هەروەکوو دەبینین ناساندنی ژن لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، ئەدیب و زاناکان هەرکەس بە گوێرەی پسپۆری خۆی ژنی ناساندووە، بە تایبەتی لەرووی هونەرییەوە بە نەرم و نیانی وەسفی ژن کراوە.
ژنە نوسەر شیرین تاهیر لە وتارێکدا دەڵێت "بەهۆی بوونەکەیەوە بۆچوونی جیاواز لەبارەی ناسینی ژن هەیە، لە هەرشوێنێك بێت یان بەهەر هۆیەك بێت، زۆربەی زانا و ئەدیب و فەیلەسوفەکان هەرکەسە و بە گوێرەی پسپۆرییەکەی خۆی ژنی ناساندووە، ئەوانەی ئەهلی هونەرن بە هەموو جۆرە جیاوازییەکانیەوە بە سۆزداری پێناسەی دەکەن سیفەتی نەرم و نیانی دەخەنە پاڵ پێکهاتەی ژن، هەندێکیتر باس لە پێگە و واقعی ژن دەکەن لە کۆمەڵگەدا، بەشێکی تر لەم گروپانە پەنا بۆ زانست دەبەن و لە ڕووی پێکهاتەی بایلۆجی و دەروونی و ئەندامیەوە پێناسەی ژن دەکەن و تاقیگە بەکار دەهێنن بۆ ناساندنی".
شیرین تاهیر دەربارەی نموونە واقیعییەکان نووسیویەتی "بە درێژایی شارستانیەکان و جیاوازی کاتەکان بۆچوونیان جیاوازبووە بۆ ژن، زۆر کەم لەمانە بە چاوی دواکەوتووانە لە ژنی ڕووانیوە، هەرگیز وایان دانەناوە کە ژن ئامرازێکە بۆ بەختەوەری و خۆشی پیاو، ڕۆڵی ژنیان بچووک نەکردۆتەوە تەنها لە منداڵبوون و وەچە خستنەوە. دیارە لە نێوان ئەم کۆمەڵناس و بیرمەندانەشدا بە شێوەی هەمووەکی یان بەشەکی بۆچوونی جیاواز هەبووە کە بە گوێرەی جیاوازی کۆمەڵگاکان و هۆکارە کارتێکردووەکانی سەر ئەو کۆمەڵگەیە وەك ئایین و دابونەریت و یان سروشتی ئابوری...هتد دەگۆڕێت، ئەم هۆکارانە هۆکارن بع جیاوازی سەیرکردنی پێگەی ژن".
هەروەها دەربارەی دابینکردنی مافەکانی ژنان دەشڵێت "لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەو دەنگانەی داوای هەموو مافەکانیان دەکەن لەوانە یەکسانیان لەگەڵ پیاودا و یەکسانی لە کاردا و چەندان مافی تر، هەندێك لە ژنان بە تەواوی داوای یەکسانی دەکەن لەگەڵ پیاوان لە هەموو شتێکدا، ئەمەش بە تەواوی نەهاتۆتە دی تەنانەت لە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکانیشدا بەهۆی ئەو تێڕوانینەی زانست لەسەر ژن خستوویەتیە ڕوو لە ڕووی فیزیکی و بایلۆژی و دەروونیەوە.
ژنان داوای مافی کەمتر یان زیاتر ناکەن لەو مافانەی کە دەبێت مرۆڤ هەیبێت و شمولی هەردوو ڕەگەزەکە دەکات بە شێوەیەکی گونجاو، لەگەڵ توانا و دۆخ و پێگە کۆمەڵایەتییەکە بۆ هەردوو ڕەگەز گونجاوە، کەواتە یەکسانی بریتیە لە (باڵانس بوون) نەک یەکسانی تەواو".
ئاماژە بەوەشدەدات "بەهۆی زۆربەی وەچەرخانە سیاسی و ئابوورییەکانەوە کە ڕووی جیهانی گۆڕی لە دەیەکانی سەدەی ڕابردوودا کاریگەری قوڵی لە دۆخی ژن دا دروستکرد، ئەگەر بەشێک لەو وەچەرخانە ئیجابی بێت، ئەوا بەشێکی ترییان پشتگیری بوون لەو لایەنانەی کە جیاکارییان پەیڕەو دەکرد، بەهۆی زیادبوونی پێکدادانە چەکدارییەکان و شەڕەناوخۆییەکانەوە خەڵکەکان زیاتر ئاوارەبوون و کردەوەی تاوانکاری و توندوتیژی زیاتر بوون، کە ئەم کارانە بە تەواوی و بە شێوەیەکی تایبەت کچان و ژنان دەکرێنە ئامانج، جیا لەمە پەڕگیر و ئسولیە دینییەکان بە تەواوی سەربەخۆیی ژن ڕەتدەکەنەوە، قورسترین سزای بەسەردا دەسەپێنن و دوری دەخەنەوە لە هیومانیەت".