سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لێکدانەوەی ئەدەبیاتی فێمنیستی ئالیس واکر

07/02/2022


 

لێکدانەوەی ئەدەبیاتی فێمنیستی ئالیس واکر

 

ن: کیانا وایتد
و: مستەفا زاهیدی


ئالیس ماسینیۆر واکر[1] (١٩٤٤) رۆماننووس، شاعیر، چیرۆکنووس، وتار نووس و چالاکی ئەمریکایی – ئەفریقاییە. ناودارترین رۆمانی “رەنگی ئەرخەوانی”[2] بووە بە براوەی خەڵاتی پۆلیتزەر و خەڵاتی کتێبی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٨٣. دیدی داهێنەرانەی واکێر دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی دژواری ئابووری، تیرۆری رەگەزی و عەقڵی رەشۆکیانەی ژیان و کەلتووری ئەمریکایی- ئەفریقایی، بە تایبەت لە گوندەکانی باشوور. نووسینەکانی پەردە لە سەر پەیوەندی چەند لایەنەی نێوان ژنەکان و هێزە ئازادیبەخشەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سیاسی دادەماڵێت.

واکر دوای ساڵانێک لە بزووتنەوەی هونەری رەش [3] لە دەیەی ١٩٦٠ دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی شیعر و چیرۆکەکانی. لەهەمانکاتدا کارەکانی واکر لەگەڵ کاری نووسەرانێکی وەک تۆنی مۆریسۆن[4] و گلۆریا نیلوور [5] بە شێوەی هاوبەش، لەگەڵ شەپۆلی دەیەی ١٩٧٠ لە ئەدەبیاتی ژنانی ئەمریکایی- ئەفریقایی دەناسرێتەوەو هاوتەریبی ئەو شەپۆلە کاری کردوە.

سەردەمی یەکەمی ژیان و خوێندن
ئالیس واکر، رۆژی ٩ی فێبریواری ١٩٤٤ لە ئیتۆنتۆن[6] لە دایکبوو. ئەو هەشتەمین و بچووکترین مناڵی مینی تالۆلا گرانت و ویلی لی واکر بوو. دایک و باوکی وەرزێر بوون و لە سەر زەوێ خەڵک و بە کرێ کاریان دەکرد. رۆحی وشیاری واکر کە وای دەکرد کەسایەتی ئەو لە مناڵانیتر جیا بێت، لە تەمەنی ٨ ساڵی و ئەو کاتەی براکەی چاوی چەپی ئالیسی بە ساچمەزەن لە پێشبڕکێی نێوان کاوبۆکان و سوورپێستەکاندا بریندار کرد، مرد. تانەو تەشەری هاوپۆلییەکانی واکر لە قوتابخانە و بێ مبالاتی بنەماڵە بەرامبەر بەم بابەتە و گرینگی پێ نەدانی، وایکرد کە واکر ببێت بە کەسێکی شەرمێون و تەریک کەوتوو. بەسێک لەشەرمی واکر دوای شەش ساڵ کە دۆکتۆرێک بە نەشتەرگەری جێگای بینەکەی چاوی چەپی سڕیەوە، لە ناو چوو. واكر لە دواناوەندیشدا قوتابییەکی زیرەک و دیار بوو و بە پلەی باشەوە دواناوەندی بڕی . بەڵام هەستێکی نامۆی لەگەڵ بوو و لە تەنهاییدا هەستەکانی بە خوێندنەوەو نووسینی شیعر پەروەردە دەکرد.

ساڵی ١٩٦١ واکر ، گوندەکەی خۆی واتە ئیتۆنتۆنی بە مەبەستی خوێندن لە کۆلێژی سپێلمەن، کە خوێندنگەیەکی بەرز بوو بۆ خوێندنی ژنانی رەش پێست لە ئاتلانتا، بەجێ هێشت. لە ماوەی دوو ساڵدا کە لە کۆلێژی سپێلمەن بوو، بەشداری بزووتنەوەی یاسایی- مەدەنی کرد و زۆر چالاک بوو تێیدا. دوای ئەوە لە کۆڵێژی سپێلمەنەوە چووە کۆلێژی سارا لارنس لە نیۆیۆرک. وێڕای خوێندن و خوێندنەوە بەردەوام بەشداری هەبوو لە بزوونتەوەی یاسایی مەدەنیدا، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ ماڵی مارتین لۆتەرکینگ لە ساڵی ١٩٦٢. وەک ئەندام لە فێستیڤالی ئاشتی جیهانی لاوان لە فەنلاند وەرگیرا. واکر هەروەها ناوی دەنگدەرە رەش پێستەکانی لە لایبرتی کانتی جۆرجیا تۆمار کرد و دوای ئەوە، ماوەیەکیش لە وەزارەتی کار و باری کۆمەڵایەتی لە نیۆیۆرک کاری دەکرد.

