سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

حەریم و حەرام

16/01/2022


 

حەمەسەعید حەسەن

 

(خەونەکانی ژنانی حەریم)ی فاتیمە مەرنیسی، هەم ڕۆمانە و هەم ژیاننامەیش، کارەکتەرەکانی هەندێکیان کەسانی ڕاستەقینەن، هەندێکی تریشیان زادەی خەیاڵن، ڕووداوەکانیش هەندێکیان بەسەرهاتی ڕاستەقینەن و هەندێکی دیکەیان، بەری درەختی فانتازیای نووسەرن، گێڕەرەوەیش کچێکە نۆ ساڵان کە دەشێت خودی نووسەر بێت. لەنێو کارەکتەرەکاندا، هەیە وەک قاسم ئەمین بیر دەکاتەوە و هەیشە دەڵێیت شاگردی غەزالییە. باوک لەم بەرهەمەدا کە بە هەق شاگردێکی بەئەمەکی غەزالییە، پێی وایە کێشەی موسڵمان لەگەڵ کریستیاندا چییە، لەگەڵ ژنیشدا، هەر هەمان شتە، چونکە هەردوو لایان (سنوور)ی پیرۆز دەبەزێنن. باوک پێی وایە، کە خودا زەوینی خوڵقاند، وەک چۆن ژنانی لە پیاوان جودا کردەوە، بە هۆی زەریایەکی بەرینەوە، مەبەستی زەریای سپیی ناوەڕاستە، گاورانیشی لە موسڵمانان جودا کردەوە. وەک چۆن کریستیانان لەو دیو زەریاوە، مەرگیان دەهێنا، ئەگەر ژنانیش لە پیاوان جیا نەکرێنەوە، فیتنە کە ئاژاوەی کۆمەڵایەتییە، دەقەومێت.(١)

 

ئەو سنوورەی باوکسالاران باسی دەکەن، نە هێڵێکی سروشتییە، نە هی دەستکرد، هێڵێکی وەهمییە، مەگەر تەنیا لە زەینی ستەمکاراندا هەبێت، ئاخر وەک چۆن چەوساندنەوەی بێدەسەڵاتان، تاوانە و سزای لەسەرە، هەر وایش، دەبێت پێشێلکردنی مافی ژنان، دەرچوون بێت لە یاسا و سزای بە دوادا بێت. لای بابسالار، ئایین بە مانای سنوور دێت، سنووریش بە مانای گوێڕایەڵی دێت، گویڕایەڵیی ژن بۆ پیاو. ئەوەی کە پیاو لە ژن باڵاترە، پرەنسیپێکی جێگیر و نەگۆڕی ئایینییە، ژنێک بڕوای بەو پرەنسیپە نەبێت، لەگەڵ ئاییندا دەکەوێتە ناکۆکییەوە. 

 

بۆچی فارووقی پاشای میسر، شاژنە فەریدەی تەڵاق دا؟ چونکە هەر کچی دەبوو، بە گوێرەی (شەرع)یش، کچ نابێت لەجێی باوکی لەسەر (عەرش)  دابنیشێت. منداڵ بەرهەمی پێوەندیی باوک و دایکە، هەردووکیان هێندەی یەک بەرپرسن لەوەی کچ دەبێت یان کوڕ، کەچی لە کۆمەڵی بابسالاریدا، لە دایکبوونی کچ، وەک تاوان سەرنج دەدرێت و ئەوە دایکە، بەهۆی ئەو (تاوان)ەوە سزا دەدرێت، بە مەرجێک بە گوێرەی شەرع، ئەوە زاتی خودایە، بڕیار دەدات، ئەوی لە سکی دایکدایە، بە کوڕ دەخوڵقێت، یان کچ دەردەچێت. 

 

(نابێت پشت بە پیاو ببەستیت داکۆکیت لێ بکات، پێویستە پشتت بە خۆت قایم بێت. پێویستە وەک چۆن فێری ڕۆییشتن و قسەکردن دەبیت، فێری هاوارکردن و دەربڕینی ناڕەزاییش ببیت. کە سووکایەتیت پێ دەکەن و بێجگە لە گریان هیچ کاردانەوەیەکی دیکەت نییە، ئەوە بەو مانایە دێت، بۆ ئەوە هانیان دەدەیت، دیسان سووکایەتیت پێ  بکەنەوە. پێویستە فێر ببیت، وشە لە شوێنی خۆیدا بەکار بهێنیت، ڕەنگە لەسەر بە هەڵە بەکارهێنانی وشەیەک بە کوشت بچیت، وەک چۆن دەشێت، جوان بەکارهێنانی وشەیەک، ژیانت ڕزگار بکات.) ئەوە مۆچیاریی دایکێکە کە چیرۆکەکانی هەزار و یەکشەوەی ژنەفتووگە، بۆ کچکەی.

