سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سێکس، نامووس، شەرم و باج وەرگرتن لە دونیای ئۆنلاین

29/01/2022


سێکس، نامووس، شەرم و باج وەرگرتن لە دونیای ئۆنلاین


و: رێزان نوورەدین

لێکۆڵینەوەیەکی بی بی سی ئەوە دەخاتەڕوو هەزاران ژن و کچی گەنج لە کۆمەڵگا نەریتییەکانی باکووری ئەفریقا، رۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئاسیا، بە هۆی وێنە تایبەتەکانیانەوە و هەندێ جار ڕووت و سێکسیەوە، مەترسی ئابڕووچونیان لەسەرەو ئەگەری هەیە وەک ئامرازێک بەکار ببرێت بۆ ئەوەی باج بدەن بەو کەسانەی ئەو دیمەنانەیان لە لایە.
لەم بابەتەدا دانیەل سیلز ئادامسۆن، رڕووبەڕوو بوونەوەی مۆبایلە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەلایەتییەکانی لەگەڵ جۆری روانینی نەریتی بۆ نامووس و شەرم داوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
غەدیر ئەحمەد، کچێکی گەنجی ١٨ ساڵەی میسری، ساڵی ٢٠٠٩ کلیپ ڤیدیۆیەکی لە ڕێگای مۆبایلەوە بۆ کوڕە رەفیقەکەی نارد. لەم ڤیدیۆیەدا غەدیر لە ماڵی هاوڕێێەکی کچیدا خەریکی سەما کردن بوو. هیچ لایەنێکی ڕووت و پۆڕنۆگرافی لەو ڤیدیۆیەدا نەبوو، بەڵام جلەکانی جۆرێک بوو کە جەستەی دەردەکەوت و بێ خەیاڵ و زۆر ئارام سەمای دەکرد.
سێ ساڵ دواتر ئەو کاتەی پەیوەندییەکەیان تەواو بوو و پەیوەندی لە گەڵ ئەو کوڕە پچڕاند، هاوڕێ کوڕەکەی بۆ ئەوەی تۆڵەی لێ بکاتەوە، ئەو ڤیدیۆیەی لە سەر یوتیۆب بڵاو کردەوە. غەدیر زۆر نیگەران بوو. ئەو دەیزانی هەموو ئەو شتانەی روویداوە، بە تایبەت جلەکانی، سەما کردنی و بوونی هاوڕێی کوڕ، بەلای بنەماڵەو دراوسێ و سەرجەم کۆمەڵگایەکەوە کە لەوێدا ژنان ناچارن جەستەی خۆیان داپۆشن و خۆیان بە کەسێکی بە شەرم نیشان بەن، شتێکی پەسەند نەکراوە.
بەڵام لەو ساڵانەی کە ئەم ڤیدیۆ بڵاو کرابۆوە، غەدیر هاوکات لە شۆرشی میسردا بەشداری کرد، حیجابی لە سەر خۆی لادا و پەیوەست بوو بە خەبات بۆ مافی ژنانەوە. ئەو کە کارەکانی پیاوێک کە هەوڵی دابوو ئابڕووی ببات و سووکی بکات تووڕەی کردبوو، بە هۆی ئەم بابەتەوە سکاڵای لە دژی ئەو پیاوە بەرز کردوە. هەرچەند سەرەنجام غەدیر توانی ئەو پیاوە بە تاوانی هەوڵدان بۆ ئابڕوو بردن و تۆمەت لێدان، مەحکووم کرد، بەڵام ڤیدیۆکە لە سەر ئەنتەرنێت ە بە تایبەت لە سەر یوتیووب مایەوە و ژمارەیەک لە پیاوان بە بڵاوکردنەوەی لینکی ئەم پیاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشیان کردە سەر غەدیر و هەوڵیان دا شەرمەزاری بکەن و بە کەسێکی بێ نرخ باسی بکەن.
ساڵی ٢٠١٤ غەدیر کە لەو ئازار و دڵەڕاوکانە لەوەی کێ رەنگە ئەو ڤیدیۆیانە ببینێت بێزار ببوو، بڕیارێکی بویرانەی دا. ڤیدیۆکەی لە لاپەڕەکەی خۆی لە سەر فەیسبووک بڵاو کردەوەو شیکردنەوەیەکی نووسی:" کاتی کەڵک وەرگرتن لە جەستەی ژنان بۆ شەرمەزار کردنیان و ناچار کردنیان بۆ ئەوەی بێدنگ بن بەسەرچووە. چاو لە ڤیدیۆکە بکەن. من سەماکەرێکی باشم و پێویست ناکات هەست بە شەرم بکەم."
