سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مۆدێرنە و كەپیتاڵیزم ‌و ئێمە؟

15/01/2022



سەردار عزیز

لە سەرەتای نەوەدەكان بەچەمكی مۆدێرنە ئاشنا بووم. ئەو رۆژانە لەسلێمانی دەمخوێند، لە بەختیار عەلی-یەوە گوێبیستی ئەم چەمكە بووم. ئەو زیاتر باسی نوێبونەوەی دەكرد. بەكاڵییش، لە بیرم دێت زۆر باسی بۆدلێری دەكرد. مۆدێرنە وشەیەك نیە بەدوای ماناكەیدا بگەڕێیت، بەڵكو پرۆسەیەكی وەرچەرخانە، ماناكەی لە سیستەم و واقیعیدا دەبینرێت نەك لە ڕەهەندی زمانەوانییەوە. باری بۆزان و لاوسن پرۆسەی مۆدێرن بونی دونیا دەكەن بە دوو بەشەوە. قۆناغی یەكەمی لەسەدەی نۆزدەدا بوو. ئەم قۆناغە لەشەڕی جیهانی یەكەمدا كۆتایی دێت. قۆناغی دووەمی پاش ئەوە دێت. دەتوانین بڵێین هەموو گۆی زەوی لەسەردەمی مۆدێرنەدا دەژی بەئاستی جیاواز.

دەكرێت دونیای ئێمە، كە لەپەراوێزی پەراوێزدایە، (وڵاتانی ناوچەكە لە پەراوێزدان، كوردستانیش لە پەراوێزی ئەو وڵاتانەدایە)، سەرەتای ئاشنابونی بە مۆدێرنە وەك ناو و چەمك بۆ چەند دەیەی رابوردوو بگەڕێنینەوە، بەڵام مۆدێرن بون وەك پرۆسەیەكی هێشتا بە تەواوی دەستی پێنەكردوە. شیعر و ئەدەبی كورد ئوێنەیەكی باشی ئەو دۆخە دەرنیە سەختەن كە مرۆڤی ناوچەكە تیایدا دەژین، بەرامبەر بە مۆدێرنە. ئەم پرسە گرنگە چونكە ئێمە ئەگەر بمانەوێت لەدونیادا ئامادەبین، ناچارین مۆدێرن بین. وەك لەخواست و داواكاری خەڵكیدا دەبینی خەڵك دەیانەوێت مۆدێرنە بونی هەبێت، ئەمە لە مەسرەفگەرایی و خۆشگوزەرانی و نمایشی كاڵاو ئامێرەكان و سامان و سەرمایەدا دەیبینین. مرۆڤی ئەمڕۆ كاتێكی زۆری لەنمایشی شمەك و كەلوپەلەكانیدا بەسەردەبات. ئەم دۆخە باڵایەی نمایشگەرایی بۆ خۆی جێگای تێڕامانە، چونكە پاڵنەری هەرە سەرەكی بەكاربردنە، كۆنسەمپشن .

لەسەرەتادا دەبێت چەند بوارێك روونبكەمەوە یەكەم، ئێمە لە دەرەوەی مۆدێرنە نین. دەربڕینێك هەیە، كە زیاتر ماركسیانەیە دەڵێت ئێمە لەدەرەوەی مێژووین. ئەمە راست نیە. ئێمە لەهەناو مێژووداین بەڵام بەشێوازی جیاواز. ئێمە خاوەن ئاراستەی مێژووی خۆمان نین، دیارە زۆرینەی دونیا خاوەن كۆنترۆڵی مێژووی خۆیان نین، بەتایبەتی ئەگەر مێژوو لەدیدە ماركسییەكەوە ببینین. دیارە گرنگی چەمكی مێژوو، دیسانەوە دیدێكی ماركسیانەیە، زۆرجاریش دیدێكی تێكەڵە لە میتافیزیك و میكانیك.

دووەم، ئێمە بە ناچاری مۆدێرن دەبین. قەیرانی سەرەكی ئەم ناچارییە ئەوەیە كە بە ئاگاییەوە مۆدێرن نابین، بەڵكو بە پچڕ چڕو لە پرۆسەی ناچاری و لاساییدا بەڕێوە دەچێت. ئەم دۆخە لە بری ئازادبوون و سەروەربوون، زیاتر گرێی كەمبوون و دژایەتی و پەرستن بەرهەم دەهێنێت. لەمیانەی مۆدێرن بوون و نەبوونی توانای تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی جۆری مۆدێرنەی خود، ئەوا پەرچەكردار دروست دەبێت، وەك لەڕەوتە ئاینییەكاندا دەیبینی. ئیسلامی سیاسی هیچ نیە جگە لەپەرچەكردارێك بۆ مۆدێرنە. ئەمەش وەها دەكات كە مێژوی ئیسلامی سیاسی زۆر نوێیە، بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی ناپلیون بۆ میسرو تەنزیماتی عوسمانی.