 

دەڵێن: ساڵانێکی دوور و درێژ بوو، پیاوان بەردەوام بە شەڕ دەهاتن، یەکیان دەکوشت و خوێن هەر خوڕەی دەهات، ئاخر دەسەڵاتێک نەبوو، سنوورێک بۆ خوێنڕشتن دابنێت. تا ڕۆژێک لە ڕۆژان، پیاوان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن، سوڵتانێک دەستنیشان بکەن و هەمووان گوێڕایەڵی ببن. ئیدی بڕیاریان دا، سەفەرێک بە مەبەستی ڕاوەژن ڕێک بخەن و هەر پیاوێک زۆرترین ژنی ڕاو کرد، ئەو ببێتە سوڵتان. دەبوو ئەو ژنانەی دەستگیر دەکران، لە جێیەکی داخراودا کۆ بکرێنەوە، تا دواتر بژمێردرێن. دەڵێن ماڵ لەو ڕۆژەوە داهاتووە، وەتاق خستنەوەی ژن، لەوساوە داهاتووە، حەریم وەها داهاتووە، ئەوە بۆیە کوردیش دەڵێت: ژن و ماڵیان گوتووە.

 

(دەڵێن سلێمانی حەکیم، حەوت سەد ژن و سێ سەد کەنیزەکی هەبووە، داوودیش وێڕای کەنیزەک، ژنگەلێکی زۆری هەبووە و ئەگەر دڵی چوو بێتە سەر ژنێکی جوان، مێردەکەی بۆ بەرەی پێشەوەی جەنگ ناردووە، تا زوو بکوژرێت و ژنەکەی بخوازێت.)(٢) خەلیفە هاروون ئەلڕەشید، کە لە سەردەمی ویدا، قەڵەمڕەوی ئیسلام لە دیواری چین نزیک بووبووەوە، دەڵێن لە حەریمەکەیدا کە تەلارێک بووە لە بەغدا، هەزار کەنیزەک هەبووە، لە حەریمی خەلیفە موتەوەکیلدا چوار هەزار کەنیزەک و لە هی خەلیفە موقتەدیردا، ژمارەی کەنیزەک لە هی وانیش زیاتر بووە. ئەو خەلیفانە، ژنیان بە (ڕاو) پەیدا نەدەکرد، بە دەم فەتحکردنی وڵاتانەوە، کۆیان دەکردنەوە. حەریم، لە حەرامەوە هاتووە، کە پێچەوانەی حەڵاڵە و بە مانای ڕێگە پێ نەدراو دێت. حەریم، ئەو شوێنەیە پیاو، ژن و منداڵی خۆی، تێدا دوور لە چاوی کەسانی دی، دادەنێت، ئەو شوێنە، مەرج نییە هەر ماڵ بێت، ڕەنگە ڕەشماڵ بێت. حەریم، هەر شوێنەکە نییە، ئەوانەیشە لەو شوێنەدا ژیان بەسەر دەبەن. حەریم، ڕێسا و دابی خۆی هەیە، بێ پرس و مۆڵەتی خاوەنەکەی، هیچ پیاوێک مافی نییە، پێ بخاتە ناوی.

 

چونکە ئەوە ژنە کە زێتر دیلی دەستی دابونەریتە، پارادۆکس ئەوەیە، ژن لە پیاو زیاتر، لەسەر پاراستنی دابونەریت سوور بێت. ئایا کامیان زێتر جێگەی بایەخە؟ پاراستنی دابونەریت؟ یان بەختەوەریی خەڵک؟ بەختەوەری چییە؟ ئەوەیە، ژیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا بەسەر بەریت کە خۆشت دەوێن. بەختەوەری ئەوەیە، هەست بکەیت کەسێکی ئازاد و سەربەخۆیت، تەنیا هەوێنی بەختەوەریی ئەوانی دیکە نیت. بەختەوەری ڕاگرتنی هاوسەنگییە، لە نێوان ئەوەی دەیبەخشیت و ئەوەی وەری دەگرێت. (ئازادی)یش ئەوەیە، خۆت خاوەنی ئاوەز و خود و جەستەی خۆت بیت. بۆچی بابسالار ئەوەی بە لاوە ئاسایییە، پیاو سیگار بکێشێت، کەچی بۆ ژن بە سنووربەزاندنی نێوزەد دەکات؟ بە مەرجێک سیگارکێشان، وەک چۆن بۆ ژن خراپە، بۆ پیاویش هەر زیانبەخشە. چونکە ژنەکە خۆی ئازادانە بڕیاری داوە، سیگار بکێشێت، بابسالاریش هیچ جۆرە ئازادییەک بە ژن ڕەوا نابینێت. 

