سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هاتنە کایەوەی جۆرێکی نوێ لە باڵندەی finch لە دوورگەیەکی گلاپگەس

31/01/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

هیچ شوێنێکی تر بە ئەندازەی دوورگەکانی گلاپەگەس، نەخراوەتە ژێر چاودێری لێکۆڵینەوە زانستیەکان. نزیکەی 50 ساڵ دەبێت کە بەردەوام کەسانی وەک پرۆفیسۆر Rosemary و Peter Grant هەموو ژیانیان تەرخان کردووە بۆ ریکۆرد کردن و کۆکردنەوەی زانیاریەکان سەبارەت بەو باڵندانە و ئاژەڵەکانی تریش کە وەختی خۆی داروین سەرنجیدابوون.

 

نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر Rosemary و Peter Grant سەرنجی ئەوەیان دا کە نێرینەیەکی باڵندەی finch ی سەر بە جۆرێکی جیاواز، لە دووری 105 کیلۆمەترەوە، هاتووە و رێگەی کەوتوبووە یەک لە دوورگەکانی گلاپەگەس کە بە Daphne Major ناسراوە.

 

هەردوو لە Rosemary و Peter Grant دەیانزانی کە مەحاڵە ئەو باڵندە بچووکە، بتوانێت بەناو ئۆقیانوسدا بفرێت و بگەرێتەوە بۆ دورگەکەی خۆی. لەبەر ئەوە، بە وردی چاودێرییان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن بەرخوردی لەگەڵ جۆرە finch ئەسڵیەکانی ئەو دوورگەیە چی دەبێت.

 

لە زۆربەی جارەکاندا، ئەو تاکە ئاژەڵانەی کە زۆر دوور دەکەونەوە لە شوێنی خۆیان و رێیان دەکوێتە ناو چەند جۆرێکی ترەوە، یان ئەوەتا مردن کۆتایی بەو تاکانە دەهێنێت، یاخود ئەوەتا ئەگەر بتوانێت لەگەڵ تاکێکی ئەو جۆرانەی تردا جووت ببێت و نەوە بخاتەوە، ئەوە نەوەکانی لاواز و ناتوانا دەردەچن و بە درێژایی کات نامێنن. یان ئەوەتا ئەگەر نەوەی سەرکەوتووش بخاتەوە لەگەڵ تاکێکی جۆرەکانی تردا، ئەوە بە درێژایی کات، نەوەکانی دەبن بە بەشێک لەو جۆرە.

 

بەڵام، سەرنج درا هیچ یەک لەو شتانە روی نەدا بە پەیوەست بەو نێرینەیەی کە رێگەی کەوتبووە دورگەی Daphne Major و تاکێک بوو لەجۆرێک کە بە large cactus finches ناسراوە. بەڵکوو لەباتی ئەوە، نەوەی جیاوازی خستۆتەوە و رێژەیان زۆر بووە و بوون بە جۆرێکی سەربەخۆ!

 

لە هەمووشی گرنگتر، سەرنج درا هەر لە سەرەتاوە، نەوەکانی ئەو finch ی کە رێگەی کەوتبووە ئەو دوورگەیە و لەگەڵ تاکی جۆرێکی دوورگەکەدا نەوەی خستبووەوە، شێوازی خوێندنی جیاوازیان بۆ پەیدا بووە و بەو هۆکارەش، لەلایەن finch ئەسڵیەکانی دورگەی Daphne Major نانێسرێنەوە و لەبەر ئەوە، ئێستا مەرجی گشتی (جۆربوون)یان تێدا هاتۆتە دی کە ئەویش (نەتوانینی جووتبوونە لەگەڵ جۆرەکانی تردا).

 

لەم لێکۆڵینەوە نوێیەدا خوێندنەوەی جەنەتیکی بۆ ئەم جۆرە تازەیە کرا و دەرکەوت کە بەڵێ ئەم باڵندانە بوون بە جۆرێکی سەربەخۆی نوێ... ئەمەش ئەو بیرۆکەیە دادەچەسپێنێت کە دەکرێت وەچەی هابەش، ببێت بە جۆرێکی سەربەخۆ.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.