دوو ساڵ دوای ئەوەی واکر بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی سارا لارنس لە ساڵی ١٩٦٥ بە دەست هێنا، لەگەڵ “ملۆین رۆزنمان لۆنتاڵ”[7] کە پارێزەرێکی سپی پێستی مافە مەدەنییەکان بوو ژیانی هاوسەری پێک هێنا. ئەوان لە جەکسۆن، می سی سی پی، ئەو شوێنەی کە واکر وەک راوێژکاری مێژووی رەش پێستەکان لە پڕۆگرامێکدا کە تازە دەستی پێکردبوو کاری دەکرد، دەژیان. هەروەها واکر لەوێ نووسەری فەخری کۆلێژی ئەیالاتی جەکسۆن و کۆلێژی تۆگالۆ بوو. واکر ساڵی ١٩٦٩ یەکەم رۆمانیخ ۆی بە ناوی – ژیانی سێهەمی گرانگ کاپلەند [8] نووسی و لە هەمان ساڵدا “ڕبەکا گرانت”[9]ی کچی لە دایک بوو. کە ساڵی ١٩٧٧ لە مێردەکەی جیا بۆوە رووکردە کالیفۆڕنیای باشوور، ئەو شوێنەی کە تا ئێستەش لێی دەژی و خەریکی نووسینە.

واکر لە زانکۆکانی ڤێلسی، ماساچۆست لە بۆستۆ، یال، براندیس و زانکۆکانی کالیفۆڕنیا لە بێرکلی، خوێندنی ژنانەی[10] ئەمریکایی- ئەفریقایی بە خوێندکارەکان دەوتەوە. پشتیوانی لە ناوەندەکانی دژە ئەتۆمی و لایەنگری ژینگە دەکرد و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە نەریتەکانی سەرکوتگەری ژنان لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوی کرد دەنگێکی لایەنگری مافی ژنان لە ئاستی نێونەتەوەییدا. واکر وەک یارمەتدەری ئێدیتۆری گۆڤاری لیبراڵ فێمنیستی  M.S[11] و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناوەندی بڵاوکەرەوەی وایلد تری.[12]

واکر ستایشی مێژووی ئەدەبیاتی دایک تەوەری کردوەو لەم پەیوەندەدا کۆمەڵێک وتار و لێکۆڵینەوەی نووسیوە ، مەبەست لەم کارانەی ئاشنا کردنی بەرەی نوێی خوێنەرەکان بە نووسەرانێکی وەک “زۆرا نیل هۆرستۆن” [13] ئەو کۆمەڵەیەی کە واکر کاتی خۆی بۆ تەرخان کردوە بۆ ئیدێت کردنی- من خۆم خۆش دەوێت کە پێدەکەن…. و جارێکیتر ئەو کاتەی بە شوێن ماناو کاریگەرییەوەم: خوێندنەوەیەک بۆ رۆزا نیل هۆرستۆن (١٩٧٩)- کارێکی سەرکەوتوو بوو کە بوو بە هۆی ئەوەی جارێکتر بەرهەمەکانی هۆرستۆن چاپ و بلاو بکرێتەوە. واکر جگە لەوەی کاریگەری هۆرستۆنی لە سەرە، دەتوانین بڵێین ئەدەبیاتی واکر لە ژێر کاریگەری نووسەرانێکی وەک: جین تۆمۆر نووسەرەی رێنساسی هارلم، برۆکس هۆنۆدلین شاعیری رەش پێستی شیکاگۆیی، بسی هێد رۆماننووسی ئەفریقای باشوور، فلانری ئۆکانێر، نووسەری جۆرجیای سپی، دا بووەو کاریگەری ئەم نووسەرانەی لە سەر بووە.

