سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئایا ئێمە بەڕاستی ٪١٠ی مێشکمان بەکارئەهێنین؟

31/01/2022


 

ئامادەکردن: وەلید عەزەم

سەرچاوە: پەیک ساین


ئەمە یەکێکە لە بیرۆکە ناڕاستەکانی (هۆلیود): مرۆڤەکان تەنها لە(٪١٠)ی مێشکیان بەکاردێنن، وە چالاککردنی لە(٩٠%)ی تر کە بەپێی ئەوان ناچالاکە هێزی سەروو سروشتی بە مێشکی مرۆڤ دەبەخشێت.

 

بێگومان بیرۆکەی فیلمە خەیاڵییەکانی هۆلیود
*وەک( لە فیلمی (دیاردە)ی ساڵی ١٩٩٦، (جۆن تڕاڤۆڵتا) توانای پێشبینیکردنی بومەلەرزە و بەخێرایی فێربوونی زمانی بیانی بەدەست دەهێنێت.
*(سکارلێت جۆهانسن) دەبێتە شارەزایەکی بەهێزی هونەرە جەنگییەکان لە فیلمی (لوسی)ی ساڵی ٢٠١٤.
*وە لە فیلمی (بێسنور)ی ٢٠١١دا، (برادڵی کوپەر) لەماوەی شەوێکدا ڕۆمانێک دەنوسێت)، بە جۆرێک کاریگەری هەبووە لەسەر کۆمەڵگە کە بە گوێرەی ڕاپرسییەکان بێ ٪٦٥ هاوڕابوون لەگەڵ ئەو دەستەواژەیەی دەڵێت، "مرۆڤ تەنها لە١٠%ی مێشکی بۆ کاروباری ڕۆژانە بەکاردێنێت."

 

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە هەمیشەیی و بەنزیکەیی تەواوی مێشکمان بەکاردێنین.
چۆن!؟

 
لەبەر چەند هۆکارێک، سەرەتا ئەگەر ئێمە ٪١٠ی مێشک بەکاربێنین، ئەوا دەبوو زۆربەی زۆری ئەو نەخۆشی و کێشانەی تووشی مێشک دەبن زیانیان نەبووایە، چونکە زیانەکان بەر ئەو بەشانەی مێشک دەکەوتن کە ئێمە بەکاری ناهێنین و هەستیشی پێناکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، مرۆڤ هەمیشە لە پەرەسەندندا بووە و خۆی لەو ئەندامانە ڕزگارکردووە کە سوودی نییە پەرەی بەئەوانیتر داوە، بۆ نموونە مرۆڤی ئێستا سیستمی بەرگری بەهێزترە و ماسولکەی زۆر و بەهێزتری هەیە، دەبوو تاکو ئێستا مرۆڤ خۆی لەو بەشە زۆرە بێسوودەی مێشک ڕزگارکردبووایە کە ڕۆژانە وزەیەکی زۆری پێویستە.

 

زانست ئێستا دەتوانێت بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر پشت ڕاستی ئەو دەرئەنجامە لۆجیکیانە بکاتەوە. چەندین پشکنینی وەکو (ئێم ئاڕ ئای) و (پێت) ڕێگە بە دکتۆر و زاناکان دەدەن بەشە چالاکەکانی مێشک دیاری بکەن. داتاکان ئاشکرا دەرخەری ئەوەن کە بەشێکی زۆری مێشک زۆر زیاتر لە ٪١٠ی بەکاردێت بۆ هەموو جۆرە چالاکییەک، لە پشوودان یاخود سەیرکردنی وێنەوە بیگرە تاوەکو ئەنجامدانی کاری زۆر ئاڵۆزتر وەکو خوێندنی بیرکاری. زاناکان تاوەکو ئێستاش یەک بەشی مێشکیان نەدۆزیوەتەوە کە کاری نەبێت.

 

ئاشکرایە ئەمە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە شەوێکدا ببنە عەبقەری. بەڵام هێشتا مرۆڤ دەتوانێت بە هەوڵدان و خۆماندووکردن توانای مێشکی نەک ڕێژەی بەکارهێنانی مێشک تا ڕادەیەک زیاتر بکات، وەکو هەوڵدان بۆ فێربوونی ئامێرێکی میوزیکی یان خوێندنەوە.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.