شەماڵ بارەوانی
مێژووی ئەشكەنجەدان لە ئیسلامدا كتێبێكی بەهادار و بەنرخی نووسەر و بیرمەندی كۆچكردووی بەڕەگەز عیراقی (هادی العلوی)یە.
مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا
ئەرشیفێكی قێزەونی مێژوویەكی خوێناویە، تۆمارێكی ناشرینی سەردەمێكی مێژووییە، كە تا ئێستایش كەسانێك، چەواشەكارانە و فریودەرانە، ئەو مێژووە قێزەونەی كە بارگاویە لەناشرینی و پڕ لە تیرۆر و سەر بڕین و دەست و پێ بڕین و زمان و گوێچكە بڕین و سوتاندن و زیندەبەچاڵكردن و دەیان شێوازیتری دڕندانە و هۆڤانەی ئەشكەنەدانی مرۆڤە، وەك برگەیەك و سەردەمێكی زێڕین و چاخ گەلێكی پێرفێكت و نموونەیی و ئایدیاڵی بەئێمەمانان و مرۆڤایەتی دەفرۆشرێتەوە و خەریكی مۆنتاژكردن و ماكیاژكردن و جوانكردنین.
مێژوویەك، تیرۆر و كوشتن و سەركوتكاری و ستەمكاری لێدەتكێت و بۆنی مەرگ و خوێنی لێ دێت، مێژوویەكی ڕەشی لێوان لێو لە جەنگ و تیرۆركردن و داگیركردنی خاكی گەلان و بەكەنیزەكردنی ژن و خوشك و كچ ودایكی خەڵك و بە كویلەكردنی پیاوەكان، مێژووەكی سیخناخ لە دزین و تاڵانكردن و فەرهودكردنی ماڵ و مولكی خەڵك و خاكی وڵاتان، تەژی لە شێواندن و بەتەعریبكردن و بەتورك و پارسكردن و بە ئەنفالكردنی ناسنامە و زمان و كەلەپور و كلتور و هەموو شتێكیتری نەتەوەیی كورد و زۆرێك لە نەتەوەكانی تر، لەژێر ناوی فتوحات و جەنگی پیرۆز، بە پاساوی بێ ماناو پڕوپوچ هێرش و پەلاماری ناڕەوا و داگیركەرانەیان دەكردە سەر خاك و شەڕەف و وڵات و هەموو شتێكی خەڵك و ئەویتر!
مێژوویەك، ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت، بەسەرەتاترین پێناسەو مانای، لەسادەترین فۆرمیدا تێیدا ونە، هەموو دەنگێكی ئۆپزسیۆن و ناڕازی و هەناسەكی ئازادو دیدێكی جیاواز، دەخنكێندرێت و تیرۆرەكرێت و لەناو دەبرێت، دەیان و سەتان گەیلان و جەعد و هەلاج و ئیبنولموقەفەع و كێ و كێیتر، لەداردەدرێن و سەر و دەست و پێ و قاچ و گوێچكە و زمان دەبڕدرێن و دەسوتێندرێن، ئیبن ڕوشدەكان تێیدا دەردەكرێن و كتێبخانەكانیان گڕدەدرێت و موعتەزیلە و عەقلانیەتی تێدا تیرۆر و قەڵاچۆ دەكرێت.
مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا
ئەشكەنجەنامەیەكە، سەبارەت بە ئەشكەنجەدان لەمێژوویەكی دوورودرێژ، مێژوویەك هێشتا كەسانێكی خەرەفاو، بەشان و باڵیدا هەڵدەڵێن و لەپێناویدا دەجەنگن و خەون بە دووبارە بەگەڕانەوەی دەبینن!