 

پۆشاک پێوەندیی بە پرۆژەی ژنەوە هەیە، ناکرێت جلێکی دێرینت لەبەردا بێت و خۆت پێ ژنێکی مۆدێرن بێت. پۆشاک ڕەمزە بۆ ژن، ئەو ژنەی لە بازنەی جلوبەرگی دێریندا قەتیس بمێنێت، دیلی نێو زیندانی دابونەریت دەبێت. جلی ژنی کورد، بۆ شایی و سەیران جوان و لەبارە، وەلێ بۆ کار دەست نادات، ئەوە نییە ژنانی گوندنشین، بە جلی پیاوانەوە، لە باخ و کێڵگەدا کار دەکەن؟ کێشەی ژن بە خۆ شاردنەوە لەودیو عەبا و پەچە و حیجابەوە، چارەسەر نابێت، بەڵکوو بەوە دەردی سەختتر دەبێت، چونکە ئەوی بترسێت و خۆی حەشار بدات، زووتر دەبێتە قوربانی و ئاسانتر ڕاو دەکرێت. ئوم کەلسووم، کیژێکی هەژاری گوندی بوو، لە ڕێی خەباتی بێوچانەوە، لە ڕێی ویستێکی بەهێز و متمانە بە خۆ بوونەوە، بەسەر پلیکانەی شکۆمەندیدا سەرکەوتە سەرێ و لەسەر عەرشی گۆرانی ڕۆ نیشت، کە ئەو سەروەختە، ئەوە بۆ ئافرەتێکی سەر بە بنەماڵەیەکی هەژار وەک مەحاڵ وابوو.

جوانی تایبەت نییە بە ڕووخسار و بەژنوباڵا، لە ناخماندایە، دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بین، بیهێنینە دەرەوە. لە دەروونی هەر یەکێکماندا، ئیدی چ پیاو بین، چ ژن، گەنجینەیەکی شاراوە لە بەهرە هەیە، جیاوازیی نێوانمان لەوەدایە، بەشێکمان ئەو گەنجینەیە دەدۆزینەوە، دەیخەینە گەڕ و لێی سوودمەند دەبین و بە هۆیەوە خزمەتی ئەوانی تریش دەکەین، بەڵام بەشێکمان هەست بە هەبوونی ئەو گەنجینەیە ناکەین، ئیدی بە درێژایی تەمەنمان لە کوێرەوەریدا دەژین و ڕەوتارمان بەرانبەر ئەوانی دی زبر و دوژمنکارانە دەبێت. هەندێک جار کۆمەڵ بۆ دۆزینەوەی بەهرەکانمان کۆمەکمان دەکات و هەندێک جار، نا، بەڵام ئێمە وەک تاک خۆمان ڕۆڵی کاربڕ وازی دەکەین و دەتوانین بە هۆی بەهرەکانمانەوە، ژیانی خۆمان لە ڕیشەوە بگۆڕین و ڕۆڵمان لە گۆڕینی ژیانی ئەوانی تریشدا هەبێت.

 

ئەم ڕێسایە وەک چۆن بۆ نێر دروستە، بۆ مێیینەیش هەر ڕاستە، ئەگەر نا، ئوم کەلسووم ئەو ئەستێرە گەشەی لێ دروست نەدەبوو. زەینەب فەوواز ساڵی ١٨٥٠ لە گوندێکی دوورەدەستی لوبنان هاتە دنیاوە و سەرەتای ژیانی بە (کارەکەری) دەستی پێ کرد، بەڵام بە کۆششی خۆی، بوو بە ناوێکی ناسراوی ڕۆشنبیری و ناوبانگی بە بەیرووت و قاهیرەدا بڵاو بووەوە. ئەو ژنانەیشی کە وا دەردەکەوێت، خاوەنی هیچ بەهرەیەک نەبن، ئەوە بەخت یاوەریان نەبووە، یان ڕاستتر، هەلیان بۆ نەڕەخساوە، ئەگەر نا، لە ناخی ئەوانیشدا کانێک لە زێڕ هەیە.

