سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گەڕان بەدوای نەمریی.. لەئەفسانەی (میرمح)ی ئێزیدییەكاندا

10/02/2022



د.مەولود ئیبراهیم حەسەن

پێشەكی

فۆلكڵۆری ئێزیدییەكان بەشێكی گرنگی فۆلكڵۆری كوردیمانە، ئەو فۆلكلۆرە چۆن زۆر كۆنەو رەهەندێكی ئایینی هەیەو بە پیرۆزی سەیردەكرێن، خۆش ئەوەیە ئێزیدییەكان زمانی ئایینەكەیان كوردییە، ئەمە وای كردووە كە دەقە فۆلكڵۆریەكانیان بە كۆنترین و رەسەنترین و پیرۆزترین فۆلكڵۆری كوردی دەژمێردرێن .

لەنێو ئەو فۆلكڵۆرە كۆنەی ئێزیدییەكان بیرۆكەی ( گەڕان بەدوای نەمریی)دا  شوێنێكی تایبەتی هەیە، من تائێستا زیاتر لەچوار دەقی جیاو وەك یەك گەڕان بەدوای نەمریم لە فۆلكڵۆرو دەقە ئایینیەكانی ئێزیدییەكان دەسكەوتووە، جگە لەچەندین دەقی تر لە نێو ئەفسانەكانی كوردیدا.

پێناسەی ئەفسانە: تائێستا سەدان پێناسە بۆ ئەفسانە كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پێناسەی تر هەڵدەگرێ، ئەویش بەهۆی دەوڵەمەندیی ناوەرۆكی ئەفسانەوەیە. بەڵام، باشترین پێناسە بۆ ئەم ئەفسانەیە ئەوەیە :(ئەفسانە گرنگترین و بەرزترین و كۆنترین ئاستی بیركردنەوەی مرۆڤە).

رەگەزەكانی ئەفسانە : ئەوەی كە ئەفسانە لەحەكایەتەكانی تر جیادەكاتەوە ئەو رەگەزانەن:

١-پاڵەوانی ئەفسانەیی: میرمح كە هەزاران ساڵ تێدەپەڕی هەر گەنجەو پیرنابێ.

٢-كەرەستەی ئەفسانەیی: داری خەتەر كە لەخۆوە بەرز دەبێتەوەو نزم دەبیتەوە.

٣-شوێنی ئەفسانەیی: بەهەشتی پەریان كە لەم شوێنە دا كەس نامرێ .

٤-كاتی ئەفسانەیی : هەزاران ساڵ تێدەپەڕی میرمح هەر گەنجەو هەستی پێناكات.

٥-ڕووداوی ئەفسائە فسانەیی:پیربوون و مردنی میرمح پاش نەمانی سێوەكان .

٦-بیرۆكەی ئەفسانەیی: گەڕان بەدوای نەمرییدا.

گەڕان بەدوای نەمریی و هەمیشە گەنجی و پیرنەبوون و نەخۆش نەكوتن و تەمەندرێژیی، خواستێكی كۆنی مرۆڤەو مرۆڤ بەزۆر شیوە هەوڵی داوە ئەمانە بەدەست بێنێ،  هەر بەهۆی ئەم هەوڵانەشە كە (ئێكسیری نەمریی و ئاوی نەمریی و نانی نەمریی و سێوی نەمریی و گیایی نەمریی و شوێنی نەمریی...هتد ) وەك هۆیەك بۆ نەمریی زۆر باس دەكرێن، كۆنترین دەقی نووسراوو بەردەستیش داستانی (گەڕانی گلگامشە بەدوای نەمریی دا) لەئەفسانەی سۆمەرییەكان.  كە ئێستا ناوبانگێكی جیهانی هەیە. هەر ئەو دەقە كۆنە بووە بە نموونەی دەقەكانی نەمریی و دەقەكانی ترو بە دەقی گلگامش هەڵدەسەنگێندرێن . لەدەقی( میر مح) یش هەموو مەرج و قۆناغەكانی دەقی گەڕانی دروستی تێدایە.