مێژوویەكی هێندە پیس و بۆگەن، مرۆڤ لەكاتی خوێندنەوەو هەڵدانەوەی لاپەڕەكانیدا، تەزو بەجەستەیدادێت و هێڵنج دەیگرێت و شەرم و دڵگوشین و بێزاری دایدەگرێت، مێژوویەكی بەپیرۆزكراو بە بڤەكراو، مێژوویەك، ڕەخنەگرتن لێی و قسەكردن لەسەری، یەكسانە بە هەرتەقەبوون و لادان لە ڕاستی و دژایەتی كردنی پیرۆزیەكان و ئاسمان خوداوەند!
مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا
كتێبێكی زێدە بایەخدارە و هادی عەلوی زۆر بەوردی و بەپێی ئارگیۆمێنت و سەرچاوە ئیسلامیەكانی وەكو تەفسیر و فەرمودە و كتێبە فقهی و فیكریەكان و لەزاری پیاوە ئایینی و لاهوتیەكان و نووسەر و بیرمەند و ڕۆشنبیر و موفەسیر و فەقێ و مێژوونووسە ئیسلامیەكان خۆیانەوە لەنمونەگەلێكی وەكو:
ئەلكوشافی زەمەخشەری، تەبەقاتی ئیبنو سەعد، تەبەقاتی سۆفی سەبەكی، سونەنی دارمی، سونەنی ئەلنەسائی، سونەنی بەیهەقی، موەتەئی ئیمام مالیك، سەحیحی تورمزی، مێژووی تەبەری، بیدایە و نیهایەی ئیبنولكەسیر، ئەنساب وەلئەشراف و فتوحولبولدانی بەلازەری، فەهرەستی ئیبنولنەدیم، كامل فی لتاریخ و ئەسەدولغابە و ئەللوباب فی تەهزیبوئەلئەنسابی ئیبنولئەسیر، تەبەقاتی ئیبن سەعد، قصاص والمذكرونی ئیبنولجوزی، ئحیائولعولومولدینی غەزالی، سیرەی ئیبنولهیشام، عەقدولفەرید و ئەلئیستیعابی ئیبن عەبد ڕەبە، سیەر ئەعلامولنوبەلائی زەهەبی، ئیتتیعاز و ئەلحونەفای مەقریزی، ئەلئەغانی ئەبوفەرەجی ئەسفەهانی، ئەلمەحەلای ئیبنولحەزم، ئەلسیاسە ئەلشەرعیەی ئیبنولتەیمیە، ئەحكامولسوڵتانیەی ماوەردی، ئەلئەعتیسامی شاتبی، موغنی ئبنولقودامە، تاریخولملوك و تاریخی یەعقوبی و، دەینوری و جاحز و ..تاد. خۆیان لەو ئەشكەنجەدانە دەدوێت، كە لەلایەن خەلیفە و والی و حاكم و سەركردە ئیسلامیەكان لەخەڵكی كراوە، ئەو سەركردە و والی و خەلیفە و حاكمانەی هەڵگری نەزعەیەكی زۆر سادیكانە بوونە و چێژێكی بێ ئەندازەیان لە ئەشكەنجەدانی مرۆڤەكان بردووە!