شیعر
یەکەم کۆمەڵە شیعری واکر بە ناوی (یەکجار)(once)  ساڵی ١٩٦٨ ، لە سەر بنەمای ئەزموونەکانی لە بزووتنەوەی مەدەنی و سەفەری بۆ ئەفریقا نووسرا.  کۆمەڵە شیعری “یەکجار” لە ژێر کاریگەری “هایکۆی ژاپۆنی” و “فەلسەفەی ئەلبێر کامۆ”،دایە و هەروەها هەڵگری کۆمەڵێک رامانە دەرباەی عەشق و خۆکوژی. لە راستیدا دوای ئەوەی واکر هاوینی ١٩٦٤ سەردنی ئافریقای کرد و دەبوایە دوای گەڕانەوەی بچوایەتە کۆلێژ بۆ خوێندن، بە شێوەیەکی نەخوازراو سکی پڕ بوو. ئەوە لە نووسینەکانیدا بە شێوەیەکی کراوەو روون باس لەو خەم و ئازارە جەستەیی و دەروونییە دەکات کە پێس لە لەبار بردنی مناڵ تووشی ببوو. شیعرەکانی کۆمەڵە شیعری (یەکجار) جگە لەوەی رەنگدانەوەی سەردەمێکی تاڵی ژیانی ئەوی تێدایە کە بیری لە مەرگ دەکردەوە، بەڵکوو لە هەمانکاتدا دەرباری بڕیاری سەرکەوتوانەی ئەوە بۆ چاکسازی لە ژیانیدا. دووهەمین کۆمەڵە شیعری واکر بە ناوی Revolutionary Petunias and Other Poems (1973)  بوو بە براوی خەڵاتی کتێبی لیلیان سمیت، لە لایەن شۆرای ناوچەکەوە.

پاتۆنیا شۆڕشییەکان و شیعرەکانی تر (Revolutionary Petunias and Other Poems)
شیعرە گێڕانەوەییەکانی واکر لە دووهەمین کۆمەڵە شیعری Revolutionary Petunias and Other Poems (1973) –    پێداچوونەوەیە بە ژیانی رابردووی لە باشوور و شیعرەکانیتر ململانێ و کێشمەکێشە رووکەشیانە سیاسییەکان دەباتە ژێر پرسیارەوە. شیعرێکی لە ژێر ناوی ” شەو خۆش ویلی لی، بەیانی دەتبینم” [14]   رێزگرتنە لە رێبەرانی سیاسی و نووسەرانی داهێنەری رەش پێست. واکر لەگەڵ چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شیعری چوارەمیدا بە ناوی ” ئەسپەکان دیمەنێک دەخولقێنن کە جوانتر دەبینرێت.” [15](١٩٨٤) سەرجەم شیعرەکانی پیشتری لە کتێبێکدا لە ژێر ناوی ” هەموو ئەو شتانەی دەربارەی جەستەی شینی ئەو دەیزانین: شیعرە زەمینییەکان، کۆمەڵە شیعر ١٩٦٥- ١٩٩٠” (١٩٩١) کۆ کردەوەو چاپی کرد. گۆڤاری “پالیشەر ویکلی” [16]  بە متمانەی تەواو بە کۆمەڵە شیعری دواتری واکر ” باشەی زەوی: شیعرە نوێکان”  (٢٠٠٣)، بابەتە ئێکۆلۆژی و مینۆکییەکانی ئەم کۆمەڵە شیعرە زەق دەکاتەوەو هەروەها لەم بارەوە دەڵێت لەم کۆمەڵە شیعرەدا بە وردی ستایش و وەسفی دۆستی، عەشقی رۆمانتیک، چێشت لێنان، بزووتنەوەی ئاشتی، فرەچەشنی نەتەوەیی و بەتایبەت وەسف و ستایشی ژنانی بەهێز کراوە لەوانە “جەنی گۆدال” [17]کراوە. یەکێکیتر لە کۆمەڵە شیعرەکانی واکر بە ناوی ” ئەو شیعرەی کە تا کۆتایی باڵم سەفەری کرد” [18]  ساڵی ٢٠٠٥ چاپ و بڵاو کرایەوە. [19]