جۆرەكانی نەمریی: ئایینەكان هەر لەكۆنەوە بیرۆكەی نەمرییان لەخۆیان هه ڵگرتووەو هەر یەكەو بەشێوەیەك، كە زۆرتریننیان (نەمریی روح و نەفس)  دەگرێتەوە ، بەڵام ئەوەی لەئەفسانەكاندا هاتووە ، بەدوای نەمریی جەستەیی دا دەگەڕێن، هەر بۆیە تائێستا سێ جۆر نەمریی دەسنیشان كراوە:

١-نەمریی جەستەیی
٢-نەمریی گیانی روحی
٣-نەمری بەناو


ئەفسانەی میر مح : ئەفسانەیەكی یەكجار كۆنەو هێمای چەندین ئایینی كۆن و رابردووی لەخۆدا هەڵگرتووە ، ئێمە لێرە ناچینە ناو ئەو گەنگەشە نەبڕاوەییەی فەیلەسوفەكان و پیاونی ئایینەكان، چ ئەو فەیلەسوفانەی بیرۆكەی نەمریی رەتدەكەنەوە وەك ئەوەی دیڤید هیوم دەڵێ: ( ئەگەر مردن نەبوایە مرۆڤایەتی نەدەما!) و چ ئەو پیاوە ئایینیانەی بەجۆرێك لە جۆرەكان بڕوایان بەجۆرێك لەنەمریی هەیە، ئێمە لێرە تەنیا قسە لەنەمریی نێو ئەفسانەی میر مح دەكەین.

هێما ئایینیەكان لەنێو دەقی میر مح دا:

یەكەم : باوكی میر مح ، میر مح دەخاتە نێو كۆشكیكی تاریك بۆ ئەوەی هیچ لەبارەی خراپەو مردن نەزانێ، ئەمە بەلای ئێمەوە هێمای سەردەمی تاریكی وهیچ نەزانین و بێئاگایی وبیرنەكردنەوەی مرۆڤە لەمردن و نەمریی.

دووەم: میرمح كە تیشكی خۆر دەبینێ دەیهەوێ بیگرێ و لەئەنجام دا دێتە دەرەوە لەكۆشكی تاریك و رۆژو رووناكایی دەبینێ و چاوی دەكرێتەوە، ئەمەش هێمایە بۆ سەردەمی ئایینی (خۆرپەرستی – میهرپەرستی) كە ئایینێكی كۆنەو سەردەمێكی زۆر زۆربەی رۆژهەڵات و جیهانی گرتبووەوە. هەر ناوێ میرمحیش بەڕای ئێمە لەبنەڕەتدا (میرمیهر) ە.

سێیەم: سێ سێو كە پەریەكان دەیدەن بە میر مح وەختێ دەیەوێ بگەڕێتەوە ماڵی باوكی و دەڵێن ئەو سێوانە مەچووێنە، چۆن هەتا ئەو سێ سێوانەت لابێ نەدەمری و نە نەخۆش دەكەوێ و نە پیردەبی و هەمیشە بەگەنجی دەمێنیتەوە، بەڕای ئێمە ئەم سێ سێوە هێمای سێینەی زەردەشتیانە كە دەڵی: ( بیری چاك، گوفتاری چاك ، كرداری چاك) دیسان دەكرێ هێمای سێیینەی مەسیحیەت و هەتا رادەیەكیش یەهودییەت  بێت (باوك و كوڕو گیانی قدوس)

چوارەم: كە باوكی میر مح ، میرمح دەخاتە نێو كۆشكە تاریكەكە،( سەیداو ئاخوندی ) بۆ دێنێ بۆ ئەوەی فێری دەستوری ئایین و ژیانی بكەن، سەیداو ئاخوند زۆرتر هێمای پیاوی ئایینی موسلمانەتین، دیسان كە میر مح لەئەنجامی گەڕان بەدوای جێگایەك كە مردنی تێدا نەبێت دەگاتە ( بەهەشتی پەریان) بەهەشتی پەریانیش زۆرتر ڕەهەندێكی ئیسلامی هەیە.

