پێشڕەو ئیسماعیل
زەندەقە
جووڵانەوەیەكی سیاسی و مەزهەبی و كەلتوری بوو لە سەردەمی خەلافەتی ئەمەویدا سەریهەڵدا. ئەم رێبازە زۆربەیان لایەنگرانی مەزهەبی مانی بوون (مانی لەشاری ماردینی باكووری كوردستان لەدایك بووەو لەسەردەمی بەهرامی ساسانی بەتاوانی راگەیاندنی ئاینێكی نوێ لە ساڵی 277ز) لەسێدارە دار، رێبازەكەی تێكەڵەیەك بوو لە ئاینی زەردەشتی و مەسیحی و بوداو بیروبۆچونەكانی ئیشراقیۆنی ئێرانی. مانی پێی وابوو مێژوو بریتیە لە كێشمەكێشی نێوان هێزەكانی تاریكی و رووناكی، باوەڕیان بە دوو هێزی خێرو شەڕ یان تاریكی و رووناكی هەبوو. لایەنگرانی ئەم رێبازە رۆحییان بە سیمبوڵی رووناكی و مادەیان بە سیمبوڵی تاریكی دادەنا، بابەتە پەیوەندییدارەكان بە مادەوە لای ئەوان پسەند نەبوو، باوەڕیان وابوو كە هێزی تاریكی و رووناكی بۆ هەمیشەیی لە شەڕدان و جارێك رووناكی و جارێكی تر تاریكی سەردەكەوێ و بڕوایان بەوە نەبوو كە بۆ هەمیشە هێزی رووناكی سەردەكەوێ بەسەر هێزی تاریكی دا، زەنادیقە دژی ئیسلام و دژی خەلافەتی عەباسی بوون.
جوڵانەوەی ئەبوموسلیمی خۆراسانی 127 كۆچی
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم كە هەندێك كەس ئەبوموسلیمی خۆراسانی بە كورد دادەنێن، ئەم پیاوە بە پشتیوانی عەباسییەكان دژی ئەمەوییەكان راپەڕی لە دژی زوڵم و زۆرو ستەمی لەڕادەبەدەری ئەمەوییەكان، بەڵام كە عەباسییەكان سەركەوتن بەسەر ئەمەوییەكان دا لەجیاتی پاداشت كوشتیان، چونكە لێی دەترسان. جووڵانەوەكەی پێكهاتبوو لە تێكەڵەیەك لە شیعەكان و خەواریجەكان و زەردەشتییەكان و مەزدەكییەكان، واتا جووڵانەوەكەی تێكەڵاو بوو لە جۆرەها خەڵك و مەزهەب و بیروبۆچونی جیاواز.
ئیخوانی سەفا (900-1000ز)
جووڵانەوەیەكی فەلسەفی و كەلتوری بوو لە شارەكانی بەسرەو بەغداد و كوفە سەریهەڵدا، كەسانی بەناوبانگی ئیخوانی سەفا بریتی بوون لە(ئەبو حەیان تەوحیدی، ئەبو حەسەن زنجانی، ئەبو ئەحمەد میهرەگانی، ئەبو حەسەن عورفی و زەید ئیبن رەفاعە).
نووسەرانی ئەم رێبازە 52 نامیلكەیان بەزمانی عەرەبی لێ بەجێماوە، ئیخوانی سەفا شارەزای فەلسەفەی یۆنان بوون و پێیان وابوو مەزهەبێكی عەقڵی لەسەرو هەموو مەزهەبەكانەوە هەیە كە تێگەیشتن لەو مەزهەبە ئەركی مرۆڤە ئاقڵەكانە، بۆیە فەلسەفەیان لەشەریعەت لا گرنگ تر بوو، هەروەها پێیان وابوو ئەو باوەڕەی كە خوا كۆیلەكانی خۆی بە ئاگر ئەشكەنجە دەدا جێی پەسەندی ئەقڵ نییە و نەفسی خراپەكار دۆزەخی خۆی لەم دونیا دەبینێ. ئیخوانی سەفا پێیان وابوو، كە ئایینی ئیسلام لەگەڵ خورافیات تێكەڵ بووەو بۆ پاكردنەوەی ئایین لە خورافیات، جگە لە كەڵكوەرگرتن لە فەلسەفە رێگەیەكی تر نییە و دەبێ شەریعەت بە فەلسەفە دەوڵەمەند بكرێ، ئەوەی شایەنی باسكردن بێت لەو دەورو زەمانەدا، ئیخوانی سەفا گرنگی زۆریان بە موزیك دەداو نیزامی موزیكی ئەو سەردەمەیان نوسییەوە.