لە (مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا)
نوسەر سەبارەت بە ئەشكەنجەدان، لەدیدەنیگا و تێڕوانینی گرووپە جیاوازەكانی نێو بازنەی ئیسلام دەدوێت لەنێویاندا فەرمودەناس و فەقیهەكانی ئیسلامی و هەڵوێست و بۆچوونەكانیان سەبارەت بە ئەشكەنجەدان دەخاتەڕوو، پاشان باس لەڕۆڵی یاساكان و شارستانیەكان و دینەكان بەگشتی دەكات، لەپشتگیری كردنی ئەشكەنجەدان و، لەو دیاردە نامرۆڤانە و تاوانكاریەی ئەشكەنجەدانی مرۆڤ و لە ڕەهەندی ئایینی ئەشكەنجەدان دەدوێت قسەوباس لەفیكرەی ئەشكەنجەدان دەكات لەناو كەلەپوری ئیسلامی و ڕەوایەتی دان و ڕەنگدانەوەی ئەشكەنجەدان لەتێكستەكانی ئیسلامدا و ڕۆڵ و دەستی ئەو ئایینە و هەموو ئاییەكانی تر لەو مەسەلەیەدا و، ئەشكەنجە لە تەورات، یاسای حەموڕابی و لای سۆمەریەكان و ئاشوریەكان، لەبودیەتدا، لە ئایینەكۆنەكانی میسری كۆن و سەردەمی ئەخناتۆن، ئەشكەنجەدان و هەمەجیەت لەمێژووی كونی چین و سەدەی سێیەمی پێش زایین و لەسەردەستی ئیمپڕاتۆر (چین شی هوانگ)، لەتبت و تاساڵی ١٩٥١، و كاتی سەربەخۆیی ئەو هەرێمە، ئەشكەنجە لەئۆروپای سەدەكانی ناوەڕاست و لەسەردەستی كلێس او دادگای پشكنین و چینی ئەكلیرۆس، سەردەمی ئیمپریالیزم و ئەشكەنجە و وەحشیگەریەتی ئینگلیز و ئیسپانیەكان لەدەرحەق دانیشتوانی ئەم وڵاتانەی داگیرو كۆڵونیان دەكرد، ئەشكەنجەی نازیزم و هیلتەرو ..تاد.
هەروەها نووسەر تیشك دەخاتە سەر جۆرەكانی ئەشكەنجەدان و لەبارەیانەوە دەدوێت، لەو جۆرو شێوازانە ئەشكەنجەدانانەی كە لە تێكستە ئایینیەكان و لەمێژووی ئاییندا هاتون و لەبارەی چەند جۆرە ئەشكەنجەدانێكی، وەكو: سوتاندن، داماڵینی پێست، تینوكردن و برسی كردن، دڕك دەرخواردن دان، بەردبارانكردن و ..تاد. دەدوێت، ئینجا بە تێرو تەسەلی و زۆر بە وردی باس لە چیرۆكەكانی ئەشكەنجەدان دەكات لەمێژووی ئیسلام و لەڕەگ و ڕیشەی ئەشكەنجەدان و شێواوز و جورەكانی ئەشكەنجەدان و مێژووی ئەشكەنجەدان دەكۆڵێتەوە و لەسەری دەدوێت لە ناو ئەو مێژووە خوێناوی و ئەشكەنجاویەی ئیسلامیدا.
لەسەردەمی خەلافەتەكانی ئیسلامی و لەسەردەستی خەلیفەكانی ڕاشدی، عەباسی، ئەمەوی، بوەیهی، فاتیمی، سەلجوقی، قەرامیتە و، عوسمانیلەكان و هەموو ئەوانەیتر، كەچۆن و بەچ شێوازێكی دڕندانە و نامرۆڤانە، ئەشكەنجەی سایكۆلۆجی و فیزیكی مرۆڤ و خەڵكیان داوەو خەڵكیان هەڵواسیوەو دەست و پێ و سەریان بڕیوەو سەریان بەگاشەبەرد پانكردوتەوە و داهێنانیان لەشێوازی كوشتن و تیرۆر و تۆقاندن و ئەشكەنجەدان و ئازاردانی خەڵك كردووە، لەو كاتەی تەنها شمشێر زمانی قسەو كۆتا بڕیاربووە و دیكتاتۆریەت و تۆتالیتاریەت فەرمانڕەوایەتی و حوكمی دەكرد و، دەوڵەتی سیوكراتی ڕەها كاریكردووە و شتێك نەبوو بەناوی سیستەم و لەناو چوارچێوەی ئەوخەلافەتە ئیسلامیانە، بەناوی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و ماف و دیموكراسی و مەدەنیەت و هاووڵاتی بوون و ژن بوون و، شتێك نەبوو لەسای