غەدیر لە زۆربەی ژنانی عەرەب نەترس ترە، بەڵام ئەوە نییە ئەوە تەنها ئەو بێت وەها دۆخێکی ئەزموون کردبێت. لێکۆلینەوەک کە لە لایەن بی بی سی ەوە ئەنجام دراوە،ئەوە دەخاتە ڕوو کە هەزاران گەنج، بەتایبەت ژنان و کچان، بە هۆی کۆمەڵێک دیمەنەوە کە دەری دەخات سەرخۆشن هیچ ئازارێکیشیان بۆ کەس نییە یان دیمەنی رووت و تا ڕادەیەک سێکسی، کەوتوونەتە بەر ئازار و ئەزیەت و ناچار دەکرێن باج بدەن بەرامبەر بەو وێنە و دیمەنانە. ئەم دیمەنانە کە هەندێ جار بە رەزامەندی خودی ژنان و هەندێ جار بە هۆی دەستدرێژی سێکسی پیاوانەوە ئامادە دەکرێن، بەکار دەبرێن بۆ باج وەرگرتن لە ژنان و ناچار کردنیان بۆ ئەوەی دیمەنی رووتتر بنێرن و تەنانەت ناچاریان دەکەن بەوەی دەستدرێژی سێکسی بکەنە سەریان، بەکار دەبرێن.
تۆڵە سەندنەوە لە رێگای دیمەنە رووتەکانەوە کێشەیەکە کە لە هەموو دونیا هەیە. خاڵی بەهێزی ئەم دیمەنانە ئەوەیە کە دەکرێ وەک ئامرازێک بەکار بهێنرێن بە شەرمەزار کردنی ژنان و هێرش بۆ سەر کەسایەتییان و کەڵک وەرگرتن لەو دیمەنانە بۆ ناچار کردنییان بەوەی ملکەچی خواستەکانیان بن، لە هەندێ لە کۆمەڵگاکاندا کێشەی نامووس و شکاندنی شەرمی ژنان کێشەیەکی گەورەیە.
ئێهام ئەل عاشا، دەروونناس و چالاکی مافی ژنان لە ئەردەن لەم بارەوە دەڵێت:" رۆژئاوا کەلتوورێکی تری هەیە. رەنگە بڵاوبوونەوەی دیمەنی کچێکی رووت تەنها ببێت بە مایەی شەرمەزار کردنی ئەو و بە شتێکی عەیبە باسی بکەن. بەڵام لە کۆمەلگای ئێمە وێنە و دیمەنێکی رووت رەنگە ببێت بە هۆی مەرگە ئەو کچە. تەنانەت ئەگەر بە شێوەی فیزیکی و جەستەییش نەمرێت ژیانی تاکەکەسی و پیشەیی ئەو کەسە وێران دەبێت و لەناو دەچێت. خەڵک پەیوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ ئەو کەسە دەپچڕن و لە کۆمەڵگا دەخرێتە پەراوێزەوەو گۆشە گیر دەکرێت."
شەرم
ئەمە یەکێکە لەو کۆمەڵە راپۆرتەی کە دەربارەی دیاردەی مەترسیداری کەلك وەرگرتن لە دیمەنی رووت بۆ هەڕەشە لێکردن، باج لێ وەرگرتن و شەرمەزارکردنی گەنجان و بەتایبەت ژنان و کچان لە هەندێ لە کۆمەڵگا نەریتییەکان بەکار دەبرێت.
زۆربەی کات راپۆرتی ئەم چەشنە لە ئازاردانی ژنان بڵاو ناکرێنەوەو ناگەنە هێچ کوێ، لە بەر ئەوەی هەمان ئەو گوشارەی کە دەبێت بە هۆی خەسار گەیاندن بە ژنان ،ناچاریان دەکات بێدەنگە هەڵبژێرن و لە هێچ کوێ باسی نەکەن. بەڵام پارێزەرەکان، پۆلیس و چالاکانی مەدەنی لە ژمارەیەک لە وڵاتان بە بی بی سی یان وتووە، دروست بوونی مۆبایلە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە بە هۆی باو بوونی شێوەی شاراوەی ترساندن و شەرمەزار کردن و باج لێ وەرگرتن لە دونیای ئۆنلاین دا.

