دكتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
بەشی دووەم
ئیمپراتۆریای (ئەمەوی)
• لە سەردەمی جێنشین (عەبدولمەلیكی كوڕی مەڕوان)دا، (عەبدوڵڵای كوڕی زوبێر)، كە كوڕی (ئەسمای كچی ئەبوبەكری سەدیق) بوو، بە دەستی موسوڵمانەكان كوژرا و سووكایەتیشیان، بە تەرمەكەی كرد!
• لە كاتی دەسەڵاتی جێنشین (هیشام كوڕی عەبدولمەلیك)دا، تەنیا هەر (زەیدی كوڕی زەین ئەلعابدینی كوڕی حوسێن)یان نەكوشت، بەڵكوو ماوەی (4) ساڵیش، تەرمەكەیان بە دەرگەی شاری (دیمشق)ەوه هەڵواسی، پاشان سووتاندیان، كە لە نەوەی پەیامبەری خواش بوو!
• سێیەمین جێنشینی (بەنی ئومەیە) و موسوڵمانان (معاویەی كوڕی یەزید)، بەپێچەوانەی باوكییەوە، پیاوێكی باشبوو، لە سەرەمەرگدابوو، پێیان گوت: یەكێ لە كەسەكانی خۆت، بۆ جێنشین دەسنیشانكە. ئەویش گوتی: بە خوا خۆشیم لە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی ئێوە نەدی، ئیدی چۆن دەتوانم، لاسایی كارێكی وا خراپ بكەمەوە. خوایە، من لە ئەو كارە دوورم و وازم لێ هێناوە!
كاتێ دایكی ژنەكەی (یەزیدی كوڕی معاویە)، گوێی لە ئەو قسانەی كوڕەكەی بوو، كە (حوسێن)ی كوشتبوو، گوتی: بریا بە ساوایی بمردیتایە و گوێم لە ئەو قسانە نەبووایە! لەبەرئەوە هێندێ دەنگۆ هەیە، گوایە بنەماڵەكەی خۆی ژارخواردیانكردووە و كوشتوویانە، دوای ئەوەی تەنیا هەر، (3) مانگ جێنشینبووە و تەمەنیشی (22) ساڵ بووە، چونكە دژی شەڕی موسوڵمانان بوو!
پاشان (وەلیدی كوڕی عەتبە كوڕی ئەبی سوفیان)، لە جێی ئەو بە جێنشین دانرا و نوێژی لەسەر تەرمەكەی كرد، بەڵام پێش ئەوەی نوێژەكەی لەسەر تەرمەكە تەواوكا، بەر خەنجەریان دا، یەكسەر مرد و هەڵ نەسایەوە.
دواتریش (عومەری كوڕی عەتبەی كوڕی ئەبی سوفیان)یان، به جێنشین دانا و لێیان پرسی: باوەڕی خۆمانت بدەینێ؟ ئەویش گوتی: بە مەرجێ نەجەنگم و دەس بە كوشتنوبڕین نەكەم. لەبەرئەوە پەسەندیان نەكرد. ئەویش بەرەو شاری (مەكە) هەڵات و پەنای بۆ (عەبدوڵڵای كوڕی زوبێر) برد. دواتریش هەردووكیانیان لە ئەوێ كوشت. كەواتە (ئەمەویی)ەكان، یەكدیان كەلەپاچەكردووە!
• پاشان سەرداری موسوڵمانان (مەڕوان كوڕی حەكەم)، بە دەسی موسوڵمانەكان كوژرا. هەروەها (عومەری كوڕی عەبدولعەزیز)یش، هەر بە دەسی موسوڵمانەكان ژارخواردكرا!
• دواتر موسوڵمانەكان، (وەلیدی كوڕی یەزید)ی سەرداری موسوڵمانانیان كوشت!
• دواتریش هەر ئەو موسوڵمانانە، (ئیبرایمی كوڕی وەلید)یشیان لەنێوبرد!