پێنجەم: بیرۆكەی گەڕان بەدوای نەمریی ، نەمریی بە جەستەو لەسەر دنیا، بیرۆكەی ئایینە كۆنەكانە ئەوانەی بڕوایان بە نەمریی خوداوەندەكان هەبوو، ئەو خوداوەندانەی وەك پاشا دەژیان ، كە میر محیش باوكی پاشا و خۆشی كوڕە پاشابوو، ئەمەش هێمایە بۆ دەسەڵاتداری و پاشایەتی و خوداوەندیە، لە كاتێكدا كە ئەفسانەكەش بۆ خۆی رەهەندێكی یەكجار كۆنی هەیە .

گەڕانی میر مح بەدوای شوێنێك كەمردنی تێدا نەبێت

- میر مح كە لەكۆشكە تاریكەكە دێتە دەرەوە جەنازەی مردووێك دەبینێ كە دەیبەن دەیشارنەوە، دەپرسێ ئەمە چیە ؟ دەڵێن ئەمە مرۆڤەو مردووە. دەپرسێ مردن چیە؟ دەڵێن: مردن ئەوەیە هەموو كەس دەبێ بمرێ! دەڵی منیش دەمرم؟ دەلێن بەڵێ ، میرمح دەڵی: من دەچمە جێگایەك مردنی لێ نەبێت! پێی دەڵێن: هیچ جێگایەك نیە كە مردنی لێ نەبێ . میر مح گوێ بەم قسەیە ناداو سەرههڵدەگرێ و دەڕوا.

- لە یەكەم قۆناغ میر مح تووشی جوتیارێك هات كە جووتی دەكرد ، گوتی ها میرمح دەچیتە كوێ؟ گوتی دەچمە جێیەكی كە مردنی لێ نەبێت! گوتی میر مح هیچ جێگایەك نیە مردنی لێ نەبێت، وەرە مەڕۆ ئەو دەشتە بەرینە دەبینی كە من جووتی تێدا دەكەم، هەتا جووتەكە تەواو نەبیت من نامرم ، ئەوا خەتی ئەخیریم ماوە، پاش ئەو خەتە جووتە من دەمرم تۆش من بخە قەبرەوەوبا رووم لەڕۆژێ بێت وئەوسا بڕۆ. جوتیار دوا خەتی جووتی كردو گیانی سپارد. میرمح جوتیارەكەی خستە گۆڕو رۆیشت.

- لەقۆناغی دووەم تووشی سیمرخ هات ، سیمرخ گوتی: میر مح دەچیتە كوێ ؟ گوتی دەچمە جێگایەكی مردنی لێ نەبێت! سیمرخ گوتی ئەو جێگایە  نیە وەرە تۆ ئەم دۆڵە دەبینی پڕ بوو لە (گاڕس- زوڕات-دەرە) هەر رۆژی دەنكێكم دەخواردو بەمە تەمەنی خۆم درێژكرد، ئێستاش یەك دەنكم ماوەو دەمرم، تۆش من بشارەوەو بڕۆ..، میرمح سیمرخیشی لەگۆڕناو ڕۆیشت .

- میرمح رۆیشت و تووشی (بەهەشتی پەریان) هات، پەری ئەویان بردە بەهەشتی و میرمح ئەمەی بەدڵ بوو، یەكی لە پەریەكان بە میر محی گوت : تەنیا سەر ئەو دارە مەكەوە خەتەرە. میر مح هەزاران ساڵ لەو بەهەشتە هەر بەگەنجی مایەوە، نەپیردەبوو نە نەخۆش دەكەوت و نە دەمرد، نەك هەر بۆ خۆی هەتا ئەسپ و تاژیەكەشی چۆن بوون هەروا مابوونەوە.

