سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆ یەکەمین جار لە ئەمەریکا دڵی بەراز لە نەخۆشێکی مرۆڤدا چێنرا

پێش 1 هەفتە


بۆ یەکەمین جار پزیشکەکانی ئەمەریکا دڵی بەرازییان لە نەخۆشێکدا چاند، ئەمەش لە دوایین هەوڵیاندا بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشەکە، نەخۆشخانەی ماریلاند دەڵێت دوای سێ ڕۆژ لە نەشتەرگەرییەکە نەخۆشەکە بارودۆخی باشە.

 

لەکاتێکدا هێشتا زووە بزانرێت کە ئایا نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە یاخود نا، بەڵام ئەمە بە هەنگاوی یەکەم دادەنرێت لەو هەوڵانەی دەیان ساڵە دەدرێن بۆ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانرێت ئەندامی لەشی گیانلەبەرێک بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشەکان بەکاربهێندرێت.

 

پزیشکەکانی ناوەندی تەندروستی زانکۆی ماریلاند دەڵێن چاندنەکە دەریدەخات دڵی گیانلەبەرێکی پێکهاتە گۆڕاو دەتوانێت لە لەشی مرۆڤدا کاربکات، بەبێ ئەوەی لەشی نەخۆشەکە یەکسەری ڕەتی بکاتەوە.

 

نەخۆشەکە کە ناوی دەیڤد بێنێتە و تەمەنی 57 ساڵە، کوڕەکەی بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت باوکم زانیویەتی کە هیچ گرەنتیەک نیە لەوەی نەشتەرگەرییەکەی یاخود چاندنی دڵی بەرازەکە لە لەشیدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام دەیزانی کە لە سەرە مەرگدایە و نەتوانراوە دڵی مرۆڤی بۆ بچێندرێت و هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبووە.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی بەشی تەندروستی زانکۆی ماریلاند، بێنێت ڕۆژێک بەر لە نەشتەرگەرییەکەی وتوویەتی " یان دەمردم یان ئەم نەشتەرگەرییەم دەکرد، دەمویست بژیم. دەزانم چانسێکی زۆرم نەبوو، بەڵام ئەوە دوایین بژاردەم بوو."

 

جێی ئاماژەیە کەمییەکی بەرچاو هەیە لەو ئەندامانەی لەش کە دەبەخشرێن بۆ دووبارە چاندنەوەیان لە نەخۆشەکاندا، ئەمەش زانایانی ناچار کرد بزانن چۆن ئەندامەکانی لەشی گیانلەبەر بەکاربهێنن بۆ چاندنەوە.

 

بەپێی United Network for Organ Sharing، کە سەرپەرشتی سیستمی چاندنەوە دەکات لە وڵاتەکەدا، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 3,800 حاڵەتی چاندنەوەی دڵ هەبووە لە ئەمەریکادا، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە.

 

بەڕێوبەری زانستی بەشی پڕۆگرامی چاندنەوە لە گیانلەبەرەوە بۆ مرۆڤ لە زانکۆی ماریلاند، پزیشک محەمەد موحێدین وتی " ئەگەر ئەمە سەرکەوتوو بێت ئەوا ژمارەیەکی ناکۆتا لەم جۆرە ئەندامانە لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەو نەخۆشانەی کە دەناڵێنن."

 

بەڵام هەوڵەکانی پێشووتر بۆ چاندنەوەی دڵی گیانلەبەران لە نەخۆشەکاندا سەرکەوتوو نەبووە، دوابەدوای نەشتەرگەرییەکە، لاشەی نەخۆشەکە بەخێرایی ئەندامەکەی ڕەت کردۆتەوە و نەخۆشەکە گیانی لەدەستداوە. لە ساڵی 1984 دا کۆرپەیەک بە ناوی بەیبی فەیەوە کە لە سەرە مەرگدا بوو، بۆ ماوەی 21 ڕۆژ بە دڵی بابوونەوە ژیا. بابوون جۆرە مەیمونێکی گەورەی ئەفریقییە.

 

بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ نەشتەگەرییەکەی ئەمجارەدا ئەوەیە نەشتەرگەرانی ماریلاند دڵی بەرازێکیان بەکارهێناوە کە پێکهاتەکەی گۆڕاوە، شەکرییان لە خانەکانیدا دەرهێناوە کە بەرپرسە لەوەی لاشەی مرۆڤەکە بەخێرایی ڕەتی بکاتەوە.

 

ئەفسەری باڵای تەندروستی UNO پزیشک دەیڤد کلاسین سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکەی ماریلاند وتی ئەمە یەکەمین هەنگاوە بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ئەمجارە چاندنی ئەندامێکی لاشەی گیانلەبەران لە نەخۆشێکی مرۆڤدا لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا.

 

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.