هەموومان لە کوشتنی ژنێکدا هاوبەشین!!!
نووسین: سەما شێخولئیسلامی
هەمیشە کاتێک ژنێک بە دەستی هاوسەر، باوک و برا یان
نێرەکانی نزیک لێیەوە دەکۆژرێت, ئەم پرسیارانە مێشکم دەتەنێت؛ ئەم کوشتنانە کە
بە ناوی شەرەف و نامووسەوە بەرانبەر بە ژنێک دەکرێت لە کوێوە دێت؟ تا کەی بەردەوام
دەبێت یان کەی کۆتایی پێدێت؟
کاتێک پیاوێک بەناوی شەرەفەوە بەرانبەر بە ژنانی
دەوروبەری(کە خۆی بە خاوەنیان دەزانێت) هەڵدەستێت بە توندوتیژی، چەندین پاڵنەر
بوونی هەیە؛ لە ئایین و نەریت و نەخۆشی دەروونی تاوانبار و خووگری بە مادە
هۆشبەرەکان و کحول بگرە تا نەبوونی یاسا یان بوونی ئەو یاسایانە کە ژن وەک کەسێکە
دەرەجە دوو سەیر دەکات.
بەڵام ئەوەیکە دیارە ئەوەیە کە هەمیشە ئەو کۆمەڵگانەی کە سیستەمی
پەروەردە تێیاندا لاوازە، زیاترین توندوتیژیەکان تێیدا ئەنجام دەدرێت و رێژەی
کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە بەرچاوە.
کاتێک لە تاوانباران یان خەڵکانی ئەو کۆمەڵگەیە
دەپرسیت هۆکاری ئەنجامدانی توندوتیژیەکە چیە! لە وڵامدا خۆی وەک پارێزەر ناو دەبات
و بە حساب بە هۆی پاراستنی شەرەف و نامووس ئەو کارەی ئەنجام داوە، و لۆجیکی رازی
کردنی ویژدانیان بۆ ئەنجامی ئەم جۆرە تاوانانە پاراستنی شەرەفە.
بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دروست دەبێت پاراستن لە
بەرانبەر کێ و چی؟
نێرەکان بۆ پارێزگاری کردن لەوەیکە دواتر بە بێ شەرەف
یان بێ ئابڕوو ناو نەبرێن هەموو جۆرێکی توندوتیژی ئەنجامدان بەرانبەر بە ژنان، و
ئەمە بە مافی رەوای خۆیان دەزانن.
پارێزگاری کردن لە هەر شتێک کە لە فکری خۆیاندا
دروستیان کردووە، بەرانبەر بەو هێرشانەیە کە لە کۆمەڵگەی خۆیانەوە دێتە سەریان!!! لەبەر
ئەوەیکە دواتر توانایی کونترۆڵ کردن یان زاڵ بوون بەسەر ئەو هێرشە کۆمەڵایەتیانە
کە دەکرێتە سەریان نیانە، هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی ژنان دەدەن.
کەوایە لێرەدا پرسیارەکە بەم جۆرە دادەڕێژینەوە؛ ئەگەر
هێرشە کۆمەڵایەتیەکان بوونی نەبێت یان ڕاوبۆچوونی کەسیان بەلاوە گرنگ نەبێت، ژنان
دەیانتوانی ئازادتر بژیبان یان توندوتیژیەکان کەمتر دەبوو؟
بێگومان خاڵە گرنگەکە لێرەدایە، ئەوە کۆمەڵگاکانن کە
بە زۆری هاندەری هەرجۆرە توندوتیژییەکن. ئەوە کۆمەڵگایە کە لە پشت هەرچەشنە هێرشێکی
کۆمەڵایەتییە. بەڵام ئەمە بەو مانا نییە کە تاکە توندوتیژەکان بەرپرسی کردە
توندەکانی خۆیان نیین. تاک بەرپرسە هەروەها کە کۆمەڵگایش بەرپرسە. تاکێکی توندوتیژ
دەبێت شەرم لە خۆی بکات ئەوکاتەی تاوانێک ئەنجام دەدات. بەڵام ئەم پرسیارە هەر بۆ ئەندامانی
کۆمەڵگایەکیش ڕەوایە کە ڕاستەوخۆ بەشدار نیین لە ئەنجامی تاوانێکدا.
بۆیە دەکرێت جۆری بەرپرسیارێتیەکە لە ئەستۆی هەردوولا
بێت. ئیتر لەم کاتەدا پرسی جوداکردنەوەی تاکی تاوانکەر و کۆمەڵگا بێمانەیە. بۆیە
پێویستە تێگەیشتنمان بۆ پرسی توندوتیژی دژی ژن یان هەر جۆرە توندوتیژیەک، زیاتر لە
دەلاقەی 'ئێمە'وە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. تاک بەرپرسە هەروەها کە لەژێر پەروەردە توندەکانی
ئەو کۆمەڵگایەدا ئەویش توند دەبێت.
بۆیە باشترە بڵێین کە ئێمە خۆمانین کە دوور و نزیک
ئەمانە دەکەین بە خۆمان. ئەوە خۆمانین کە توندوتیژی لەسەر یەکتر دروستی دەکەین؛ ئەوە
خۆمانین کە بە خۆمانی دەکەین؛ بۆیە لە هەموو تاوانێکدا کە بەرانبەر بە ژن دەکرێت ئێمە
هەموومان هاوبەشین، و لەڕاستیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان تاوانبارین!!!!