وتار و کورتە چیرۆکەکان
یەکێک لە یەکەمین چیرۆکاکنی واکر بە ناوی “تا دۆزەخ لەگەڵ مەرگ” [20]ە کە سەرنجی لەنگستین هیوز [21]ی راكێشا و دواتر هیوز لە کۆمەڵەیەکدا بە ناوی باشترین کورتەچیرۆکەکان لە نووسینی  نووسەران نێگرۆ [22] (١٩٦٩) چاپ کرد. [23] چیرۆکی “تا دۆزەخ لەگەڵ مەرگدا” لە سەر بنەمای چیرۆکێکی راستەقینە داڕێژراوە. رووداوێک کە لەو چیرۆکەدا هەموو دڵخۆشی و پێکەنینی مناڵەکان گیتاریستێکی پیرە بە ناوی “ئاغای سوییت” کە لە سەرەمەرگدایە. لەم ساڵەوە بۆ ساڵێکتر رزگاری دەبێت. لە سەرەتای چیرۆکەکەدا گێڕەرەوە کە کچێکی گەنجە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی “ئاغای سوییت” رزگار بکات، بەڵام سەرکەوتوو نابیت. ئەم کچە دوای مەرگی سوییتی گیتاریست، دەبێت بە خاوەنی گیتارەکەی – میراتی عەشق ق ژینای ناکۆتایی ئەو-.

“تا دۆزەخ لەگەڵ مەرگدا” جارێکیتر چاپ کرایەوە وێرای چاپ کردنی یەکەم کۆمەڵە کورتە چیرۆکی واکر بە ناوی ” لە عەشق و سە ئێشەدا: چیرۆکگەلێک لە ژنانی رەش پێست” (١٩٧٣)[24]. سێزدەهەمێن چیرۆکی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە کێشە و ململانێی ژنانی رەش پێست لەگەڵ پێناسە داخراوەکانی کۆمەڵگای روو لەگەشە دەخاتە ڕوو و ئەوە نیشان ئەدات کە ژنان خوازیاری گەیشتن بە گەورەیی خۆیانن و دژی پێناسە دۆگم و داخراوەکان دەوستنەوە. لە دووهەم کۆمەڵە چیرۆکی واکر دا ، بە ناوی ” تۆ ناتوانی ژنێکی باش بمێنیتەوە: چیرۆکەکان” (١٩٨٢) [25]واکر کۆمەڵێک وێنای روون لە ئەزموونەکانی ژنان بە جەختکردنەوە لە سەر بابەتگەلێکی هەستیاری وەک لەبار بردنی مناڵ و دەستدرێژی سێکسی درێژە پی دەدات. ساڵی ٢٠٠٠ واکر سێهەم کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بە ناوی ” رێگایەک لە بەرە بە دڵێکی شکاوەوە” [26]. ئەو هەروەها ٤ کتێبی بۆ مناڵان نووسی. لەوانە کۆپی وێنەداری ” تا دۆزخە لەگەڵ مەرگ” (١٩٨٨) و  “دۆزینەوەی بەردەی سەوز ” (١٩٩١). [27]

واکر چەند بەرگ لە وتار و رامانە ئۆتۆبایۆگرافییەکانی خۆی چاپ و بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٨٣ واکر بە نووسینی کتێبی ” گەڕان بە دوای باخچەکانی دایکماندا: پەخشانێکی ژن گەرایانە ” [28] خوێنەرەکانی بە روانگەی نوێی ئایدۆلۆژیکی خۆی لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی فێمنیستی ئاشنا دەکات. وشەی “ژن گەرا” کە لە ناو کتێبەکەیدا دایناوە، ئەو ژنە رەش پێستانەی کە رێز لە داهێنان، هەست و تواناکان و نەرمی نواندنی ژنان دەگرن، جیا دەکاتەوە و رێزیان لێدەگرێت. لە راستییدا “ژن گەرایی” پێشتر وەک گەڵاڵەیەک چاوی لێ دەکرا کە داوا لە ژنان دەکرا کە بێدنگ و ملکەچ بن و زیاتر دەرخەری دەسەڵاتی پیاوسالارانە بوو. کتێبی گەڕان بە دوای باخچەکانی دایکماندا: پەخشانێکی ژن گەرایانە، ساڵی ١٩٨٤، بوو بە براوەی خەڵاتی کتێبی “لیلیان سمیت”. یەکێکیتر لە کۆمەڵە وتارەکانی واکر ناوی :” هەمان رووباری دووبارە، شانازی کردن بە دژواریی” [29] لەو کتێبەدا نووسەر باس لە ململانێ و کێشمەکێش دەکات لەگەڵ نەخۆشی لایم (Lyme disease) لە سەردەمی نووسینی رۆمانی (رەنگی ئەرخەوانی). یەکێکیتر لە کۆمەڵە وتارەکانی واکر بە ناوی ” نێردراو لەلایەن زەوییەوە: پەیامێک بۆ رۆحی دایەگەورە: دوای هێرش بۆ سەر تاوەرە دوانە بازرگانییەکان و پێنتاگۆن” (٢٠٠٢) [30]

