رۆزا حمەساڵح
لە یەكەم وێنەدا كە لە ساڵی ١٩٢٧ گیراوە، ٢٨ پیاوی زانای بواری فیزیا و یەك ژن ئەویش (ماری كوری)یە لە وێنەكەدا دەردەكەون.
لە دووەم وێنەدا كە لە ساڵی ٢٠١٧ گیراوە، زانكۆی ترینتۆ و كۆمەڵەی فیزیازانی ئیتاڵی نوێترین وێنەمان پێشان دەدات كە تێیدا (٢٨) ژنی زانای بواری فیزیا و یەك پیاو ئەویش (غیدو تونیللی)یە، دەبێنرێت.
بڕوانن ژن لە جیهاندا گەیشتۆتە چ ئاستێك لە هێز و زانیین و خزمەتكردن بە مرۆڤایەتی، لای خۆشمان ڕۆژ نەبێت بە مەرگی ژنێك ڕانەچەڵەكین.
لە ناو كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیدا ژن بە گشتی بە جۆرێك سنوردار و كۆتوبەند كراوە، كە هەستێكی وای لەلا دروست بووە بە وەی كە دەبێت ئەركەكانی تەنها و تەنها لەچوارچیوەیەكی داخراودا بێت، وەهەندێ جار وەك كاڵایەكی لێهاتووە و بازرگانی پێوە دەكرێت.
ژن لە ناو كۆمەڵگا پێشكەوتوەكاندا پیرۆزی خۆی هەیە و ڕێزی لێدەگیرت و ئەرك و مافەكانی بەرز دەبینرێت، هیچ كات ڕەگەزی مێینەیی و جلوبەرگی نەبۆتە كێشە و گرفت و هێمای لاوازیشی ناخرێتە پاڵ.
ئەگەر بێتو ژنان هەوڵ بۆ هۆشیاركردنەوە خۆیان نەدەن، عەقڵیان ژێر دەستە بكەن، ئەو كات هزر و هۆشیان گەمارۆ دەدرێت، یان دەكرێن بە بوكەڵە و فرۆشتن و مامەڵە بە لەش و لاریانەوە دەكرێت، یاخود هزر و عەقڵیان بچوك دەكرێتەوە و تەنها لە یەك ڕوانگەوە دەبینرێت، لە هەردوو لاشەوە هەر ژن تێیدا زەرەرمەند دەبێت و ڕوبەڕوی نەخۆشی و فشارە دەرونییەكان دەبێتەوە، ئەو كات ترس و بێمتمانەیی بە خودی خۆی لە ناخیاندا دەچەسپێت و عەقڵیەتی لە گەشەكردن دەوەستێت.