سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

چەندە گرنگین لە نێو ئەم گەردوونە بێ شومارەدا؟

17/01/2022


 

لوقمان حەوێز

 

ئایا ئێمە گرنگین لە نێو ئەم گەردوونە ئەقڵ وەستێنە لە فراوانی و گەورەیی و بێ شوماری؟
یاخود تەنیا دۆخێک و ڕێکەوتێکی زۆر کاتین لەنێو گەردوون و بووندا؟

 

پێشکەوتنەکان لە زانستی فیزیای گەردوونناسی لە نزیکەی 100 ساڵی ڕابردوو توشی سەرسوڕمانێکی زۆر گەورەی کردوین، بەدیوێکدا زانیاریەکان و پێشکەوتنەکان زۆر گرنگن و پێویستن بۆ ئەوەی پێگەی خۆمان و هەسارەکەمان بزانین کە تاکە لانە وماڵی ئێمەیە لەنێو ئەم گەردوونە.

 

بە دیوێکی تردا زانیاریەکان و دۆزینەوەکان تۆقێنەر بوون، بۆچی..؟ چونکە پێمان دەڵێت بە هەر پێوەرێک بێت ئێمە و هەسارکەمان ئەوەندە بچوکین بە بەراورد بە فراوانی گەردوون وەکو ئەوە وایە نەبین، تەنیا مەزەندەی ئەم نمونەیە بکەن: ئەگەر ڕووبەری هەموو بیابانی گەورە وەربگرین کە تێکڕای ڕووبەرەکەی لە 10 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا گەورەترە، ئەگەر هەموو ئەو بیابانە تەنیا گەردوونی بینراو بێت ئەوا هەسارەی زەوی بە بەراورد بە بیابانی گەورە لە هەڵماتێکی بچوک بچوکتر دەبێت، ئەی قەبارە و پێگەی ئێمەی مرۆڤ ئەوساکە چەندە..؟ بێ گومان ئەوساکە لەو بەراوردە ئێمە بەچاو نابینرێن، قەبارەی هەر یەکێکمان هەندێک لە گەردیلەیەک یان ئەتۆمێک گەورەتر دەبێت، لەم بەراوردەدا دەردەکەوێت ئێمەی مرۆڤەکان ئەوەندە بچوکین وەکو ئەوەی نەبین وایە.

 

کەواتە ئێمە کە بونەوەرێکی زیرەک و خاوەن زانست و داهێنانین لەو نمونەی سەرەوەدا قەبارەی هەسارەکەمان هێندەی هەڵماتێکە لەنێو بیابانی گەورەدا، ئایا ئێمە گرنگین یاخود نا؟

 

دوو ئەگەر هەیە:

یەکەم: ئەگەر تەنیا بین لەنێو ئەم گەردوونە بێ شومارە، هەروەها گەردوونی ئێمەش تاکە گەردوون بێت واتە هەموو بوون بێت، ئەوا من پێم وایە لەم دۆخەدا لەگەڵ گەورەیی و بێ شوماری گەردوون و بچوکی ئێمەش بەڵام زۆر زۆر گرنگ و تایبەتین، لێرە مەبەستم زیرەکی نێو ژیانە کە مرۆڤ خۆی لە لوتکەی ئەو زیرەکیە دەبینێتەوە، لەوانەیە نهێنیەکی زۆر گەورەتریش هەبێت لەپشت بوونی ژیان و ئێمە لەسەر هەسارەی‌ زەوی کە ئێمە جارێ لە ڕووی زانستیەوە هەرگیز دەرکی پێناکەین، لەم دۆخەدا لەبەر ئەوەی زانستمان داهێناوە و دەرکمان بەبێ شوماری و فراوانی گەردوون کردوە ئەگەری ئەوە هەیە ئێمە بۆ مەبەستێکی زۆر گەورەتر هەبین، دورنیە بۆ ئەوە هەبین تاوەکو وردە وردە دەست بەسەر هەموو گەردووندا بگرین و ڕواڵەتی هەموو بوون و گەردوون بگۆڕین، کەواتە دور نیە لەم دۆخەدا گەردوون و ژیان بە زیرەکی ئێمەشەوە دروستکرابێت و دیزاین کرابێت بۆ ئەو مەبەستە ئینجا ئەگەر ئەو بوونەی تیایداین ڕاستیەکی فیزیکی بێت یاخود سیمولەیشن، لەهەردوو دۆخدا دروستکەرێک و دیزاینەرێک و مەبەستێک هەیە و لەئارادایە.

