سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دابڕان و فێمینیزمى ڕۆشنگەرى، خولێکى ڕۆشنگەریى بۆ هاونیشتمانییانى ڕۆژئاوا ڕێکدەخەن

12/01/2022


لەموحازەرەیەكدا بەناوی فەلسەفەی سیاسی و رۆڵی لەهۆشیاری گشتیدا
مەلا بەختیار:
ئەگەر كوەیت داگیر نەكرایە، بەرەی کوردستانی چارەنووسێکی نادیاریان دەبوو

 

تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر (پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنزمی رۆشنگەری)، خولێكی پەروەردەیی رۆشنگەری، بۆ ژمارەیەك لەهاونیشتمانانی رۆژئاوای كوردستان كردۆتەوە، ئەمڕۆش (12/1/2022) رۆشنگەرو سیاسەتمەدار مەلا بەختیار، بەموحازەرەیەك بەناوی (فەلسەفەی سیاسی و رۆڵی لەهۆشیاری گشتیدا)، خولەكەی دەستپێكرد.

 

مەلا بەختیار، دەستپێكی موحازەرەكەی بەو وتەیەی (قەدەری نەوەی ئێمە، نەوەی ئێوەو پێشوتریش، ئەوەیە كە میراتی ئەو بارودۆخە سیاسییەمان لەسەرە، كە پارچەكردنی كوردستان‌و رووبەڕبونەوەمانە لەگەڵ باكور، باشور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستانە، بۆیە هێشتا دەبێ‌ بەرگەی ئەو واقیعە بگرین)، دەستپێكردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:

 

لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانەوە، ناوەندی بزوتنەوەی سیاسی، باشوری كوردستانە‌و سلێمانیش داینەمۆیەكەیەتی. ئەگەرچی پێش جەنگ ناوەندی بزوتنەوە سیاسییەكان لەباكور بووە، لەر‌وژهەڵاتی كوردستان ، لە سمکۆوە بۆ کۆماری مەهاباد بەردەوام بوو. بەڵام بەراورد بەرۆژهەڵات و بە باشور، رۆژئاوا كەمتر ئەو بزوتنەوە سیاسی و چەكداریی، یان راپەڕینی تێدابووە، بەڵام لەدوای كێشەكانی سوریا، رۆژئاوای كوردستان، بووە بەژمارەیەكی گەورە و جوان، كە بزوتنەوەیەكی سیاسی و بەرگرییەكی جوانی ژنان و پیاوانی تێدایە‌و رونیكردەوە كە سەد ساڵە باشوری كوردستان، ناوەندی بزوتنەوەی سیاسی، رووناكبیریی و گوتاری سیاسیەو سلێمانیش چەقەكەیەتی‌و مێژووشش سەلماندویەتی یەكێكە لەپێشەوەی هەرە شارە زیندووەكان.    

 

لەدرێژەشدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: لەدوای رێنیسانسەوە، سێ‌ سەد ساڵە فەلسەفەی سیاسی تێكەڵ بەزانست بووە، بۆیە هەر حزبێك فەلسەفەی سیاسی نەبێ‌، ستراتیجی سیاسی فەلسەفی نەبێ‌، حزبێكی ئینتیقائی دەبێ‌! ئەمەش وا دەكات ئەو حزبە دواكەتووبێ‌. هەربۆیە حزبەكان لەدنیادا زۆر دروستبوون و زۆریشیان بەهۆی نەبوونی فەلسەفەی سیاسییەوە فەوتاون‌و وتی:

فەلسەفەی سیاسی، روئیای ستراتیجی حزبە، لەڕوی فەلسەفەوە، ئایدۆلۆجیەتەوە، زانستەوە، سۆسیۆلۆجیەوە، سایكۆلۆجییەوە، كە هەموو ئەمانە پێكەوە كۆدەكاتەوە‌و هەموو ئەمانەش لەسەر مافی سروشتی دروستدەبێت.

 

رونیشیكردەوە: پرسیارێكیش كە لەم نێوەندەدا هەیە، ئەوەیە بپرسین: ئێمە وەكو كورد، لەنێو ئەم هاوكێشەیەدا لەكوێداین؟ ئایا ئەم فەلسەفەی سیاسییە لەلای ئێمە چەند جێبەجێ‌ دەبێ‌، یان قبوڵكراوە، یان دەوڵەتان ئەم مافانە دەسەلمێنن؟ وتیشی:
ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، خۆیان نەئازادو تا ئێستاش دیموكراسی نین، نە حكومەتەكانیان، نە ئۆپۆزسیۆنەكانیان لەستراتیجی دیموكراسی، باوەڕیان بەدیموكراسی هەیە، كە خۆیان شتێكیان نەبێ‌، چۆن بتوانن بیدەن بەئێمە! بۆیە نە ئازادیمان دەدەنێ‌ بڕیار بدەین، نە وەك نەتەوەیەكی هاوتا‌و یەكسانیش دان بەمافەكانماندا دەنێن! هەروەك دەبینین تا ئێستا لەسوریاو لەدوای چەندین ساڵ لەبەدبەختی، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی سوری، هێشتا مافی چارەنوسی كورد ناسەلمێنێ‌‌و قبوڵی نییە! كەچی ئیدیعاش دەكەن كە حكومەتی بەشار، حكومەتێكی دیكتاتۆرو سەركوتكارە! بەڵام خۆیان ئامادەنین تەنانەت لەبارودۆخێكی داهاتوودا كە دەستور بنوسرێتەوە، مافی كورد بسەلمێنن!

