سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گەردوونێکی زیرەک و بەئاگا

13/02/2022


 

نوسینی: لوقمان حەوێز

 

بەئاگایی چیە؟ ئایا گەردوون بەئاگایە؟ زیرەکە؟

 

ئێمەی مرۆڤ بەشێکین لە ژیان، دەزانین کە بونەوەرێکی بەئاگاین واتە هەست بە ناخی خۆمان و دەوروبەرمان دەکەین لە ئێستادا، ئێمە پێناسەی بەئاگاییمان کردوە بەو جۆر و شێویەی ئێمە هەمانە و هەستی پێدەکەین، بەڵام ئایا بەئاگایی تەنیا خەسڵەتێکی ژیانە..؟ یاخود هەموو گەردوون و بەشەکانی بەئاگان؟

 

بەئاگایی یەکێکە لە مەتەڵە گەورەکانی نێو بوون، بە پێی زانستەکانی کیمیا و فیزیا و زیندەوەرناسی سەرهەڵدانی ژیان بە گشتی و بەئاگاییش لە نێو ژیاندا بەرئەنجام و بەرهەمی هاتنەکایەوەی ئاڵۆزی کیمیایی بووە لەسەر هەسارەکەمان یان بە گشتی بڵێین لە نێو گەردوون، بەڵام هەرخۆی بەئاگا کەوتنی بڕێک لە بارستە و وزە لە نێو گەردوون بۆ نمونە ئێمەی مرۆڤ کە لە هەمان پێکهاتەکانی نێو گەردوون دروست بووین ڕاستیەکی گەورە دەخاتە ڕوو بۆمان، ئەویش ئەوەیە کە دەشێت بارستە و پێکهاتەکانی نێو گەردوون لە دۆخێکدا کە ئێمە پێی دەڵێین ژیان بەئاگا بکەون یان بەئاگا بن، لایەنی کەم بەو شێوەیەی ئێمە دەیزانین و دڵنیاین لێی.

 

ئەمەش پرسیارێکی گەورەتر دەخاتە ڕوو، ئەویش: ئایا تێکڕای پێکهاتەکانی گەردوون بەئاگان..؟ ئایا هەموو گەردوونیش وەکو یەکەیەک زیرەک و بەئاگایە؟

 

با بزانین بۆچوونە فەلسەفیەکان و دواتر زانستیەکانیش چی دەڵێن لەم بارەیەوە

 

لە ڕاستیدا بۆچوونێكی فەلسەفی هەیە کە پێی دەووترێت پانسایکیزم panpsychism و گەلێک لە فەیلەسوفان لە کۆنەوە وەکو تالییز، ئەفڵاتۆن، سپینۆزا، هەندێکیش لە ئێستادا پاڵپشتی لەم بۆچوون و تیۆرە دەکەن و لێکدانەوە و بەڵگەش دەخەنەڕوو بۆی، بەپێی ئەم بۆچوونەش بەئاگایی شتێکی بنچینەییە لە نێو گەردوون و پەیوەستە بەهەموو پێکهاتەکانی گەردوون نەوەک تەنیا ژیان هەر لە ئەلیکترۆنێکەوە تاوەکە گەورەترین تەنی نێو گەردوون، بەو پێیەش هەموو گەردوون و پێکهاتەکانی ناو گەردوون بەئاگان.

 

هەندێک لە فیزیا ناسانیش بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری فیزیای کوانتەم کاردەکەن لەئێستادا بە دوری نازانن ئەم بۆچوونە ڕاست بێت، بە بەڵگەی ئەوەی کە لە تاقیکردنەوەی دوو قڵیشەکە double.slit.test کە کاتێک ئەلیکترۆن چاودێری دەکرێت وەکو بارستە ڕەفتار دەکات، بەڵام کاتێک چاودێری ناکرێت وەکو شەپۆڵ ڕەفتار دەکات، هەرچەندە هەوڵ بدەین و بمانەوێت لەم تاقیکردنەوەیە فێڵ لە ئەلیکترۆن بکەین و وای دابنێین چاودێری ئەلیکترۆنەکە ناکەین بەڵام ئەو ئەلیکترۆنە دەزانێت کاتێک چاودێری دەکەین یان ناکەین و ڕەفتارەکەی بەو پێیە دەگۆڕێت، وەکو ئەوەی ئەلیکترۆنەکە بەئاگا بێت و ئەویش چاودێری ڕەفتارەکانی ئێمە بکات.