 زەهرا شەرابەتی پارێزەرێکی ئەردەنی لە وتوویژ لە گەڵ بی بی سی، باسی لەوە کردوە کە لە دوو سێ ساڵی رابردوودا، ئەو لانیکەم ٥٠ دۆسیەی تایبەت بە کەڵک وەرگرتنی خراپ لە وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ترساندن و شەرمەزار کردنی ژنانی گرتۆتە دەست. ئەو دەڵێت:" لام وایە لە هەموو ئەردەن دۆسیەی لەمجۆرە زۆر لەمە زیاتر بێت و لانیکەم ١٠٠٠ سکاڵای تایبەت بە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان تۆمار کراوە. لام وایە لانیکەم کچێک بەم هۆیەوە کوژراوە."
لۆئی زەرقات، مەئمورێکی پۆلیس لە کەرتی رۆژئاوای ئەردەن دەڵێت ساڵی رابردوو یەکەی تاوانە ئەنتەرنێتییەکانی پۆلیسی فەلەستینییەکان نزیک بە ٥٠٠ دۆسیەی تایبەت بە تاوانی ئۆنلایان گەیشتۆتە بەردەست و کاریان لە سەر کردوەو بابەتی زۆربەی ئەو دۆسیانە، وێنە تایبەتەکانی ژنان بوو. کەمال مەحموود بەڕێوەبەری ویبسایتیکی تایبەت بە خەبات دژی باج لێ وەرگرتن لە ناوچەیەکی فەلەستین دەڵێت هەموو ساڵێک زیاتر لە ١٠٠٠ ژن لە وڵاتانی عەرەبییەوە پەیوەندیان پێوە دەکەن و داوای یارمەتیان لێ دەکەن.
لۆئی زەرقات، هەروەها دەڵێت:" هەندێ جار وێنەو رەسمەکان سێکسی نین، تەنانەت وێنەی کچێک کە لەچکەی بەسەرەوە نییە، رەنگە ببێت بە هۆی ئابڕوو چوون. پیاوێک بە کەڵک وەرگرتن لەو وێنانە دەتوانێت گوشار بخاتە سەر خاوەن وێنەکان بەوەی وێنەی تری بۆ بنێرێت. لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو بەتایبەت کچانی خەڵکی عەرەبستان، کوێت، ئیماراتی یەکگرتوو، قەتەر و بەحرین، ناچار دەکرێن بەوەی باج و پارەیەکی گەورە بدەن لە بەرامبەر ئەو رەسمانەدا. هەندێ لەو کچانە پێمان دەڵێن ئەگەر وێنە و رەسمەکانیان بڵاو بکرێتەوە گیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
لە عەرەبستان ئەم کێشەیە ئەوەندە پەرەی سەندوەو بڵاو بۆتەوە پۆلیسی ئەمر بە چاکە و رێ گرتن لە خراپە (ئایینی) لەو وڵاتە لقێکی لەو دایرەیە دامەزراندووە بۆ شوێن کەوتنی ئەو پیاوانەی لەم رێگاوە هەڕەشە لە ژنان دەکەن. دۆکتۆر عبدالگیف الشیخ بەرپرسی ئەو دەمی پۆلیسی ئایینی عەرەبستان، ساڵی ٢٠١٤ بە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە وتی :" هەموو رۆژێک سەدان ژن کە ناچار کراون باج بدەن بەرامبەر بەو رەسم و دیمەنانە پەیوەندیمان پێوە دەکەن."
پاوان دۆگال یەکێک لە پارێزەرانی مەحکەمەی باڵای هێندستان باس لەوە دەکات، زۆرن ئەو ژنانەی کە لە رێگەی رەسم و وێنەکانەوە ناچار دەکرێن بە گوێی ئەو کەسانە بکەن ئەو رەسمانەیان لە لایە. ئەو دەڵێت :" وای بۆ دەچم هەموو رۆژێک لە هێندستان هەزاران نموونەی لەم جۆرە روو دەدات."
لە پاکستان، نگهەت داد، بەرپرسی رێکخراوەیەکی ناحوکمی کە چالاکیەکانی تایبەتە بەوەی دونیای ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات بە دونیایەکی ئەمن و پارێزراو بۆ ژنان دەڵێت:" هەموو رۆژێ ٢ یان ٣ کچ و لە ساڵدا نزیک ٩٠٠ کەس کە هەرەشەیان لێ کراوە پەیوەندی بە دامەزراوەکەمانەوە دەکەن." ئەو هەروەها دەڵێت:" ژنان کە پەیوەندییان لە گەڵ کەسێک هەیە وێنەو ڤیدیۆکانی خۆیان دەنێرن بۆ ئەو کەسانە کە خۆشیان دەوێت و ئەگەر پەیوەندییەکە بە باشی کۆتایی پێ نەیەت و لە یەک جیا ببنەوە، لایەنی بەرامبەر لەو وێنە و رەسمانە کەڵک وەردەگرێت بۆ ملکەچ کردن و ناچار کردنی بەرامبەر بە خواستەکانی. ئەم گوشارانە تەنها بۆ ئەوە نییە ژنان ناچار بکەن درێژە بە پەیوەندییەکە بدەن، بەڵکوو شتی سەیر و سەمەرەیان لە ژنەکان دەوێت."
کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لەو وێنانە زۆر لە باج وەرگرتن بەولاترەوەیە. نگهەت داد، لەسەر ئەو باوەڕەیە پەیوەندییەکی نزیک هەیە لە نێوان توندووتیژی سێکسی و مۆبایلە زیرەکەکاندا. :" سەرەتا لە وێنە تایبەتییەکانی کەسەکانەوە دەستی پێ کرد، بەڵام ئەمڕۆکە پەیوەندییەکی قووڵی هەیە لە گەڵ دەستدرێژی سێکسیدا. بەر لەم تەکنۆلۆژیانە کەسانی دەستدرێژی کەر نەیاندەزانی چۆن وا لە قوربانییەکانیان بکەن بێدەنگ بن و هیچ نەدرکێنن. بەڵام ئەمڕۆکە تەکنۆلۆژیا لایەنێکیتری بەخشیوە بە کەلتووری دەستدرێژی، ئەویش بریتییە لە وێنە هەڵگرتن لە کەو ژنانە کاتی دەستدێژی سێکسی و ناچار کردنیان بەوەی کە دەبێت بێدەنگ بن ئەگینا ڤیدیۆکان لە ئەنتەرنێت بڵاو دەکرێنەوە."
ژنێکگ گەنجی دانیشتووی یەكێک لە گوندەکانی توونس کە ئێستا لە باکوری ئەو وڵاتە لە زیندانە چیرۆکی خۆی بۆ بی بی سی دەگێڕێتەوە.کێشەکە لەوێوە دەستی پێکرد کە یەکێک لە هاوڕێکانی باوکی هێرشی کردە سەری و بە رووتی وێنەی لێ گرت. ئەم وێنانە ئەوی کرد بە قوربانی ئەو پیاوە دەستدرێژی کەرە. بۆ ماوەی چەند مانگ ئەو پیاوە ئەوی ئازاری سێکسی داوەو پارەی لێ وەرگرتووە. کاتێک هەڕەشەی ئەوەی لێ کرد دەستدرێژی دەکاتە سەر خوشکە بچووکترەکەی، ئەمەل تاقەتی نەهێنا. ئەو پیاوەی بانگ کردە ماڵەوەو بە چەقۆ کوشتی. ئەمەل ئێستە ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ براوەتەوە.
بەکار هێنانی مۆبایل
کچێکی ١٦ ساڵەیتر لە مەراکش بە کۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتە سەری. دوای ئەوەی مانگی جولای ٢٠١٦ پیاوەکان هەڕەشەیان لێکرد رەسمەکانی لە ئەنتەرنێت بڵاو دەکەنەوە، کچەکە خۆی سووتاند. تاوانبارەکان هەرەشەیان لە بنەماڵەکەی کرد کە رەسمەکان بڵاو دەکەنەوەو بەم شیوەیە دەیانویست بنەمالەکە ناچار بکەن بەوەی سکاڵاکەی بکێشێتەوە. بەڵام هەڕەشەکانی ئەو تاقمە بوو بە هۆی ئەوەی ئەو کچە بە هۆی سووتانەوە بمریت.
پێدەچیت کەڵک وەرگرتن لە مۆبایل بۆ وێنەهەڵگرتن لە دەستدرێژییە سێکسییەکان لە پاکستان و هێند لە هەموو وڵاتانی تر زیاتر بێت.
لە ئۆگۆستی ٢٠١٦ رۆژنامەی ئیندیا تایمز لە لێکۆڵینەوەیەک بەوە گەیشت وا دیارە هەموو رۆژێک هەزاران ڤیدیۆی دیمەنی دەستدرێژی سێکسی دەفرۆشرێت. دووکانێک لە شاری ئاگرا بەم رۆژنامەیەی وت:" لە دوکانەکانی ئەیالەتی ئۆتر پردیش لە باکووری هێندستان ئەو فیلمانە فرۆشیان زۆرە. ئەم فیلمانە کە راستین زۆریان لایەنگرن هەیە. " هەر لەو راپۆرتەدا لە زمانی دوکاندارێکی ترەوە کە خەریکی قسە کردنە لە گەڵ کڕیارەکانیەتی دەگوێزرێتەوە:" رەنگە ئەو کچەی کە لە ڤیدیۆیەکدا گەرم و نوێ دەردەکەوێ بناسن."