دەسەڵاتی تۆتالیتارانەی ئەو خەلیفانە، بەناوی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەبڕین و بۆچوونی جیاواز و ئازاد و ڕەخنەی ئازادانە و پلورالیەتی ئایینی و تۆلەرەنس و دیموكراسیەت و دیالۆك، هەموو شتێك بەزەبری هێزو نوكی شمشێر یەكڵایی دەكرایەوە و، چەندان شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر و جودابیر و لائیك و دنیایەك جەعدی دەرهەم و گەیلانی دیمەشقی لەسەردەستی هیشامی كوڕی عەبدولمەلیكی ئەمیری ئیمانداران و خەلیفە و ولی و سوڵتانەكان، بەتۆمەتی بێ بڕوایی و لادان لە دۆكترینی ئایینی و قەدەریەت، دەست و پێ و سەربڕرداوەو، چەندین (أم قرفە)و محەمەدی كوڕی عەبادە و مەیسەم ئەلسەمار و ڕەشید ئەلهیجری و عەمارەی ئەلكەلبی و موغەیرەی كوڕی سەعیدی ئەلعەجەلی و بەشاری كوڕی بورد و سالح عەبدلقودوس و عەمری كوڕی ئەلحەمەقە و محەمەدی كوڕی حەسەنی زەنگی و حوسێنی كوڕی زەكەرویەی قەرامیتی و ئیبن ئەبو فەوارسی قەرامیتی و دەیان و سەتان و هەزارانیتر هەڵواسراون و بەشمشێر دەست و پێ و گوێچكە بڕدراون، و زمانیان قرتێندراوە و نینۆكەكانیان دەرهێندراوە و بە ئاگرداخكراون و سوتێندراون و بەزیندوێتی زیندەبەچاڵ و ژێرخاك كروان و، خەسێندراون، چاویان هەڵقەندراوە و دڕكی تێ چەقێندراوە و مەسیح ئاسا لەخاچ دراون و دەست و پایان بزمار ئاژەنكراوە، بەقامیش جەستەیان كون و برینداركراوە و خەل و خوێ بەبرینەكانیاندا كراوەو لە تەندوری گڕگرتووی پڕ ئاگرخراون و سوتێندراون، بەقامچی و دەست و پێڵەقە و مشتەكۆڵە تامردن لێیان دراوە و، لەبەرخۆر ڕاگیراون، سەرو ڕیشیان تاشراوە، لەنێوان دوو ئەسپ بەستراونەتەوە و ڕاكێشراون و دووكەرت كراون، لەسایەی دەوڵەتی سیوكراتی و تۆتالیتاری و لە لایان سوفیانی كوڕی مەعاویە و یەزیدی كوڕی موعاویە و موعاویەی كوڕی سوفیان و هارونە ڕەشید و موعتەزید و خالیدی كوڕی وەلید و هیشامی كوڕی مەلیك و ئەبو جەعفەری مەنسور و حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی و حاكم بیئەمرواللە و مەهدی و ڕەشید و واسقی كوڕی محەمەدی عەبدولمەلیك ئەلزیات و مەروانی كوڕی موحەمەد و عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان و یەزیدی كوڕی مەزید و یەزیدی كوڕی ئەلمولهەب و موسلیمی كوڕی عوقبە و قوڕەی بن شورەیك و زیادی بن ئەبیە و موعتەمەدی كوڕی عەباد و فەخرولمەلیك و سەفاحەكان و سەیفولدینەكان و سوڵتانولدینەكان و قائیم بیئەمروللاكان و بلانولحەق و فولانولدەولە و حاكم و خەلیفەو والی و وەزیر و ئەمیرەكانی تر هەموو، جگە لە (عومەری كوڕی عەبدولعەزیز كەكەمتر لەسێ ساڵ حوكمی كرد و، یەزیدی ناقیس شەش مانگ، ئەو دووەی لێ فڕێدەینە دەر)، باقیەكەی تر نووسەر وتەنی هەمووی سەركوتكار و دیكتاتۆر بوونە و، بەو شێوەیە مرۆڤەكان لەسەردەستی ئەمان و بەفەرمانی ئەمان و لەسایەی حوكمی ئەمان، دڕندەترین شێوە ئەشكەنجەدراون و لەشێوەی ئاژەڵێك سەر بڕدراون و لەخوێن گەوزێندراون و كوژراون.