رۆمانەکان
بە هەمانشێوەی کورتە چیرۆکەکانی، ئالیس واکر لە ٦ رۆمانیدا کە بلاوی کردۆتەوە زیاتر لەوەی باس لە پەیوەندی نێوان رەش پێستەکان و سپی پێستەکان بکات، زیاتر جەخت لە سەر ژیانی ناو کۆمەڵی ئەفرۆ- ئەمریکاییەکان دەکاتەوە. یەکەم رۆمانی بە ناوی “ژیانی سێهەمی گرانج کاپلەند” (١٩٧٠)[31] باس لە ژیانی تاڵ و رزگاربوونی بنەماڵەیەکی رەش پێست دەکات کە بە درێژایی چەند بەرەو وەچ، گیرۆدەی دەستی توندووتیژی و گرێدراوێتی ئابوورین. هەروەها لە رۆمانی ” Meridian “(١٩٧٦) دەربارەی گەنجێکی چالاکی مافە مەدەنییەکانە و گێڕانەوەی ژیان و کاری ئەو گەنجەیە. رۆمانی ” رەنگی ئەرخەوانی” (١٩٨٢) لە نووسینی واکر زیاتر لە ناو نووسەران و کۆمەڵگدا دەنگدانەوەی هەبوو. ئەم رۆمانە ساڵی ١٩٨٣ خەڵاتی بۆکێری وەرگرتووەو ساڵی ١٩٨٥ لە لایەن “ستیڤن سپیلبێرگ”ەوە کراوە بە فیلم و براوەتە سەر پەردەی سینەما.

رەنگی ئەرخەوانی
گێڕەوەری ئەم رۆمانە کچەکەی “سێلی”ە و لە فۆڕمی نامەنووسیندا- کۆمەڵیک نامە- دا نووسراوە. سێلی (Celie) باس لە نهێنی پەیوەندی سێکسی خۆی لە مناڵی، دەستدرێژی و بەکارهێنانی جەستەیی و هەروەها تەنهایی خۆی، لە فۆڕمی نامەدا بۆ خودا، خەریکی گێڕانەوەی ئەم رۆمانەیە. دوای ئەوەی سێلی چەندین جار لە لایەن “زڕباوکەکەیەوە” دەستدرێی سێکسی دەکرێتە سەری، ناچار دەبێت مێرد بە پیاوێک بکات کە ژنەکەی مردووەو سێ مناڵی هەیە. لێرەدا تەنها دڵخۆشی سێلی خزمەتکاری مێردەکەی “شووگ ئاڤێری” (  Shug Avery) و خوشکەکەی ” نێتی” (Nettie) کە هەردووکیان ئەندامی شۆرای پشتیوانی لە ژنانن. سێلی بەرە بەرە فێر دەبێت کە خۆی بە ژنێکی دڵخواز و بەشێکی بەهادار و گرینگ لەم دونیا ببینێت.

لەگەڵ ئەوەی کە “رەنگی ئەرخەوانی” لە بەشی گوندنشینی جۆرجیا لە سەردەمی هەڵاواردنی رەگەزی روو دەدات، ئەم رۆمانە دوو لایەنی ئۆتۆبایۆگرافی لە کۆیلە بوونی سەدەی نۆزدەیەم و چیرۆکی رۆمانتێک بە گێڕانەوەیەکی دان پێدانان لە وشیاری سێکسی ، تێکەڵ یەکتر دەکات. توندترین رەخنەی واکر لەم رۆمانە ئەوەیە کە ئەو وێنانەی کە خۆی لە پیاوانی رەش پێست هەیبوو و بە “لێدانی پیاوانە” دەیبینین شەرمەزار دەکات و بە خراپی دەزانیت. بەڵام کەسانیتر خستنەڕووی وینایەکی روون و ئاشکرا لە تابۆکان، زمانی باو و دەستەواژەکانی کۆمەڵگای رەش پێست لە رۆمانی رەنگی ئەرخەوانی ستایش دەکەن و بە شتێکی باش و بێ وێنەی ناو دەبەن. شانۆگەرییەکی مۆزیکاڵ کە لەم رۆمانە وەرگیرابوو ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن “کۆمپانیای شانۆی ئالیانس”[32] لە ئاتلانتا نمایش کراو هەروەها ساڵی ٢٠٠٥ لە برادۆی جارێکیتر نمایش کرایەوە.

