سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژن و دۆزەخی نێرسالاری

29/01/2022


شەماڵ بارەوانی

 

لە کۆمەڵی نێرسالاریدا هەموو کاتێک ژن لەنزمترین ئاستدا سەیردەکرێت ، ڕوانگەیەکی زۆر نێرسالارانەو نێگەتیڤ و نامرۆڤانە لەهەمبەر ڕۆڵ و پێگەو کەسایەتی ژندا هەیە!
ئەو کۆمەڵگەیەی پیاوە نێرسالارەکان لە هۆشیاربوونەوەو بێداربوونەوی  ژن دەترسن و ئازادی و کەرامەت و کەسایەتی ژنیان به پەرژینی نێرسالارانە و تەڵ دڕییەکی نامرۆڤانە دەورداوەو مێینەیان لەچوار لاوە بە دیواری نێرسالاری تەوقکردووە و بۆمبی بیری نێرگەرێتیان لەهەمو لایەکی ژیانی مێ چاندووە و هەموو ژیانی ژنیان پڕکردووە لەبڤەو تابوو و کوتەک و کابووسی نیرساڵاری، کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و لادەر لە پڕەنسیپەکانی مرۆڤ بوون، کۆمەڵگەیەک هێزی مەچەک و کوتەکی پیاو تێیدا باڵادەست و مێنتەڵێنتی پەتریاریکی هێز و بڕیاردەرەو دەسپێک و هەموو شتێک و کۆتا فرمانە, کۆمەڵگەیەک پیاو تێیدا هەموو شتێکە.یاساو سیستەم، دابوونەریت، پێوەرەکانی ژیان، کەڵبەکانی خێڵ هەمووی لەبەرژەوەندیی پیاو دژی کەرامەتی ژن داڕێژراون.کۆمەڵگەیەک نزیکە بڵێین ژن هیچ نییە تێیداو سفری دوای ژمارەکانە, کۆمەڵگەیەک ژن هیچ ڕۆڵ و بەهاو پێگەیەکی نییە. جگە لەگوێڕایەڵیکردنێکی بێ لام و جیمی پیاو نەبێ، کۆمەڵگەیەک هەموشتێکى بەدەست پیاوەوەیە، سوڵتەو سیاسەت و یاساو خێزان و سامان و هەموو شتێک.

ژن لەپەراوێزی کومەڵگەدایەو وەک بوونەوەرێکی پلەدوو کەم ئەقڵ و کەسایەتیەکی پاسیڤ و دەستەمۆکراو لاوازو ساویلکە لێی دەڕواندرێت و بەپەتی ئەهریمەن و  هۆکاری ئاژاوەی کۆمەڵ و هارکردنی گورگی هەوەسی پیاو و تێکدانی ڕەوشتی نێرو لادان لە بەهاکانی خێڵەکی دێتە ژماردن.

کۆمەڵگەیەک ژن تەنها وەک ئامرازێک بۆ حزمەتکردنی حەزو ئارەزووەکانی پیاو سەیردەکات، ژن دەبێت لەدوای سیبەری پیاودا هەنگاو بنێت، دایمە پێگیری فەرمانەکانی پیاو بێ، و بێ هیچ ناڕەزایەتی بوونێک وردوو درشتی لیستی داخوازییەکانی پیاو جێ بەجێ بکات،کۆمەڵگەیەک ژن وەک نەنگی و شەرمێک دەبینێت و وەک مرۆڤێکی ناکامڵ و پێنەگەیشتوو و پاشکۆی پیاو مامەڵەی دەکات.

 

ژن لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییە نێرسالارییەکاندالەململانێ و ناکۆکییەکی سەختی دەروونی قوڵدا دەژیت، ململانێیەک لەگەڵ ئەو کەسایەتییەی خۆی دەیەوێت، کەسایەتییەک ئازاد بێت لەهەموو کۆت و بەندەکانی نێرسالاری و کۆدەکانی کۆمەڵ، کەسایەتییەکی تریش، دەستەمۆکراو چەوسێندراو، کەسایەتییەکی ژێردەستەو ماف خوراو سەربەستی زەوتکراو بەش خورا،بەوچەشنە کەسایەتی ژن هەر لەمنداڵیەوە بەسەر ئەو دوو ئاڕاستە پێچەوانەو کەسایەتییە دژ بەرەدا دابەش دەبێت و بوونی دوو کەرت دەبێت، لەلایەک دەیەوێ یاخی بێت لە پێناو ئازادی و کەرامەت و مافەکانی و خۆی ئازاد بکات لە کۆدەکانی کۆمەڵی باوک سالاری، لە لایەکەیتریش خۆی ڕادەستی چارەنووس و چەوسانەوەو بێ هێزی و دۆڕان دەکات و سەری ژن بوونی خۆی شۆڕدەکاتەوە کۆشی و دەستەو سان و بێ جۆڵەو هەوڵ و یاخی بوون و شۆڕش و خەبات لێی دادەنیشێت.

 

ئەو ناکۆکی و ململانێیەی ژن، ژیانی منداڵی، قوتابخانەو خوێندن، هاوسەرگیری لە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی بەردەوامی دەبێت و ژن دایمە لەناخی خۆیدا لەنێوان ئەو بەرداشی یاخی بوون و تەسلیم بوونەدا ژیانی وێران دەبێت و کەسایەتی دەتلێتەوەو هەموو تەمەنی بەدەست ئازاری ململانێی ئەو دووکاسەیەتیەی ناخەوەی دەناڵێنێت و ئازار دەچێژێت، کەسایەتییەکی بوێرو یاخی ،کەسایەتیەک دایمە دنەی دەدات بۆ دەنگ هەڵبڕین و نەڕازی بوون و یاخی بوون، کەسایەتییەکەی تریشی کەسایەتییەکی ترسنۆک و بێ دەسەڵات و دۆڕاو شکست خواردوو، بەردەوام تۆی وسوەسەی کۆیلێتی و دەستەمۆیی لەدەروونیدا دەچێنێت و ئاوازی خۆڕادەستکردن بەقەدەرو بەرەنگاری نەکردن بە گوێچکەکانی دا دەچرپێنێت و پێی دەڵێت چیتداوە لە یەکسانی و ئازادی ژن، بەوە سوپاس گوزارو ڕازی بە پیاو پاروەنانێک و قومێک ئاوت بۆ دابین بکات و پێڵاو دەستەجڵێکت بۆ بکڕێت و چێشتخانەیەکی ڕێک و پێکت بۆ درووست کات و تۆیش ئاقڵ و بێ دەنگ و سەلامەت هەر خەریکی چێشتخانەبەو چێشتی خۆش لێ بنێ و وەچە بۆ مێردەکەت بخەوەو ئارەزوە سێکسیەکانی تێربکە، ژیانت لەنێوان چواردیواری زیندانی ماڵەوەدا بخوڵێنەوە، ئێ چیترت دەوێ خانم گیان لەوە زیاتر مەگەر بەترانی و بەڕەڵایی!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.