 

لە سەدەی ڕابردوودا، لەو باکووری ئەفریکایە، ئەو پیاوانەی خۆیان بە نیشتمانپەروەر زانیبا، لێ دەگەڕان ژن و کیژیان، بە پۆشاکی خۆرئاوایییەوە بچنە دەرەوە. قاسم ئەمین کتێبی (ئازادکردنی ژن)ی لە ١٨٩٩ دا بڵاو کردەوە، ئەوسا بابسالاران پێیان وابوو، ئەگەر ژنی جوان ڕووی خۆی دانەپۆشێت، پیاو بەرگەی بینینی ناگرێت و لە هۆش خۆی دەچێت. کەواتە لە سۆنگەی لاوازیی پیاوەوە، دەبوو ژن خۆی بشارێتەوە! کەموکوڕییەکە هی پیاو بوو، دەبوو ژن باجەکەی بدات! (ڕێگەی ژیان سەختە، دەبێت هەوڵی تەختکردنی بدەین.) لە کۆتاییدا ئەو ژنانە گرەو دەبەنەوە کە ئەو دروشمە پێڕەو دەکەن. کارەسات ئەوەیە، ژنان لە ناخیاندا زیندانێک ڕۆ بنێن و خۆیانی تێدا بەند بکەن، ئاخر ئەوسا وەک مەحاڵ وایە، بتوانن لەو زیندانە هەڵێن کە لە ناخیاندا ڕۆیان ناوە. 

 

جاران لە زۆر شاری وڵاتانی ئیسلامی، گەڕەکی جوولەکەکان جیابوو، هەنووکەیش، لە زۆر شاری ئەمریکا، گەڕەکی ڕەشپێستەکان جیایە، جیاکردنەوەی ژن لە پیاویش، هەر چەشنێکە لەو جیاکارییانە و دەکەوێتە خانەی سووک سەرنجدانی ئەوانی دیکەوە. بەندکردنی ژن لە چوارچێوەی ماڵدا، وا دەکات خونچەی بەهرەی وەک پێویست نەگەشێتەوە، ئاخر ئینسان بە هۆی چوونە دەرەوە و سەفەر و دنیابینینەوە، ئاوەزی گەشە دەکات. بابسالار بۆیە ژن لە حەریمدا زیندانی دەکات، بۆ ئەوەی عەقڵی نەکەوێتە گەڕ، ئاخر ئیشی بە عەقڵی مێ نییە، خەیاڵی لای جەستەیەتی.

 

مەسعوودی، کتێبێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: مروج الذهب، تێیدا دەڵێت: (بە هۆی مانگەوە، ڕووەک گەشە دەکات، میوە پێ دەگات، ئاژەڵ گۆشتن دەبێت و ژن مانگی جارێک خوێنی لەبەر دەڕوات.) بە گوێرەی کولتووری بابسالاری، ژن مانگی جارێک سزا دەدرێت، سزای ئەو تاوانەی کە بە مێ خوڵقاوە، ئەو سزایە، خوێن لەبەر ڕۆییشتنی مانگانەیە و لە مەغریب، (باجی مانگانە)ی پێ دەڵێن، نەک بێ نوێژی، یان سووڕی مانگانە. لە زمانی عەرەبیدا، قەمەر کە بە مانای مانگ دێت، هەم بۆ ناوی پیاوان دەست دەدات و هەم بۆ هی ژنانیش. لە هەزار و یەکشەوەدا، میرێک هەیە، خۆی ناوی قەمەر ئەززەمانە و ژنەکەیشی ناوی (بدور)ە، کە کۆی بەدرە و بە مانای مانگی چواردە دێت.