 

دووەم: ئەگەر بوونی و سەرهەڵدانی ژیان بە گشتی و ژیانی زیرەکیش شتێکی حەتمی بێت لەنێو ئەم گەردوونە فراوانە و لە ملیۆنەها شوێنی تر سەری هەڵدابێت و لەناویش چووبێت، ئێمە و هەسارەکەشمان یەکێک بین لەو شوێنانە، هەروەها ژمارەیەکی بێ کۆتاش لە گەردوونی تر هەبێت، ئەوا ئێمە ئەوەندە گرنگ نین و دۆخی بوونمان زۆر کاتیە، بوونیشمان زۆر بێ مانا دەبێت چونکە ئەوساکە لە ڕێکەوتێکی نێو دروستبوونی ئاڵۆزی زیاتر هیچی تر نین لەنێو ئەم گەردوونە بێ شومارە، لەم دۆخەدا گەردوونی ئێمەش تەنیا ڕێکەوتێکی نێو هەموو بوونە و ئەگەری بوونی ژمارەیەکی بێ کۆتا لە گەردوونی تر لەئارادا دەبێت.

 

ئەی کام ئەگەر ڕاستە یان ڕاستترە؟

 

ئەگەر لە گەردوونناسان بپرسیت زۆربەیان پێیان وایە ئەگەری دووەم ڕاستە، بەڵام کێشەیەک هەیە تاوەکو ئێستا ئەویش پێی دەووترێت Fermi.Paradox واتە نەزانراوی فێرمی، کە دوای پرسیارە گەورەکەی زانا و فیزیاناسی ئەمەریکی بەڕەگەز ئیتاڵی ئینریکۆ فێرمی هاتە ئاراوە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو پرسیاری کرد و ووتی: باشە ئەگەر گەردوون کە ئاوا بێ شومارە لە فراوانی و ئەگەر لە ملیۆنەها شوێنی تر ژیانی زیرەک هەبووایە ئەوا دەبووایە دوای ئەو ملیارەها ساڵە نیشانەی بوونیان هەموو گەردوون بتەنێت، چونکە ئێمەی مرۆڤ ئەگەر بمێنین و هەر پێش بکەوین ئەوا دوای چەند ملیۆن ساڵیکی تر دەست بەسەر هەموو گەلەئەستێرەکەماندا دەگرین، ئەگەر یەک ملیار ساڵ زیرەکی ئێمە بمێنێت لەوانەیە هەموو گەردوونی بینراو داگیر بکات لەگەڵ ئەوەی کە بێ شومارە لە فراوانی و گەورەیی، کەواتە ئەو بونەوەرە زیرەکانەی باس دەکرێن لە کوێن ئەگەر ئێمە تەنیا نەبین لە گەردوون..؟ بۆچی هیچ نیشانەیەکی بوونیان نابین لەگەڵ ئەوەی پتر لە پەنجا ساڵە زۆر بە قووڵی چاودێری نیشانە ڕادیۆییەکانی نێو گەردوون دەکەین و چاودێری دەیەها ملیۆن گەلەئەستێرەی ترمان کردوە لە دور و نزیکەکان.

 

لەهەندێک لە ڤیدیۆکانم تیشکم خستۆتە سەر ئەم پرسیارە، بەڵام بەم زووانە لە ڤیدیۆیەکدا زۆر وردتر قسە لەسەر سەر پارادۆکسی فێرمی دەکەم، تا ئێستا کۆمەڵێک هۆکارمان دەست نیشان کردوە بۆ نەبینین و هەست نەکردن بە بوونی نیشانەکانی ژیانێکی تری زیرەک یان زۆر زیرەک لەنێو گەردوون، پتر لە 70 هۆکار هەیە بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەڕاستی تا ئێستا هیچیان وەڵامێکی تەواو دروست و سەدا سەدی پێ نیە بۆ ئەو پرسیارە گرنگە.

 

کەواتە لەم دۆخەدا و لەنێو ئەم هەموو نەزانراوەدا چی بکەین؟ چۆن بژین؟ چۆن بیربکەینەوە؟

لەگەڵ ئەوەی کە تەماشای خۆمان و هەسارەکەمان لەلایەک دەکەم و تەماشای فراوانی بوون و گەردوون دەکەم دەزانم ئێمە بەهەموو پێوەرێک بێت هیچ نین و ئەوەندەش گرنگ نین، هەروەها لایەنی کەم ئەوەش دەزانم کە دۆخی بوونمان لەسەر هەسارەکەمان زۆر کاتی و کورتە، بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە لە ساتەکانمدا بژیین ئەوەندەی لێرەین لەسەر ئەم هەسارەیە، هەروەها بتوانین هەریەکەمان مانایەکی جوان ببەخشینە بوونی خۆمان لەو ماوە کورتەدا، ئەگەر وا نەکەین بە دڵنیاییەوە بوونی ئێمە بێ مانا دەبێت بەهەموو پێوەرە فەلسەفی و زانستیەکان.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.