کە نموونەیەکی لێکۆڵینەوەکانیدا بی بی سی بەوە گەیشت کارمەندێکی ٤٠ ساڵەی دەرمانگەیەک دوای ئەوەی فیلمی دەستدرێژی کردنە سەری لە لایەن چەند کەسێکەوە لە واتس ئاپی گوندەکە بڵاو کراوەتەوە، خۆی کوشتوە.بە وتەی هاوکارەکانی، ئەم ژنە داوای یارمەتی لە ریش سپییەکانی گوندەکە کردوە، بەڵام لە لایەن کۆمەڵگاوە کە لە بەر ئەوەی دەستدرێژی کراوەتە سەری بە تاوانبار و گوناهباریان دەزانی هیچ یارمەتییەکی نەدرا.
بەڵام هێزی ئەم وێنانە لە کۆمەڵگای نەریتیدا دەتوانێت بە شێوەی جیاواز کاریگەری دا بنێت.
هەندێ لە ژنان لەوە تێگەیشتوون ئەگەر ئەم وێنانە دەبێت بە مایەی شەرمەزاری و ئازاری ژنان، لە هەمانکاتدا دەکرێت وەک ئامرازێک بەکار بهێنرێت بۆ خەبات و بە ژێر پرسیار بردنی کەلتووری پیاوسالاری.
ئەو کاتەی غەدیر ئەحمەد ڤیدیۆی سەما کردنی خۆی لە فەیسبووک بڵاو کردەوە. ئەوە نەبوو تەنها دژ بەو گووشارانە وەستابێتەوە کە هەوڵی سووک کردنی ئەویان ئەدا، بەڵکوو خەباتێک بوو دژ بەو جۆرە بیرکردنەوانە کە وەها دیمەن و ڤیدیۆگەلێک بەوە دەزانن کە دەبیت بە هۆی شەرمەزار کردن و مایەی ئابڕووچوونی ژنان.
شەرم لە جەستەی ژنانەی خۆم ناکەم
سالێ ٢٠١١ ژنێکی تری خەڵکی وڵاتانی باکووری ئەفریقا بە ناوی ئامینە سبووعی هەنگاوێکی ئەولاتری هەڵگرت. ئەو وێنەیەکی لە جەستەی نیوەڕووتی خۆی لە فەیسبووک بڵاو کردەوە. لە سەر سینە رووتەکانی نووسیبووی :" جەستەم هی منە و نامووسی کەس نیم." بڵاو بوونەوەی ئەم وێنانە هەڵایەکی گەورەی لە توونس لێ کەوتەوە.
لەم دواییانەش کچیک بە ناوی قەندیل بەلووچ خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی پەنجابی پاکستان، بە بڵاوکردنەوەی سێلفی هەست بزوێنەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییان دەیویست ناوبانگ پەیدا بکات. ئەو کە بە کیم کارداشیانی پاکستان ناوی دەرکردبوو بە پەیوەست بوون بە عاداتی سێکسی کە لە ئەنتەرنێت باوە، نەریتی کۆمەڵگای پاکستانی بردە ژێر پرسیارەوە. لە مانگی جوولای ئەمساڵ لە لایەن براکەیەوە بە بیانووی " زڕاندنی ناوی بنەماڵە" کوژرا.
وا دیارە حکوومەتی عەرەبستانیش زۆر باش ئاگای لە هێزی کاریگەری مۆبایلە زیرەکەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی هەیە. حکوومەتی ئەو وڵاتە وێڕای سزا دانی ئەو پیاوانەی کە وەها کارگەلێک ئەکەن، خولی وشیار کردنەوەی بۆ کچان داناوە دەربارەی ئەو مەترسیانەی کە رەنگە رووبەڕووی ببنەوە.
لە لایەکەوە ئەمە هەنگاوێکی گرینگە بۆ پاراستنی رێز و حورمەتی بنەماڵەو ئەمنیەتی ژنان، بەڵال ئەوەی کە بەرپرسانی عەرەبستان ئەوەندە بە تووندی رووبەڕووی ئەم دیاردە دەبنەوە، دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئەوان ئاگاداری هێزی کاریگەری تەکنۆلۆژیای نوێن و جۆری بیرکردنەوەی خەڵکیان پەسەندە و وەرگرتووە کە ئەم ئامرازە مۆدێڕنانە وای کردوە کە ژنان بە شێوەیەکی تر لە گەڵ جەستەی خۆیان رەفتار بکەن.

سەرچاوە: http://www.bbc.com/news/magazine-37735368

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.