• بەڵام دوا جێنشینی (بەنی ئومەیە) و موسوڵمانان، بە دەسی سەركردەی موسوڵمانان (ئەبوموسلیمی خۆراسانیی) كوژرا و ئیدی، كۆتایی بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای (ئەمەویی) هات!
ئیمپراتۆریای عەبباسی
• (ئەبوعەبباسی سەفاح)، یەكەمین جێنشینی ئیمپراتۆریای (عەبباسی) بوو، به پیاوكوژ و خوێنڕێژترین كەس ناوی دەركردبوو. هەرچی لە وەچەی جێنشینەكانی بنەماڵەی (بەنی ئومەیە) مابوو، هەموویانی كوشت و كەسیان دەرنەچوون، تەنیا ئەوانە نەبێ، ساوای شیرەخۆرەبوون، یا بۆ (ئەندەلووس) هەڵاتبوون!
• پاشان فرمانێكی بۆ سەربازەكانی دەركرد، گۆڕەكانی (بەنی ئومەیە) لە (دیمشق) هەڵتەكێنن. ئەوەبوو، گۆڕی (معاویەی كوڕی ئەبی سوفیان)ی هەڵكەند، بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە! پاشان گۆڕی (یەزیدی كوڕی معاویه)یان تێكدا، ئێسكەكانی بووبوون بە خۆڵەمێش. دواتریش سەری گۆڕی (عەبدولمەلیك)یشیان هەڵدایەوە، تەماشایانكرد، جگە لە سەری لووتی خراپبووبوو، هیچی لێ نەهاتبوو. لەبەرئەوە بە قامچی تێی بەربوون، پاشان دەریانهێنایەوە و هەڵیانواسی، دواتریش سووتاندیان و دایاننا، تا پاشماوەكەی با بردی!
• گەر هەوڵ و كۆشش، زیرەكیی و جەماوەری سەركردەی موسوڵمانی كورد (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) نەبووایە، كە پلانی بۆ كۆتاییپێهێنانی دەسەڵاتی (ئەمەویی)ەكان دانا، دەوڵەتی (عەبباسی) دانەدەمەزرا!
تەنانەت جێنشین (مەئموون) گوتوویەتی: (پاشاكانی سەرزەوی سیانبوون، كە دەوڵەتەكانیان گواستەوە و گۆڕییان: (ئەسكەندەر، ئەردەشێر و ئەبوموسلیمی خۆراسانی.)
بەڵام كاتێ (ئەبوعەبباس) مرد و براكەی (ئەبوجەعفەری مەنسوور) جێیگرتەوە، لە ناووناوبانگی هاوڕێكەی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی)، ترسی لێ نیشتبوو، كە چاو لە دەسەڵاتەكەی ببڕێ. لەبەرئەوە لە هاوڕێكانی پرسی و گوتی: چی لێ بكەم؟! ئەوانیش گوتیان: بیكوژە. ئەویش پیلانێكی بۆ گێڕا و كوشتی، ئەو كاتە تەمەنی (37) ساڵان بوو!
• دواتر لە نەبەردێكدا، لە نێوان هەوادارانی (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) و لەشكری (عەبباسی)، هەزاران موسوڵمان بە خۆڕایی، بە دەسی موسوڵمان كوژران!
• (شجرە ئەلدوڕە) دارەمرواریی، (عیززەدین ئەیبەك)ی كوشت، ژنەكەی (ئەیبەك)یش، تۆڵەی مێردەكەی سەندەوە و (دارەمرواریی)، بە قاپقاپ كوشت!
• لە كۆتاییشدا ئەوەبوو، (هۆلاكو)ی نەوەی (جەنگیزخان)، ساڵی (1258ز.)، شاری (بەغدا)ی داگیركرد، ئیمپراتۆریای (عەبباسی) ڕوخاند و كۆتایی بە ئەو ڕەشەكوژییەی نێوخۆی عەرەبە موسوڵمانەكان هێنا.