ئاگام لەئەوەیە كە ئەم پاشخانە خێرایە بۆ خوێنەری كورد ئاسان نیە، بەڵام لەم بوارە تەسكەدا هەر ئەوەندەمان پێدەكرێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت كەمێك زیاتر تیشكی بخەمەسەر پەیوەندی مۆدێرنەو سەرمایەدارییە. ئەو كۆمەڵگایانەی توانیویانە لەهەوڵیان بۆ مۆدێرن بوون، ببن بە سەرمایەداریی، ئەوا مۆدێرنەیان سەركەوتووبوە، ئەوانیتر كە نەیانتوانیوە سیستەمی ئابوری و كۆمەڵایەتییان بگۆڕن بۆ سەرمایەداری نەیانتوانیوە ببن بە مۆدێرن. لێرەدا نموونەیەك زۆر زەقە.  لە تەمەنی لاوێتیدا دینگ شیاوپینگ لەمۆسكۆ خوێندكاربوو. ئەو رۆژگارە رۆژگاری سیستەمی ئابوری نوێ بوو، كە نیكۆلیا بوخارین سەرپەرشتی دەكرد. نیكۆلیا لە لایەن لینینەوە رێگەی پێدرابوو، سیستەمە نوێیە ئابورییەكەشی كرانەوە بوو بەڕووی سەرمایەداریدا. دیارە پاشان ستالین لەسێدارەی دەدات. لەو سەردەمەدا دینگ شیاوپینگ لەمۆسكۆ بوو، گوێبیستی وتارەكەی بوخارین بوو، هەروەها گۆڕانكارییەكانیشی دەبینی. ئەم كرانەوەیە ئەو باوەڕەی لای دینگ چەسپاند كە ئابوری سەرمایەداری باشترە لەئابوری سۆشیالیزم. یان بۆ مەبەستەكەی ئێمە، گەرەنتی سەركەوتنی مۆدێرنە لەبونی سیستەمی كەپیتالیزمدایە. ئەم وانەیە دەبێتە بنەمای ئەوەی كە چینی پاش ماو، بەخێرا ببێتە سیستەمێكی سەرمایەداری لەواقیعدا و سۆشیالیزمی لەخیتابدا. (هۆكاری بوونی سۆشیالیزم لە ئەمڕۆی چیندا جیوپۆلەتیكییە. لەنێوان رۆژهەڵاتی چین كە ناوچەیەكی كەناراویی و دەوڵەمەندە، لەگەڵ رۆژئاوای كە ناوچەیەكی وشكانی بیابان و هەژارە، جیاوازییەكی زۆری داهات هەیە، هەبونی ئایدۆلۆژیای ماركسیزم رەوایی دەدات بە دابەشكردنی سامان لەنێوان ئەم دوو ناوچەیەدا. بەبێ ئەم دابەشكردنە، چین ناتوانێت بەئاسانی وەك وڵاتێكی یەك پارچە بمێنێتەوە. دیارە هەردوو بەشەكە بەهۆكاری جیاواز ناڕازین، خەڵكی كەناراوەكان بەهۆی دەوڵەمەندییانەوە، خەڵكی رۆژئاوا بە هۆی هەژارییانەوە) گرنگی ئەم خاڵە بۆ ئێمە ئەوەیە كە گەرەنتی سەركەوتنی مۆدێرنە سیستەمی ئابورییە، كە كاریگەری راستەوخۆی لە سەر سیستەمی كۆمەڵایەتی و حوكمداریش هەیە، نەك سیستەمەكانی تر. كەواتە مۆدێرنەی رۆژئاوایی بەبێ سەرمایەداری سەركەوتوو نابێت. لێرەدا دەبێت كەمێك بە ئاگاییەوە بیربكەینەوە. ئایا كۆمەڵگای ئێمە دەتوانێت ببێت بە سەرمایەداری؟ دیارە بەئاسانی نەخێر. بەگشتی سێ بەربەستی گەورە لەبەردەم سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە، یەكەم، كەلتوری كوردی و ناوچەكە، دووەم، ئاینی ئیسلام، سێیەم، زاڵی بیری چەپ. پێش ئەوەی زیاتر باس لە رێگرییەكان بكەین هەستدەكەم پێویستە چەمكی سەرمایە پێناسە بكەین. سەرمایەو سەرمایەداری چەمكێكی قێزەوەنە لەدونیای ئێمەدا، دیارە وەك دوفاقییەك. بەڵام سەرباری ئەوە ئاگایی قوڵ نیە دەربارەی ئەم چەمكە. سەرمایە یان كەپیتال بریتی نیە لەخاوەندارێتی یان خاوەندارێتی تایبەت. لەدیدی ماركسەوە، سەرمایەداری پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتییە، كە سێ بنەمای هەیە: یەكەم، جیاكردنەوەی كرێكار لەئامرازو شێوازی بەرهەمهێنان. دووەم، جیاكردنەوەی كرێكار لەبەرهەمی بەرهەمهێنراو. سێیەم، جوداكردنەوەی قازانجكردن لەخاوەندارێتی. شمەكەكان یان شتەكان خۆیان سەرمایەنین بەڵكو لەمیانەی پەیوەندی كۆمەڵایەتیدا دەبن بەسەرمایە. دیارە ئەم پێناسەیە نێگەتیفە و زیاتر دەربڕی دونیا دیكنزیەكی كۆمەڵگای ئینگلیزی ڤیكتۆرییە. بەڵام بۆ تێگەیشتن لەچیەتی پرسەكە بەسودە.  لەهەمانكاتدا لە ڕووی ئابوری و حوكمداری و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانی زانست و داهێنان زۆر بواری ترەوە كۆمەڵێك خەسڵەت هەیە، كەگرنگن لێرەدا. بەم پێیە وەرچەرخانەكە فرە ئاست و ئێجگار ئاڵۆزە. لەخوارەوە لەچەند خاڵێكدا بەسادەیی كورتی دەكەینەوە.