 

راشیگەیاند: كەواتە مافی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی، پێداگیرە لەسەر ئەوەی ئەو كەس‌و لایەنانەی حزب و حكومەت بەڕێوەدەبەن، چەند باوەڕیان بەخودی ئەم فەلسەفەیە هەیە، كە ئەویش دوو كۆڵەگەی هەیە، ئازادیی و یەكسانی! بەهۆی باوەڕنەبوون بەم دوو كۆڵەگەیەو فەلسەفەكەش وایكردووە، بەشی هەرە زۆری ئاسیا لەو كێشانەدابن كە ئێستا هەن و دەبینرێن.

 

جەختیشیكردەوە: كورد لەمێژووەوە، توشی ئەم حكومەتانەو ئەم نەتەوانە بوین، كە هەم نەتەوەكانی توركن عەرەب‌و فارس، هەم ئۆپۆزسیۆنەكانیان بە كەمتەرخەم و خەتابار لە پەیڕەو نەکردنی دەزانم! كە تائێستاو لەهەزارەی سێهەمداین، بەڵام هێشتا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی دەوروبەر، نە لەگەڵ حكومەتەكانیش، كەمترین خاڵی هاوبەشمان بۆ قسەكردن ‌و دیالۆگ، لەنێواندا نییە. تا ئامانجەكانی ستراتیجی دیموکراسی هاوبەشەكان بێنەدی.

 

مەلا بەختیار، وتیشی: هەموو ئەوانە وایكردووە بەدرێژایی مێژوو، كورد هەمیشە لەبەرگریدا بێ‌، هەر لەسەردەمی میرنشینەكانەوە تا بەئێستا دەگات، چونكە هیچ جۆرە دانپێدانانێك بەكورد نەكراوەو بەهیچ شێوەیك مافەكانی باس نەكراوەو ناكرێ‌. ئەگەر توێژینەوەیەكیش لەسەر سەد ساڵی رابردوو بكرێ‌، بەڕوونی دەسەلمێنرێ‌ ئەم حكومەتانەی ئێستا، ئەم حكومەتانە نەدیموكراسین، نە باوەڕیان بەئازادی و نە باوەڕیشان بە یەكسانی هەیە!

 

بەئاماژەكردنیش بۆ كتێبی شۆڕشی كوردستان و گۆڕانكارییەكانی سەردەم، باوەڕی خۆی نیشاندایەوەو رەخنەكانی لەبزوتنەوە چەكدارییەكانی كورد خستەڕوو، كە هەڵەیەكی گەورە بووە، ستراتیجی بەردەوامی كورد، خەباتی چەكداری بووە! هەر لەسەردەمی میرنشینەكانەوە تا ئێستا كورد، هەر سەرقاڵی خەباتی چەكدارییە‌و خەباتەكانی تری مەعریفە، مەدەنی و فكری، پەراوێزخستووە. بەخەباتی چەكداریش سەركەوتنمان بەدەستنەهێناوە‌و، كوردستانی باشوریش، بەهۆی سەرەنجامی هەلومەرجی بابەتی‌و شەڕی كوەیت، بەستراتیجی راپەرین سەركەوتین‌و گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە‌و رایگەیاند:
ئەگەر كوەیت داگیر نەكرایە‌و پێشتریش شەڕی عیراق ئێران نەبوایە، دڵنیاتان دەكەم ئەم بزوتنەوە چەكدارییەی باشورو بەرەی کوردستانیش نەدەمان! بەتایبەت لەدوای ئەنفال و كیمیاباران.    

 

مەلا بەختیار، لەدرێژەی موحازەرەكەشیدا، تەئكیدی كردەوە: پێویستە كورد، مینتالیتییەتی خۆی، ئەقڵییەت و رۆشنبیری سیاسەت‌و فەلسەفەی سیاسی خۆی بگۆڕێ‌، لەفەلسەفەی سیاسی چەكدارەوە، بۆ فەلسەفەی شارستانییەتی مەدەنی. چونكە ستراتیجی خەباتی چەكداری لەمێژوودا كۆتایپێهاتووە. دەڵێم ستراتیژی چەکداری. هەربۆیە فەلسەفەی سیاسیمان، لەفەلسەفەی مقاوەمەتەوە، دەبێ‌ بۆ فەلسەفەی مەدەنییەت و رەخنەی مەدەنیانە بگۆڕین.

لەو دیدەشەوە، بۆ باكوری كوردستان، تەئكیدی لەرەوایەتی سیاسەتی هەدەپە‌و ئومێدی سەركەوتنی لەئاییندەدا كردەوە، بەهۆی ئەوەی خەباتی مەدەنی دەكات.

 

لەكۆتا بەشی موحازەرەكەشیدا، مەلا بەختیار، تێڕوانینەكانی لەبارەی جیانەكردنەوەی دین و دەوڵەتەوە خستەڕوو، تیایدا كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی رونكردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە هێشتا كاریگەری سەدەكانی ناوەڕاست لەئەقڵی خەڵكیدا بوونی ماوەو ئەمەش واتا هەتا باوەڕو ئەقڵییەتی دینی و مەزهەبی سەدەكانی ناوەڕاست مابێ‌، هەر كاتێك كەسێك بەناوی دینەوە دروستببێ‌، دەتوانێت چەكداریان بكات، عیراق، سوریا، یەمەن‌و لیبیا، باشترین نمونەكانن. تەئكیدییشی كردەوە، هەتا پاشماوەی ئەقڵییەت‌و بیری سەدەكانی ناوەڕاست بمێنێتەوە، كۆمەڵی كوردستان، ناتوانن دیموكراسی بێت. بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە خەبات لە پێناوی دیموکراسی و مەدەنیەت و رۆشنگەری بکەین، هزر و فەلسەفەی سیاسیمان بکەینە هزر و فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.