سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ململانێی سێ باڵەكەی یەكگرتووی ئیسلامی قوڵ دەبێتەوە

17/01/2022


ململانێی بادینی، سلێمانی و هەڵەبجەیی، هەولێرییەكانی نێو یەكگرتووی ئیسلامی زیاتر دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەیشتنە لوتكە.

بەپێی زانیارییەكان، دوای چەندین رۆژ مشتومڕ و گفتوگۆ لەسەر دانانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دواجار بە بڕیاری سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پۆستەكە بۆ جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە سنوری پارێزگای دهۆك لە دەڤەری بادینان یەكلابوەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، جەمال كۆچەر پەرلەمانتار و نوێنەر لە پارێزگای دهۆك و موسەننا ئەمین پەرلەمانتار و نوێنەر لە پارێزگاكانی سلێمانی ‌و هەڵەبجە كێبڕكێیان بوو بۆ بردنەوەی كورسی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو.

جەمال كۆچەر و موسەننا ئەمین خۆیان بە شایستە دەزانی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بە لەبەرچاوگرتنی رابردویان لە بەغداد و رۆڵ و پێگەی تایبەتی خۆیان لەنێو حیزب و جەماوەری یەكگرتودا، بەڵام دواجار جەمال كۆچەر كێبڕكێكەی لە موسەننا ئەمین بردەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبارەی ململانێكانی نێو یەكگرتوو وتی: ململانێكان لەنێو یەكگرتودا لەسەر چەند ئاستێكن، پێشتر لەنێوان بادینی و سۆرانییەكان بوو، ئێستا باڵی هەولێرییەكانیش پەیدابون، بەتایبەتی دوای رێوشوێنەكانی سەركردایەتی لە دژیان. 

وتیشی: باڵی هەولێرییەكان بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی هیچ كاندیدێك سەربخەن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری رابردودا و دواتر لەلایەن سەركردایەتییەوە رێوشوێنیان لەدژ گیرایە بەر و بەشێكیان سزا دران، بۆیە لاواز بون و پەراوێز خراون، ئەوانیش نیگەرانن لە هەردوو باڵی بادینییەكان و سلێمانی و هەڵەبجەییەكان.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1994دا دامەزراوە و هەرچەند لە زۆرینەی ماوەكاندا خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانێت، بەڵام لە چەند كابینەیەكی حكومەتی هەرێمدا بەشداریكردوە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سنوری بادینان و هەڵەبجە جەماوەری تایبەتی خۆی هەیە بە پلەی یەكەم و دواتریش لە سلێمانی و هەولێر.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.