 

(ئەگەر دەخوازیت، پیاوێکی دیاریکراو حەزی بچێتە سەرت، دەبێت شەوی هەینی، سەروەختی دەرکەوتنی ئەستێرەی زوهرە، بە قووڵیی بیری لێ بکەیتەوە و ئەم نزایە بڵێیتەوە: 

لاف لاف لاف داف

داف یابش دیبش

غالبش غالبش داعووج داعووج

عەرەق سەدرووح

حاح حاح

 

 

بۆ ئەوەی خواستەکەت بە دی بێت، پێویستە ئەو وشە سیحراوییانە، کە لە زمانی جنۆکەوە وەرگیراون، بە دروستی و بە ئاوازەوە و بەوپەڕی متمانەوە بڵێیت و بڵێیتەوە، ئەگەرنا، نەک هەر دوعاکەت گیرا نابێت، بەڵکوو ئەگەری ئەوەیش هەیە، جنۆکە کە زیندەوەرگەلێکن لە بان سروشتەوە، غەزەبیشت لێ بگرن.) ئەم (زانیاری)یانە لە (الکتاب الأوفق)دا بڵاو کراونەتەوە کە گوایە لە نووسینی ئیمامی غەزالییە. لە ڕوانگەی پەیامبەرەوە، ئەو ژنانەی هانا بۆ سیحر دەبەن، لە ڕۆژی قیامەتدا، بەرەو ڕووی کوتوپڕیی ناخۆش دەبنەوە.

 

دنیا بەم شێوەیەی ئێستای دنیایەکی پۆخڵە، بە بەشداریکردنی ژنان لە گۆڕینیدا، هەم پاکژ دەبێتەوە و هەم دیوار و سنووری تێدا نامێنێت. بابسالاران لەگەڵ ئەوەدان توند خۆمان بە دابونەریتەوە شەتەک بدەین و هەموو یاخیبوونێک لە کەلەپووری باب و باپیران، بە ناشیرین و خراپ لە قەڵەم دەدەن. لەو ڕوانگەیەوە، ژن هەر دەبێت لەنێو ماڵدا قەتیس ببێت و لە پێناوی بەختەوەریی خێزاندا، بیر لە هیچ تازەگەرییەک نەکرێتەوە، ئاخر گوایە ماقووڵ نییە، نەوەی نوێ، لە هەموو نەوەکانی پێشووتر، بەئاوەزتر بێت!

 

(جووتێک تاوس، هەستیان دەکرد، ئازادییان لێ زەوت دەکرێت و بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانیان زیاتر دەبێت، بۆیە بڕیاریان دا، ژینگەی خۆیان جێ بهێڵین و ئیدی لە شەققەی باڵیان دا و لە دوورگەیەک نیشتنەوە، لە بەهەشت دەچوو...) ئەوە یەکێکە لەو چیرۆکانەی شەهرەزاد بۆ شەهرەیاری دەگێڕێتەوە. تاوس لەوێدا ژنە کە دەبێت بەردەوام بە دوای هەلومەجی گونجاوتردا بگەڕێت و مل بۆ سەختییەکانی ژیان کەچ نەکات، ژنێک کە هاوسەرێک هەڵببژیرێت، بۆ دۆزینەوەی دوورگەی دڵگیر و گونجاو، هاوسەفەری بێت، هاوسەرێک بۆ خەبات لە ڕێی ئازادی و یەکسانیدا، هاندەری بێت، نەک لە زیندانی کەلەپووردا بەندی بکات و دەرگەی ماڵی لەسەر کڵۆم بدات.

 

هەنگاوی یەکەم ئەوەیە، خاوەنی خەون بین، ڕاستە دنیا بە خەون نایەتە گۆڕین، وەلێ پاراستنی شکۆمەندیمان لە خەونبینیەوە دەست پێ دەکات. خەونبینین ئەوەیە، قایل نەبین سووکایەتیمان پێ بکرێت و خەیاڵمان لای جیهانێکی جوان و دادپەروەرانە بێت. ژیان ئەوە نییە، هەناسە بدەین، ژیان ئەوەیە هەست بکەین، شنەی جووڵەی زەمەن، خوتووکەمان دەدات. ژن کە زیندانی حەریم ڕەت دەکاتەوە، پێویستە ڕەشماڵ و کۆنەهەواریش ڕەت بکاتەوە، بە گژ ڕابردوویشدا کە دنیای مردووانە بچێتەوە و چاو ببڕێتە دنیایەکی تازە و ژینگەیەکی ئازاد. سنوورێک هەیە، دنیا دەکات بە دوو بەشەوە، بەشێکی بۆ بەهێزان و بەشێکی بۆ لاوازان. لاواز ئەو کەسەیە، لە هەوڵی ئەوەدا نییە، خۆی لەو زیندانە ڕزگار بکات کە بە دەستییەوە گیرۆدە بووە.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.