سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ساڵانە 2000 موسڵمان لە هەرێمی كوردستان دەبنە زەردەشتی

13/01/2022


بە وتەی نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم ساڵانە زیاتر لە 2000 موسڵمان هەرێم دەبنە زەردەشتی و واز لەئاینی ئیسلام دەهێنن، پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی لەسنوری پارێزگای دهۆكیش دەڵێن"هەندێك كەس لەناو كۆمەڵگە قسەی ناخۆش و بێڕێزی لەبەرامبەر ئێمە دەكەن".

ئارام مەهدی یەكێك لە پەیڕەوانی زەردەشتییە لە پارێزگای دهۆك وتی"پەیڕەوانی زەردەشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك ناتوانین بەئاشكرا زەردەشتی بونی خۆمان رابگەیەنن، لەترسی كۆمەڵگە و دراوسێی و كەسە نزیكەكان، هەندێك كەس لەناو كۆمەڵگە قسەی ناخۆش و جنێو و بێڕێزی لەبەرامبەر ئێمە دەكەن".

پێشیوابو حكومەت و ئیدارەی پارێزگای دهۆك لەگەڵیان هاوكارن، بەڵام كێشەیان لەگەڵ بەشێك لە خەڵك هەیە بەتایبەتی كەسانی توندڕەو.

وتیشی"مرۆڤ ئازادە هەر ئاینێك بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە ناتوانین سود لەو ئازادییە وەربگرین، ئێمە دژی هیچ كەس و لایەنێك نین تەنیا دەمانەوێت وەكو ئایینەكانی تر بین".

لەبارەی تۆماركردنی سكاڵا لەدژی ئەو كەسانەی هەڕەشەیان لێكردوە، ئارام وتی"سكاڵام لەدژی هیچ كەسێك تۆمار نەكردوە، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەگەر سكاڵا تۆماربكەم دەبێت شەو و رۆژ لە دادگا بم، چونكە یەك و دو نییە، دۆخەكەش ناگونجێت سكاڵا تۆمار بكەم".

لە ئایینی زەردەشتیدا، هەر زەردەشتییەك دەتوانێت راستەوخۆ پەیوەندی بەخودای دانا و بون بەخش بكات، بێ ئەوەی لەشوێنی تایبەت بێت وەك ئاتەگشا یان هەر شوێنێكی تر بێت، چونكە بەپێی ئاینەكەیان مرۆڤ پێویستی بەنێوەندگیری نییە كاتێك بیەوێت پەیوەندی بەخوداوە بكات.

نوێنەری زەردەشتییەكانیش لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم ئەوە ئاشكرا دەكات لەماوەی حەوت ساڵدا واتا لەساڵی 2015 تائێستا 15 هەزار موسڵمان وازیان لەئاینی ئیسلام هێناوە و بونەتە زەردەشتی.

ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەكرد، لە شاری دهۆك لە 2ی تەمموزی 2020 لقی رێكخراوی یەسنا-مان كردوەتەوە بۆ گەشەی فەلسەفەی زەردەشتی لە كوردستان، واتە رێكخراوێكی رۆشنبیری زەردەشتییە بۆ بڵاوكردنەوەی هزری پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن لە نێوان هەمو پێكهاتەكانی كوردستان.

وتیشی"لەبەر هۆی ئەمنی نازانین ژمارەی زەردەشتیانی دهۆك چەندە، لەبەرئەوەی گیروگرفتی كۆمەڵایەتی و خێزانی دروستدەكات، هەر لەبەرئەمە خەڵك ئامادە نییە بەئاشكرا زەردەشتییەتی خۆی رابگەیەنێت، جگە لەوەش لەبەرئەوەی ئایینی زەردەشتی ئاینێكی تەبشیری نییە و بنەماكانی لەسەر ئاشتی و خۆشەویشتی و یەكتر قبوڵكردن و لێبوردەییە".