- میر مح رۆژێك سەر ئەو دارەكەوت كە لێی قەدەغە كرابوو، دار بەرزبووەوە بەرز بووە و هەتا میر مح وڵات و شاری خۆی لێ دەركەوت ، كەوتە بیری دایك و باوك و كەسوكارو وڵاتی ، دار نزم بووەو میر مح هاتە خوارەوەو دەستی بەگریان كرد. پەری هاتن گوتیان بۆ دەگرێی ، دیارە سەر ئەو دارە كەوتوووی ؟ گوتی دەچم سەرێك لە دایك و باوكم دەدەم. گوتیان هەزاران ساڵ بەسەر باوك و دایكتدا رابردووەو ئێستا كەسیان نەماوە . میرمح پێداگری كردو گوتی هەر دەچمەوە. پەریەكان سێ سێویان دایێ و گوتیان ئەو سێوانە نەدۆڕێنی، هەتا ئەو سێوانەت لابێ نامری.

- میرمح سواری ئەسپ بوو رۆیشت تا گەیشتەوە شاری خۆی ، چوو لە بەردەرگای ماڵی پاشا راوەستاو بانگی خولامانی كرد ، كەس بە دەنگیەوە نەهات! پرسی ئەوە دایك و باوكم لەكوێن بۆ نایەنە پێشوازیم؟ كەس ئەوی نەناسیەوە، پاشا سەرسام بوو هیچ تێنەگەیشت و بەدوای پیرێكی دنیادیدەی نارد ، پیرە هات و بەسەرهاتی میر محی پرسی ، گوتی : لە حەقایەتان دەگێڕنەوە كە كاتی خۆی كوڕە پاشایەك لەمردن هەڵاتوەو بەدوای جێگایەك داگەڕا كە مردنی تێدا نەبێت، دیارە ئەمە ئەو لاوەیە. میر مح كەكەس نەیناسیەوە بەناچاری گەڕاو بۆ بە هەشتی پەریان . 

- لەڕێگا پیرێك هاتە پێش میر مح و گوتی: لاوۆ بۆنی سێو دێت من كچەكەم زۆر نەخۆشە، كەوتمە بەختی تۆ سێوێكم بدەرێ، بەڵكو كچەكەم چاك بێتەوە، میرمح سێوێكی دایێ، یەكسەر پیری لێ بەدەركەوت كەمێكی تر رۆیشت پیرە خۆی گۆڕی و گوتی :لاوچاك منداڵەكەم نەخۆشە داوای سێو دەكات، بۆنی سێوت لا دێت، سێوێكم بدەرێ با منداڵەكەم نەمری، میر مح سكی پێی سووتاو سێوێكی دایە ئەویش، ئەم جارە میر مح یەكجار پیرتر بوو، جارێكی تر پیرە خۆی گۆڕی كردو دیسان گوتی: كوڕەكەم نەخۆشەو داوای سێو دەكات، چاكەیەكم لەگەڵ بكەو سێوێكم بدەرێ، ئەوكاتە میر مح نزیكی بەهەشتی پەریان بوو، پەری هاواریان كرد میر مح نەیدەیتێ ..میرمح گوێی هیچی نەدەبیست، سێوی سێیەمیشی دایە پیرە، هەر ئەوەندە بێ سێو مایەوە، یەكسەر مرد. ئەو مردو ئەسپ و تاژیەكەشی گیانیان لەدستدا. پەری هاتن میر محیان خستە گۆڕ.

هێماكانی نەمریی:

یەكەم : جوتیار گوتی هەتا كێڵانی ئەو زەویە مابێت من نامرم، لەگەڵ دوا خەتە جووت جوتیار گیانی سپارد. كاركردن هۆیەكە بۆ تەمەندرێژی.