زۆربەی زۆری لێکۆڵەران و رەخنەگرانی ئەدەبی رۆمانی رەنگی ئەرخەوانی لەگەڵ دوو رۆمانی دواتری ئەو، لە تریلۆژییەکی نافەرمیدا بە یەکترەوە پەیوەند دەدەنەوە. کچەزاکەی “سێلی” بە ناوی “فانی” کارەکتەری سەرەکی رۆمانی “پەرەستگەی خێزانی من”[33] (١٩٩٢)ە و کەسایەتی سەرەکی رۆمانی دواتری واکر بە ناوی ” Possessing the Secret of Joy” تاشی ، ژنی  کوڕەکەی “سێلی”و ئەم ژنە ئەفریقییە. لە رۆمانی دواتری واکردا لە ژێر ناوی ” لەگەڵ تیشکی پێکەنینی باوکم” (١٩٩٨)[34] کۆمەڵێک بابەت و تێمی سێکسی و ئایینی توند باسیان لێوە کراوە، کە گێڕانەوەی چیرۆکەکە لەم دوو لایەنە گرینگەوە بەش بەش دەکاتەوە. ئەم رۆمانە گێڕانەوەی بنەماڵەیەکی مرۆڤناسی ئەمریکایی-ئەفریقاییە کە سەردانی مەکزیکیان کردوە بۆ ئەوەی لە ڕەچەڵەکی خێڵەکی کۆیلە رەشەکان و ئەمریکاییە رەسەنەکان بکۆڵنەوەو لێکی بدەنەوە. لە رۆمانی “ئێستا کاتی داگیرکردنی دڵتە” (٢٠٠٤)[35]  کەسایەتی یەکەمی ئەم رۆمانە بە ناوی “کیت” سەفەرێکی مینۆکی و زارەکی دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی رێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی رەوتی گەیشتن بە پیری بۆ خۆی دەروونی بکاتەوە. واکر دەڵێت، گەڕانی “کیت” گەڕانێکە کە دەبێت ببێت و پێویستە وەها گەڕانێک ببیت، لەبەر ئەوەی تا رادەیەکی زۆر تەمەنی پیری و ژیان لەو تەمەنە نەناسراوە. وا دیارە خەڵک بۆچوونێکی روونیان لە ژیانی ئەو ژنانەی کە لە سەرووی تەمەنی ٥٥ و ٦٠ ساڵییەوەن نییە.

واکر دەڵێت :” تەنها شتێک کە لە چیرۆکەکانمدا گرینگیم پێداوەو لەسەریان دەڕۆم، ناسین و کردنەوەی درگای ئەو نهێنیانەیە کە سنووردار ناکرێنەوە بە سیاسەت، رەگەز یان هەرێمی جوگرافیایی.” و هەرئەمەش دەرخەری تێڕوانینی بێ وێنە و چەند لایەنەی ئەدەبییە لە بەرهەمەکانی واکر دا.

واکر دەڵیت:” تەنها شتێک کە دەمهەوێت لە ژیان چیرۆکەکانمدا رەنگ بداتەوە، زانین و پەی بردنە بەو راز و نهێنیانەی کە بە سیاسەت و رەگەز و هەرێمی جوگرافیایی سنووردار ناکرێنەوە.” هەر ئەمە بووە بە هۆی ئەوەی ئەدەبیاتی واکر ئەدەبیاتێکی فرەڕەهەند و چەند لایەنە و بێ وێنە بێت. لە راستیدا واکر بە بەکار هێنانی توخمگەڵێکی وەک : مینوکی بوون. حەکایەت و چیرۆکی پێشینەکان، روانگەی فێمنیستی و ژن گەرایانە، ریالیسمی ئەدەبی و گرۆتیسک لە نووسراوەکانیدا، پەنتایەکی فەراوانی کەلتووری و ئەدەبی خولقاندووە. ساڵی ٢٠٠١ ئالیس واکر وەک یەکێک لە کەسە ناودارەکانی جۆرجیا دیاری کراو ناوی چووە لیستی کەسانی ناوداری ئەو ئەیالەتەوە. هەروەها ساڵی ٢٠٠٧ زانکۆی ئێمۆری [36]  ئەرشیڤی بەرهەمە ئەدەبی و تایبەتییەکانی واکری پێ گەیشت و ساڵی دواتر دەستی کرد بە بڵاوکردنەوە وتارەکەی.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.