 یەكەم خەسڵەتی مۆدێرنە و سەرمایداری شلیی و نەبوونی ڕێگرییە. لەماركسەوە بۆ باومان ئەمە بەزەقی باسكراوە. دونیا ئێمە پڕیەتی لەڕێگرو ڕەقیی. بنەماڵەیی، سیستەمە كەلەپوری و كۆمەڵایەتی و ئاینییەكان. هەموو پێكهاتەی رەقن كە سیستەمی مۆدێرنەی هاوردەو سەرمایەداری ناتوانێت رایانماڵێت. بۆیە بەنەبوونی ئەم شلییە ناتوانرێت باس لە مۆدێرن بوونی كۆمەڵگای ئێمە بكرێت. ئەمە بەتایبەتی لە دۆخێكدا كە ئەم بەها كەلەپورییانە لەدۆخی بەرگریدان و دەتوانن ختۆكەی خەیاڵی زۆرینە بدەن.

دووەم، ئابوری كرێخۆری كە جۆرێكە لەئابوری سۆشیالیزمی. كرێخۆری لەزۆر رووەوە سۆشیالیزمییە چونكە حكومەت خاوەنی هەموو داهاتەكانە، زۆرینەی خەڵك بۆ حكومەت كار دەكەن، هەروەها ئامانجی سەرەكی ئابوری لای خەڵكی ئەوەیە كە حكومەت هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكات. سیستەمی كرێخۆری بیرۆكراتیەتێكی سەقەت بەرهەم دەهێنێت.

سێیەم، هەستكردن بە نادادپەروەریی. بێگومان سەرمایەداری دادپەروەر نیە، جۆری سەرمایەداری ئێمە زۆر زیاتر نادادپەروەرە. هەبونی یادەوەری بیری چەپ و بڵاوی وشەكانی وەها دەكات كە مامەڵە لەگەڵ ئەم بوارەدا ئەستەم بێت، بەتایبەتی لەسەردەمی پۆپیولیزمدا ئاسانە باس لەنادادپەروەیی بكەیت. هیچ سیستەمێك بە دادپەروەر لەدایك نابێت، بەڵكو دەبێت دادپەروەر بكرێت. لەم نووسینەدا مەبەستم داكۆكی لە سیستەمی سەرمایەداری نیە، كەهەموان لەلایەنە باش و خراپەكانی ئاگادارن. بەڵام ئەوە راستییەكی مێژووییە كە ئەو مۆدێلە لە مۆدێرنەیەی كەهەیە بەبێ سەرمایداری نابێت. كاتێك بەهۆكاری ئاینی و كەلەپوری و ئایدۆلۆژی سەرمایەداری رەت دەكەیتەوە ئەوا ناتوانیت مۆدێرن بیت. كاتێك كە دەبیتە سەرمایداری بەبێ مۆدێرنە ئەوا كۆمەڵگایەكی زۆر نابەرابەری تر دروست دەكەیت لەكۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرن

بێگومان سەرمایەداری دادپەروەر نیە، جۆری سەرمایەداری ئێمە زۆر زیاتر نادادپەروەرە. هەبونی یادەوەری بیری چەپ و بڵاوی وشەكانی وەها دەكات كە مامەڵە لەگەڵ ئەم بوارەدا ئەستەم بێت، بەتایبەتی لەسەردەمی پۆپیولیزمدا ئاسانە باس لەنادادپەروەیی بكەیت. هیچ سیستەمێك بە دادپەروەر لەدایك نابێت، بەڵكو دەبێت دادپەروەر بكرێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.