سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کتێبی مارکسیزمەکان بڵاوکرایەوە

03/01/2022


 

ئەم کتێبە بە تەنیشت دەیان کاری ترەوە جارێکی تر دەیەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە یەک جۆر تێگەیشتن بۆ مارکس و یەک جۆر مارکسیزم لەئارادا نییە؛ هەروەها یەک جۆر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مارکس و مارکسیزمدا بوونی نییە. ماركسیزم پرۆگرام نییە، تەنانەت پرۆگرامى شۆڕشیش؛ ماركسیزم ڕەخنەیە و بگرە یەك ڕەخنەیە، بەڵام ڕەخنەیەكى كاریگەر، ئەمە خۆشى دەركەوتەیەكى ئیرادەى بەرەنگارییە بەرامبەر بە ستەم.

 

هەموو بەرەنگارییەكان ماركسیستانە نین، بەڵام هەموو بەرەنگارییە ناماركسیستییەكان بۆرژوازیانەش نین. لەبرى ئەم دابەشكاری و تۆمەتانە، ویستى ستایشكردنى بەرەنگارییە كاریگەرەكانە، هاوكات ڕەخنەكردنیانە لەپێناو بەرەو پێشبردنیاندا. لەم پرۆسە ڕەخنەییەدا، خودی ڕەخنەش پێش دەخرێت، بەو مانایەى كە ڕەخنەكردن بە چەمك و تێزە كۆن و زاڵەكان، چی تر خۆیان قابیلى ڕەخنەن.

 

ئەم گواستنەوە و بەرەوپێشبردنەى ڕەخنە، بەبێ خۆ-ڕەخنەكردن سەرناگرێت یاخود نابێتە ڕەخنەیەكى ڕاستەقینە و جددى. خۆ-ڕەخنەكردنى ماركسیزم نە پیلانگێڕێیە لە ماركسیزم و نە بۆرژوازیزەكردنى ماركسیزمە؛ بەڵام دەشێت ماركسیزەكردنى ئەو تێزانە بێت كە بە تۆمەتى بۆرژوازییەت لەلایەن دەنگە زاڵەكانەوە سەركوت دەكرێن. ماركسیزەكردن ڕەنگە خۆشى جێگەى گومان بێت، گەر ویستى سەپاندنى شوناسێك، دامودەزگایەكى چەمكى، فۆرمێكى پراكتیك بێت بەسەر ئەوانی تردا.

 

ماركسیزەكردن دەشێت تەنیا یەك ماناى هەبێت: پەرەدان بە فرەیى لەنێو خۆدا بەبێ ناو. ناونان كردەیەكى شوناسمەندانەیە؛ ماركسیزم دەشێت هیچ ناوێكى نەبێت؛ واتە پتر خۆى ناوێك بێت بۆ فرەیى ناو و بگرە بۆ بێ ناوى. ماركسیزم ڕەنگە تەنیا وەك كردەى پێكەوەلكاندن یان بەیەكگەیاندن بتوانێت خۆى لە چەقبەستن و ئەرسۆدۆكسیزم ڕزگار بكات، بۆ نموونە بەیەكگەیاندنى ماركس و دۆلۆز، كارێك كە ئەنتۆنیۆ نێگرى و مایكڵ هارت پێوەى خەریك بوون.

 

بەیەكگەیاندن تەنیا لەو مەودایەدا ماناى هەیە كە لەنێوان هەر دوو لادایە. لەم بارەدا ئەوەى بەرهەم دێت سەنتێز، كۆكردنەوە، یەكێتییەكى نوێ نییە بەهۆى سڕینەوەى مەوداكەوە، بەڵكوو فرەییەكە بۆ هەر دوو لایەنەكە كە بەهۆى بەیەكگەیشتنیانەوە ڕووی داوە. لە بەیەكگەیاندندا، ماركس ئەوانی تر ناهێنێتە نێو خۆیەوە، تێز و بەرەنگارییەكانى تر لە خۆیدا ناتوێنێتەوە، بەڵكو لە تەنیشتییانەوە تێدەپەڕێت.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.