دووەم : سیمرخ گوتی ئەم دۆڵە پڕە لە گاڕس – دەرەیە، من هەر رۆژ دەنكێكی دەخۆم و تەمەنی خۆم بەم گاڕسە درێژكردووە، ئێستا دوا دەنكم لەدەم دایە، بیخۆم دەمرم. خواردن هۆیەكە بۆ تەمەندرێژی.

سێیەم : میر مح هەتا سێوەكانی پێ بوو نەدەمرد، لەگەڵ نەمانی هەر سێوێك میرمح پیرو پیرتر دەبوو، تا لەگەڵ نەمانی دوا سێو ئەویش گیانی سپارد.

ئەم ئەفسانەیە چیمان پێ دەڵێ؟

یەكەم: بیرۆكەی ترسان لەمردن و گەڕان بەدوای نەمریی دا زۆر كۆنە.

دووەم: چەند هۆیەك هەن تەمەندرێژ دەكەن:

أ‌-كاركردن و زەوی كێڵان
ب- خواردنی گاڕس – دەرە

سێیەم : شوێنێك هەیە بەناوی بەهەشتی پەریان كەمردنی لێ نیە!

چوارەم: سێو هەیە كە هەتا ئەو سێوانەت لابێت نامرێ .

پێنجەم : بەزەیی مرۆڤ خاڵی لاوازییەتی، كە بووە هۆی لە دەستدانی سێوەكان بۆ میر مح.

شەشەم : مردن بەشی مرۆڤەو هەرچی بكات دواجار دەبێ بمرێ.

حەوتەم: بەهەشتی پەریان هێمایە بۆ بەهەشتی ئایینەكانی زەردەشتی و یەهودیەت و مەسیحیەت و ئایینی ئسلام ، كە لەو دنیا ژیان تییدا هەمیشەییە.

هەشتەم: لە ئەفسانەی میرمح وەك گلگامش دەركەوت مرۆڤ بەجەستە ناتوانێ نەمربێ.

بازنەی سەرەتاو ئەنجام:

١- ترسی باوك بۆ مردنی كوڕەكەی خستنیە نێو كۆشكێكی تاریك.
٢- بینینی تیشكی خۆرو خۆری ئاسمان.
٣- بینینی جەنازەو ترسان لەمردن.
٤- گەڕان بەدوای شوێنێك مردنی لێ نەبێت.
٥- رۆیشتن.
٦- ئامۆژگاری جوتیارو سیمرخ.
٧- گەیشتن بە بەهەشتی پەریان كە مردنی لێ نیە.
٨- ئامۆژگاری لەچوونە سەر داری خەتەر.
٩- تێپەڕینی هەزاران ساڵ.
١٠- چوونە سەر داری قەدەغەو بینینی شارو ماڵی خۆی.
١١- بڕیاری گەڕانەوە.
١٢- وەرگرتنی سێوو ئامۆژگاری.
١٣- گەیشتنە شارو كەس نایناسێتەوە.
١٤- پەشیمان بوونەوەو بڕیای گەڕانەوە.
١٥- دۆڕاندنی سێوەكان بەهۆی سۆزی مرۆڤبوون.
١٦- مردن.

دوا وشە : وەك لەسەرەتا گوتمان بەهۆی كۆنی فۆلكڵۆرو كلتورو ئایینی ئێزیدییەكان و كوردی بوونی زمانی ئایینەكەیان، ئەفسانەیەكی زۆرو گرنگیان هەیە، ئەو ئەفسانەو فۆلكڵۆرە شایانی كۆكردنەوەو لێكۆڵینەوەی وردو زانستییە، ئەگەر ئەمە بكرێ دەستمان بەزۆر بیرۆكەی فەڵسەفی و ئایینی یەكجار كۆنی كورد رادەگات و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندی زیاتری كلتورەكەمان، چۆن ئەفسانەی ئێمە هیچی لەئەفسانە ناسراوەكانی جیهان كەمتر نیە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.