 

کەواتە ئەگەر گەردوون بەئاگا بێت ئایا زیرەکیشە؟

 

گەردوون کە بەهەموو پێوەرەکان ئێمەش بەشێکی زۆر زۆر بچوکین لێی زۆر ڕێکە، هەر ئەو ڕێکیەی نێوی وای کردوە گەردوون گونجاویش بێت بۆ ژیان، وایکردوە ئەگەری سەرهەڵدانی ژیان تیایدا لەئارادابێت، گرنگترین ڕێکیەکانی نێو گەردوونەکەمان خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە، یەکەم هاوسەنگی هەر چوار هێزەکەی نێو گەردوونە لەگەڵ یەکتر، کە ئەمانیش بریتین لە هێزی ناوکی بەهێز و لاواز، هێزی کارۆموگناتیسی و هێزی کێشکردن، ئەم هاوسەنگیە وردەی نێوان هێزەکان وای کردوە ئەتۆمەکان هەبن، وایکردوە کارلێکە کیمیاییەکان ڕووبدەن، هەروەها وایکردوە ئەستێرەکان دروست بن و ماوەیەک بدرەوشێنەوە و وزە ببەخشن و دواتر بتەقنەوە و توخمە قورسەکان دروست بکەن و ئەو توخمانە بەنێو بۆشایی ئاسمان بڵاو بکەنەوە، دووەم ڕێکی بریتیە لە زۆربوونی تێکشێوان و ئاڵۆزی لەنێو گەردوون بە تێپەڕبوونی کات، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئاڵۆزی کیمیایی دروست بێت لە نێو گەردوون، واتە بەرجەستەبوونی ئاوێتە ئاڵۆزەکان کە ئەمەش یەکێکە لە پێداویستیەکانی دروستبوونی ژیان لەنێو گەردوون.

 

ئەگەرچی لە ڕووی زانستیەوە جارێ پشتڕاست نەکراوەتەوە بەڵام بە بۆچوونی من بوونی ئەو ڕێکیە و ئەم خەسڵەتانە لەنێو گەردوونەکەمان مانایەکی گەورەش دەبەخشێت بە بوونی گەردوون، بۆیە دور نیە گەردوونی ئێمە زیرەکیش بێت جگە لەوەی کە پێشتر ڕوونم کردەوە کە لەوانەیە تێکڕای گەردوون جۆرێک یان ڕەهەندێکی بەئاگاییشی تێدابێت.

 

گەردوون و هەستەکان و جوانیەکان

 

بە لێکدان و تێکهەڵکێشکردنی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە کە دەڵێت: گەردوون و بوون بەئاگایە، هەروەها زیرەکیشە، ئێمەی مرۆڤیش کە بەشێکی زۆر زۆر بچوکین لەم گەردوونە گەورە و بێ شومارە بەئاگاین و زیرەکیشین، کەواتە هەستەکانمان و جوانیەکان و ئازارەکانیشمان ئەگەرچی لە نێو ناخی ئێمەدان و ئێمە هەستیان پێدەکەین ئەگەر نا فیزیکیش بن، بەڵام دواجار ئەوانیش بەشێکن لەم بوون و گەردوونە.

 

کەواتە کێ دەڵێت ئەو هەستانەی ناخی ئێمە یان هەستی خۆشەویستی و جوانی و هەتا ئازارەکانیش کۆمەڵێک هەستی سەرتاسەری نین لە نێو گەردوون؟ ئەگەرچی ئێمە هەریەکێک لەو دیاردانە بۆ یەکێک لەو چوار هێزەی نێو گەردوون دەگێڕینەوە کە لەسەرەوە باسم کردون، بەڵام بۆ نمونە ئەلیکترۆنەکان لەنێو ئەتۆمەکان بەند بوون بە ناوکەکان، تۆ بڵێی ئەلکترۆنیش هەستێکی خۆشەویستی نەبێت بۆ ناوک..؟ یان مانگ چۆن ئاوا بۆ ملیارەها ساڵە بەند بووە بەزەوی و بەدەوریدا دەسورێتەوە؟ ئەگەر هەموو پێکهاتەکانی گەردوون بەئاگا بن دورنیە ئەوانیش هەست بەبوونی یەکتر بکەن هەرچەندە دوریش بن لەیەکتر، ئەمە دەشێت ڕاست بێت بۆ هەموو بارستەکان و وزەکانی نێو گەردوون.

 

من خۆم لەو بڕوایەدام کە هەر خۆی بوونی ژیان و بونەوەرێکی بەئاگای وەک ئێمە لە نێو گەردوون بەڵگەی ئەوەیە کە گەردوونیش زیرەکە و ڕەهەندێکی بەئاگایی هەیە، هەر بۆیەش ئێمە و ژیانیشی بەرهەم هێناوە، ئەمەش هی ئەویە کە گەردوونەکەمان ڕێک و زیرەک و جوانە، چیڕۆکێکی جوانیشە لەنێو هەموو بوون، بۆیە ژیانی زیرەک و بەئاگایی تێدا هەیە و دروست بووە چونکە خۆی زیرەک و بەئاگایە، ئێستا لە ڕووی زانستیشەوە دەزانین کە گەردوون‌ ئەگەر ڕێک و گونجاو نەبووایە تەمەنی لەچەند خولەکێک زیاتر تێپەڕی نەدەکرد.

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.