سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كێ پشت و پەنای ژنانە؟

13/01/2022



رۆزا دڵشاد مەریوانی

زۆر بە تاسەوە بۆی باس دەكردم چۆن بەبێئەوەی ئاگای لێبێت چووە ژنی بەسەر هێناوە و هێناوێتییە سەر ماڵ، دەیوت كە لێمپرسی ئەوە چییە چۆن ژنت هێناوە پێیوتم ئێ وایە مافی خۆمە، ئەو ژنێكی بێوەی داماوە و بەرگەی هەموو قورساییەكانی ژیانی گرتووە و منداڵەكانی وەكو گوڵ بە خێوكردووە تا كابرا كۆلێژی تەواو كردووە كەچی وەكو پاداشتێك حەزی لە هاوپۆلێكی خۆی كردووە و كچە زۆر ئاسایی بە ژنێك و چوار منداڵەوە شووی پێكردووە، پێموت تێناگەم چۆن بێ پرسی تۆ و بوونی هیچ بیانوویەك ژنێكی دیكەی هێناوە چۆن لە دادگا مارەی كردووە؟ ژنە لە داماویی خۆیدا هەر دەیوت نازانم! دەموت چۆن شكاتت لێنەكردووە هەر دەیوت نازانم، بێگومان دیارە لە شارەكانی دیكەی عیراق ژنەی مارە كردووە كە لە ئێستادا زۆرێك لە پیاوانی كورد فێری ئەم فێڵە بوون و تا ئێستا هیچ شتێكی ئەو تۆ نەكراوە بۆ چارەسەركردنی ئەو حاڵەتە، ئەوەی جێی سەرنجە هێشتا ژنە پاساوی بۆ دەهێنایەوە بەخوا مێردەكەم زۆر باشە و زۆر رێزم دەگرێت دەمێك دەیوت جارێ لەبەر منداڵەكان لای ماومەتەوە، بێگومان چیرۆكی ئەم ژنە دڵۆپێكە لە دەریایەك كە سەرەتا دەیوت باشە و رێزم دەگرێت لە دڵی خۆمدا وتم باشی چی ئەو لە پڕ ژنێكی بەسەر هێناویت ئەوە رێزگرتنە! دواجار وتم راست دەكات، چونكە لەوەش خراپتر هەیە دەكرێت ژنیشی بەسەر بێنێت و تێشیهەڵدا كە لەم كۆمەڵگەیەدا بێكەس بوویت كێ فریات دەكەوێت، چونكە بەداخەوە تا ئێستا ئەوەندەی پشت و پەناو خێزان پاڵپشت و هێزو پەنان بۆ ژن ئەوەندە یاسا ناتوانێت بەرگری لە ژن و مافەكانی بكات.

مافی پێشێل دەكرێت

بێگومان من ناڵێم یاسای باشمان نییە بۆ پارێزگاریكردن لە ژن و بەرگریكردن لە مافەكانی، بەڵام وەكو پێویست كاری پێناكرێت كە سادەترین هۆكار ئەوەیە ژن لەبەر هەندێ نەریت و لە ترسی ئابروچوون پەنا بۆ یاسا نابات و سادەترین شت كە شكات كردنە نایكات، بگرە پێی باشترە بە شێوازێكی عەشایری كێشەكانی چارەسەربكرێت وەك لەوەی پەنا بەرێتە بەر دادگا و لە رێی یاساوە ئەو كارە بكات.

ئەو ژنە دوای ئەوەی وتی باشە و رێزم دەگرێت وتم باچیتر توڕەیی خۆم لەو دۆخە دەرنەبڕم و چیتر ئەو باسەی لەگەڵ درێژە پێنەدەم مادام بەو ژیان و دۆخەی تێیكەوتووە رازییە یان هیچ نەبێت ئەوەی پێ باشترە لەوەی بچێتەوە سەر ماڵی باوكی تەنیا لەبەرئەوەی مێردەكەی رێزی دەگرێت و مەسرەفی دەكات!

گەورەترین تاوانبارە

ئەم چیرۆكە كە لە چیرۆكەكانی فیلمە میسرییە كۆنە تەقلیدییەكان دەچێت بڕوام نەدەكرد لە ژیانی واقیعی و لە لای كورد شتێكی لەو جۆرە ببیستم بە رای من پیاوێك بە هەر بیانوویەك بێت بەو شێوەیە ژن بەسەر ژنەكەیدا بێنێت گەورەترین تاوانبارە پیاوێك حیسابی مرۆڤێك كە چوار منداڵی لێ خستوۆتەوە نەكات و لەپڕ ژنێكی دیكە بێنێتە ماڵەكەیەوە شایەنی گەورەترین سزایە، پیاوێك بە بوونەوەرێكی پلە دوو یان سێ حیسابت بۆ بكات، ئەگەر پێشتر بە ژنەكەی بوتایە ئەو كاتە ژنە مافی ئەوەی دەبوو رازیبێت لەو ژیانەدا بژی یان وازیلێبێنێت كە بێگومان ژنێكی داماوی وەكو ئەو دواجار هەر دەمایەوە و ئەو كاتە كۆستەكەی كەمتر دەبوو هیچ نەبێت لەبەرچاوی كەسوكار و هاوڕێكانی دەیوت خۆم رازیبووم و پرسی پێكردووم، هەرچەندە هیچكام لەوانە ئەو راستییە ناشارێتەوە كە بەردەوام لەم كۆمەڵگانەی ئێمەدا لەلایەن زۆربەی پیاوانەوە دەكرێت ئەویش ئەوەیە حیسابی پلە دوو بۆ ژن دەكرێت و ژن ئەو بوونەوەرە نییە لە مەسەلە گرنگەكانی ژیاندا پرس و رای وەربگیرێت، پیاوێك پێش بڕیاردان یان لەسەر رای ژنەكەی بڕیارێكی گرنگ بدات ئەو پیاوە دەگمەنانەی لەو شێوەیەن ئەوانەن بە پیاوی لاواز و ژنانیی لەقەڵەم دەدرێن.

تاوانی درۆ و خیانەتكردن

لەهەمان كاتدا تەنیا ئەو پیاوەی ژن بەسەر ژنەكەیدا دێنێت تاوانبار نییە بەوەی ژنەكەی بە پلە دوو یان مرۆڤێكی كەمتر لە خۆی حیساب كردووە، ئەوەش تاوانبارە كە شووی پێكردووە، دواجار بە رای من هەر جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ ژنێكی دیكەدا شەرعی بێت یان نا هەمان شتە، چونكە ئەو پیاوە تاوانی درۆ و خیانەتكردن لە ماف و متمانەی ژنەكەی و منداڵەكانیشی كردووە، لەو حاڵەتەشدا تەنیا ژن قوربانییە بە تایبەتی ئەو ژنانەی بێ دەسەڵات و بێ پشت و پەنان و لە بێدەنگیدا مافەكانیان لێ زەوت دەكرێت و بە هێمنی دەچەوسێندرێنەوە بە بێئەوەی نە ئەوەتا خێزانێكی بەهێزیان هەبێت پشتیان بگرێت نە ئەوەتا توانا و ئازایەتی ئەوەیان هەبێت پەنا بەرنە بەر یاسا و دادگاكان، ژنانێك بە درێژایی ژیانیان لە بێدەنگیی و پەراوێزخراویدا تەنیا لەبەر منداڵەكانیان دەژین تا ئەوان گەورە دەبن و ئەمانیش خەم و خەفەت و نەخۆشیی دەیانپوكێنێتەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.