوەی هەڵبژاردووە؟
ئەمە لەكاتێكدایە لەوانەیە هەڵكەوتەی جوگرافی ئەو شوێنە یاخود وەكو ئەو نەریتەی باوەی باسی لێكرا زۆر بەڕونی دەبینرێ لەو جێگایانە و زۆر جار وا لە ژنان دەكات بكەونە ژێر كاریگەریەوە یاخود ژن ئازادە بڕۆ بەڵام لە چوارچێوەیە دەرمەچۆ تۆ شەرەفی بنەماڵەكەتی وەك بڵێی ژن خۆی توانای ئەوەی نەبێ ڕاست و هەڵەی خۆی جیابكاتەوە.
وەك ئەبینرێ هەندێ لەژنان حەز و توانا یاخود زەمینەیەكی ڕەخساویان بۆ دەركەوتن هەیە لەهەمان كاتدا ئەمانیش لە كۆتایدا دەكەونەوە ژێر كاریگەری و ڕای بەرامبەریان پشتگیری دەكرێن و دەردەكەون بەڵام بە كۆمەڵێك مەرجەوە سەرەتا جوانكاری خۆ ڕازاندنەوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ڕادەبەدەر بۆ ئەوەی توانای ڕازیكردنی چاوەكانی چواردەوریان هەبێ بە نمونە “كچە مۆدێل و مایكەپ ئاڕتیستەكان”
ماوەتەوە بڵێین ئەوەی لەسەر خودی منی ژن پێویستە ناسین و شانازیكردنی منی ژنە بە خۆمەوە لە هەر ئاستێكی ژیاندا بووم.