عەبدوڵا كەریم مەحمود
بەشی یەكەم
سروودی مەسیح، نەفرەت لە ستەم دەكات
مەسیحییەكان سەر بە مەزهەبی [ كاسۆلیك كلدان، ئەرمەنی، ئەسگوری، ئاسوری، پرۆتستان، ئاسوری، یەعقوب]ن، یەك دوو خانەوادەیان سەر بە مەزهەبی ئەرمەنی و ئاسورین، ئەوانیش هەر لە كەنیسەی سلێمانی نوێژ و خواپەرستییان دەكرد، مەسیحییەكان بە زمانی سریانی و كوردی دەدوێن، بە زمانی كوردی [سروودی مەسیح] دەڵێن كە هۆنراوەی مامۆستا حەسیب قەرەداغی یە.
توركەكان بە جلی كوردییەوە جینۆسایدی ئەرمەنی و مەسیحییەكانیان كردوە، لە 1915 توركەكان دوور لە هەموو یاسای نێو نەتەوەیی و بەهاكانی مافی مرۆڤ، دڕندانە 3 ملیۆن ئەرمەنی و مەسیحییان رەشەكوژ كردوە، لەو كاتەدا هیچ وڵاتێك نارەزای دەرنەبڕی، هیچ دادگایەكی جیهان داوای دادگایی تاوانبارانی نەكرد، رووی یاساكانی مافی مرۆڤیان زەرد كرد، مەسیحییەكان زانیان توركەكان بە پۆشاك و جل و بەرگی كوردییەوە ئەو تاوانە جینۆسایدەیان كردوە، توركەكان زۆر دەـێكە پەیرەوی ئەو جۆرە تەكتیكە پڕ لە سیناریۆیە دەكەن، لەم ساڵانەی دوایشدا پەیڕەوی هەمان سیناريۆ و هەمان نمایش یان كردەوە، ئەمانە بەڵگەی تەواون كە توركەكان هەموو سەردەمەكان چەند دڕندەو بیر تەسكن، بەرامبەر بە مرۆڤی غەیرە تورك، بەتایبەتی بەرامبەربە ئەرمەنییەكان و كورد، ئەم رەشەكوژییە وای لە ئەرمەنییەكان و مەسیحییەكان كرد، شەپۆل شەپۆل روو بكەنە [سلێمانی، كۆیە، شەقڵاوە، دیانا، عەینكاوە، هەرموتە، دهۆك، زاخۆ] لەوانەی كە روویان كردوەتە سلێمانی خانەوادەی [سەرەفیان، سەنە كەریم، كەسپەر، كریكۆر، ئەزەر عیسا، دادە ماكرۆهی، گۆرگێن].
+لە ساڵی 1932 جارێكی تر گەورەترین قەسابخانە لە لایەن رژێمیەوە دژ بە ئاشورییەكان لە ناوچەی [سومیل] كرا، كە بووە هۆی لەناوچوونی سەركردەكەیان بە ناوی [مار قەرەداغ].
كەسایەتیە ناسراوەكانی مەسیحی یەكانی سلێمانی
[كەریمی عەلەكە، شەهید شەوكەت عەزیز، متی جرجیس، خانەوادەی نیسان موسا، نەجیب شەمعون، شەمعون مەتی، سەركیس اللە وێردی، قەشە یوسف پەری، دادە ماكرۆهی، سستەر خاتونە]. لە حكومەتەكەی مەلیك مەحمودا، كەریم ی عەلەكە وەزیری دارایی و مالییە بوو.
كەریمی عەلەكە ناوی [عەبدول كەریم ]ی كوڕی ئەلیاسە، كەسایەتیەكی گەورە و خاوەن هەستی مەزن و میهرەبان بووە، قەشە پەترۆس باپیری خەڵكی دێی هەرموتەیە لە دەشتی شیوا شۆك، خەڵكی شاری سلێمانی زۆریان رێز لێ گرتووە و خۆشیان ویستووە لە خۆشەویستیدا [ئەلیاسەكە]یان گۆڕیووە بە [عەلەكە]، چونكە زۆر راستگۆ و دەستپاك بووە، بازرگانی كردووە، كارەكەی پەرەی سەندوە لە عیراق و ئێران، كەریمی عەلەكە لە خانە سوتاوەكە كاری كردووە، جێی بڕوای پیاو ماقوڵانی بابانەكان بووە، لە حكومەتەكەی شێخ مەحمودا بەشداری كردووە و وەزیری دارایی و مالییە بووە، پێش ئەوەی جەنگی جیهانی روو بدات هەستی كردوە جەنگ و برسێتی قاتوقڕی و نەهامەتی مەرگ لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت، لەبەرئەوە دەغڵ و دانێكی زۆری كڕیوە و لە عەمباردا هەڵی گرتووە.
لە رۆژە رەشەكانی جەنگ و دوای جەنگ بە نرخێكی كەم فرۆشتویەتیەوە بە خەڵكی سلێمانی، جگە لەوەی هەموو ئێوارانێك بە مەنجەڵی گەورە چێشتیان لێ ناوە و بەسەر هەژاراندا بەخشیویەتی بە مزگەوتی حاجی شێخ ئەمین و مزگەوتی تەكێ رووتە و مزگەوتی هەمزە ئاغا و مزگەوتی شێخ محەمەد بەرزنجی
لەو كاتەی ئینگلیزەكان شاری سلێمانییان بۆردمان كرد، خەڵكی شارەكەیان چۆڵ كرد، لە گەڕەكی گۆیژە ماڵی [كەریمی عەلەكە و حاجی برایم ئاغا] لە ناو شار مانەوە، كەریمی عەلەكە زمانی [كوردی، كلدانی، فارسی، عەرەبی] زانیوه، ئەم كەسێتییە زۆر هەست و دەرونیشی دەوڵەمەند بووە، لە ساڵی 1948 ماڵئاوایی لە ژیان كردووە و لە گۆڕستانی [كامپی ئەرمەن] لە بەشی كاسۆلیك لە بەغداد بە خاك سپێردراوە، كچ و كوڕەكانی لە بەغداد دەژیان، زۆر دەوڵەمەند ژیا و مرد، بەڵام نمونەی كەریمی عەلەكە ئەمەیە، بە كردەوە و هەڵوێستەكانی هەموومانی توشی تێڕامان كردوە، لە ویژدان و ناخی هەموومانا زیندووە.