چۆن جەعدی كوڕی دەرهەم، لەڕۆژی جەژنی قوربان و لەشێوەی بەرخێك و لەژێر منارەی مزگەوت و لەلایان (خالدقەسری) والی عیراق و پێش ئەوێش حیجاز، لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلامیەوە سەردەبڕدرێت و براكەی ئەمیش (ئەسەد) كە والی خوراسان دەبێت، هەمان شێوە دەست و پێی هەموو، لایانگرانی حارسی كوڕی سەریج دەبڕێت، تەبەری مێژوونووسی ئیسلامی باس لەوە دەكات، چۆن كەلەسەردەمی عەباسیەكان و تەنها لەسەر دەستی ئەبو موسلیمی خوراسانی ٦٠٠ هەزار، ژن و پیاو مێردمنداڵ عیدامكراون و بەشمشێرسەربڕردراون.
ئەسفەهانی لەوەدەدوێت كە ئەبو جەعفەری مەنسورلەسەردەمی خەلیفایەتی و دەسەڵاتی خۆیدابەعزێك لە عەلەویەكانی بە زیندوویی زیندەبەچاڵ كردووە،من لێرەوە دەوەستم و ئەوەیتر بۆ خوێنەر خۆی جێ دڵم كە بچێت كتێبەكە بخوێنێتەوە و بەدەستەكانی خۆی، لاپەڕە خوێناوی و پڕ لەتوندو تیژی و هەموو ئەو ئەشكەنجەدانانەی ناو ئەو مێژووە ڕەش و خوێناوی و بۆگەنە سەروبن بكات و چیتر باوەڕ بەو درۆیەو بەو ئەفسانەیەنەكات، كەگوایە مێژوویەكە هەموو باخ و گوڵ و گوڵزارو بەهەشتێك بووە.
باخوێنەر خۆی بڕوات و سەیری ئەو كتێبە مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا، بكات، تا زیاتر ڕاستیەكانی بۆ دەركەوێت و خەجاڵەتیەكان و نموونەكان ببینێت، نموونە ئابڕووبەرەكانی ئەشكەنجەدان، كە لەمێژووی ئیسلامی هێندە زۆرن و لەژماردن نایەن و بە هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەك لەو مێژووە خوێناویەدا، دەیان سكانداڵ و سەتان فەزیحەت لەنموونەی ئەشكەنجەدان. دەكەونە بەرچاو خۆیان نمایش دەكەن و دەبن بە هۆكارێك، كە چیتر هەر مرۆڤێكی ویژان زیندو هۆشیار بوویەوە، نەفرەتی ئەو مێژووە ڕەشە، ئەو مێژووە قێزەونەو بە پیرۆزكراوە و ئەشكەنجدانی مرۆڤ بكات و بەهەموو شێوەیەك ئەشكەنجەدانی مرۆڤ و ئازاردانی جەستەیی مرۆڤ، لەژێر هەرناو بەهەر پاساوێك بێت، ڕەتبكاتەوەو پڕ بەگەرو هاوار بكات و بگوڕێنێت و بڵێت،نەخێر بۆ ئەشكەنجەدانی مرۆڤ، نەخێر بۆ كوشتن و خوێن ڕشتن و سوتاندن و سەربڕین و دەست و پێ بڕین و بەردبارانكردن و لەسێدارەدان و بێ ڕێزی كردن بەمرۆڤ.