ئاوات حوسامەدین ئاشكراشیكرد"بە فۆڕم لەساڵی 2015وە تائێستا 15 هەزار كەسی موسڵمان وازیان لە ئاینی ئیسلام هێناوە و بونەتە زەردەشتی و سەردان دەكەن و بەشدارن لەچالاكییە ئاینییەكاندا".

باسی لەوەشكرد لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كار بۆ مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەكەن لەكوردستاندا، وتیشی"رێكخراوی یەسنا لە دهۆك رێكخراوێكی رۆشنبیری زەردەشتی مەدەنیە، واتە رێكخراوێكی ئایینی نییە، جگە لەوەش ئەوەی كە زەردەشتی بێت دەتوانێت رێوڕەسمی ئایینی خۆی بكات و پێویستی بە ئاتاشگا نییە، چونكە زۆر ئاساییە كە 5 جار لە رۆژێكدا دەتوانێت رو لە رۆژ یان هەر روناكییەك بكات كە سۆمبل و رەمزی هێمای پیرۆزی ئاهورا مازدا (خودا)یە".

راشیگەیاند"لەسنوری پارێزگای دهۆك هەمو بێڕێزییەك بەرامبەر زەردەشتییەكان كراوە، لەسوشیاڵ میدیا هێرشی توند كراوەتە سەر زەردەشتییەكان، بەڵام ئێمە هیچ سكاڵایەكمان تۆمارنەكردوە تا دۆخی ناوچەی بادینان تێكنەچێت".

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆكیش دەڵێت ئاگادار نییە زەردەشتییەكان سكاڵایان تۆمار كردبێت لەسەرئەوەی هەڕەشەیان لەسەر بێت.

هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك وتی"هەمو پێكهاتە ئایینیەكان مافی ئەوەیان هەیە سكاڵا لەدژی ئەو كەسانە تۆمار بكەن كە سوكایەتییان پێدەكرێت یان هەڕەشەیان لێدەكرێت"، رونیشیكردەوە نازانێت زەردەشتییەكانی دهۆك تائێستا سكاڵایان تۆماركردوە یان نا.

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینیش دەڵێت"ئێمە حەزناكەین هیچ كەسێك بێڕێزی بەرامبەر زەردەشتییەكانی دهۆك بكات یان هێرشیان بكاتە سەر، ئەمە دژی پێكەوە ژیانی ئایینییە لە هەرێمی كوردستان".

جیهاد دۆسكی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی لە دهۆك وتی"ئایینی ئیسلام و خودی پێغەمبەرمان موحەمەد سڵاوی خوای لەسەر بێت رێزی لە هەمو ئایینەكان گرتوە، بۆیە پێویستە ئێمەش رێزیان لێ بگرین". پێشیوابو پەیوەندی باشیان لەگەڵ زەردەشتییەكانی دهۆك هەیە و تا ئێستا هیچ كێشەیەك لەنێوانیاندا رونەداوە.

شارەزایەكی یاسایی لەبارەی گۆڕینی ئاین لە هەرێمی كوردستان رونكردەوە دەدات و دەڵێت"ئەو كەسانەی ئاینی خۆیان دەگۆڕن دەتوانن ناسنامەكانیشیان بگۆڕن".

عەبدولمەجید ئەحمەد پارێزەر لە پارێزگای دهۆك وتی"هیچ دەقێكی یاسایی نییە ئەگەر كەسێك ئایینی خۆی بگۆڕێت سزا بدرێت، بە نمونە لە ئایینی ئیسلامەوە بگۆڕێت بۆ زەردەشتی، ئەمە شتێكی شەخسیە".

وتیشی"ئەو كەسەی ئایینەكەی خۆی دەگۆڕێت مافی ئەوەی هەیە رەگەزنامەی خۆشی بگۆڕێت، (الدیانە مسلم، بگوڕێت بۆ زەردەشتی، یان هەر ئاینێكی دیكە)، بۆ ئەوەش پێشتر داوایەك پێشكەش بە دادگا دەكات دوای ئەوە دادوەر بڕیار دەدات و لە فەرمانگەی رەگەزنامە مامەڵەكانی تەواو دەكرێن".
سەرچاوە/ هاوڵاتی

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.