سەیران محەمەد
كاتێك جەنابتان بەرێوەبەری پەروەردەن و دڵنیاشم ساڵانێكی زۆرە كە لەو بوارەدا كار دەكەن. ئایا ھەوڵ و كۆششی ئێوەی پیاوان كە زۆربەی زۆری سێكتەرە سەرەكیەكانی پەروەردەتان بەدەستە و بەرێوەی دەبەن چیبوە بەرنامەو كاری پەروەردەیی رێنوێنی پەروردەیی ئێوە چی بوەوكوا، ڕۆڵی پەروەردە لە كەمكردنەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان.
ئەگەر بە درێژایی مێژووی حكومەتی ھەرێم و وەزارەتی پەروەردە تەنها كاری لەسەر یەك خاڵ بكردایە ئەویش ئەوە بوایە كە لە رێی سیستمی پەروەردە باس لە یەكسانی نێوان ژن و پیاوی بكردایە لە ڕووی ئەرك و مافەوە و ئەم یەكسانییە بەڕاستی بچەسپێنرایە، ئەوكات دۆخی كۆمەڵایەتی و ئەو توندوتیژیانەی كە ئێستا بە بەردەوامی دەكرێنە سەر ژنان بەمشێوەیە نەدەبوو.
لە كاتێكدا ئەمە ئەركی سەرەكی وەزارەتی پەروەردەیە و بەڕێوەبەرایەتیەكەی ئێوەیە، دەبوو لەنێو پڕۆگرامەكانی خوێندندا ئەو بۆشاییە پڕ بكرێتەوە، كە كولتوور و ئایین دەیكاتە نێوان هەردوو ڕەگەز.
دەبوو پەروەردە ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینیایە بە ئاراستەی ئەوەی تاك لە هەردوو ڕەگە فێر بكات رێز لە یەكتری بگرن و كەسیان ئەوی دیكە بە كەم سەیر نەكات. بەتایبەتیش ڕەگەزی نێر، بەڵام بەداخەوە نەك ئەمەتان نەكرد خۆتان دێن و سوكایەتی بە ژنان دەكەن و بەكەم سەیریان دەكەن.
قوربەسەریەكە لێرەدایە كە لەناو سێكتەری پەروەردە ئەم ئەقلیەتە بوونی ھەبێت و بیرو فكری لەو شێوەیە بەرێوەی ببات،
ئەگەر سیستمی پەروەردە و پرۆگرامەكانی خوێندن و بەڕێوە بەرانی نەتوانن تاك لەوە وشیار بكەنەوە و ئەوەندە كاریگەرییان لەسەر دابنێن، كە ڕێز لە ڕەگەزی بەرامبەر بگرن ئیدی ئەم كۆمەڵگایە چ پێویستییەكی بە سیستم و بەڕێوەبەری لەو شێوەیە هەیە. خۆ بەر لە پەیدابوونی خوێندنگە لە حوجرەكاندا تاكی كورد هەر فێری خوێندەواری دەبوو!
بۆیە رۆڵی پەروەردە بەبێت زۆر گەورەتر بێت لەوەی كە دەبینرێت. و دەبێت پەروەردە كارگەری هەبێت لە دروستكردنی مرۆڤی نوێی وشیار، كە مافی بەرامبەری بزانێت و بەكەم نەڕوانێتە ڕەگەزی بەرامبەر، بەڵكو ژیانی لەگەڵدا بەش بكات و هانی بدات بۆ سەركەوتن و داهێنان.
پەروەردە دەتوانێت ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینێت لە كەمكردنەوە ئەو لێشاوە توندوتیژییە، كە رۆژانە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەكرێنە سەر ژنان بێگومان ئەمەش بە دانانی بەرنامەی تایبەت و پڕۆگرامی هاوچەرخ لەڕێگەی پەروەردە و سێكتەرەكانی تریشەوە، نەك تۆمەت بەخشینەوەو دواكەوتنی كەرتی پەروەردە بخرێتە ئەستۆی ژنان ، كە هەردوو ڕەگەز یەكسانن. واتە سیستمێكی پەروەردە دەتوانێت ئارامی فەراهەم بكات و گیانی ئاشتیخوازی و ناتوندوتیژی لە رۆحی تاكەكاندا بچێنێت، نەك جیاوازییە ڕەگەزییەكان تۆختر بكاتەوە. بۆیە ئێمە سیستمێكی پەروەردەمان پێویستە رۆڵی لە بنیاتنانی تاكێكدا هەبێت، كە ئاشتیخواز و یەكسانیخواز و ناتوندوتیژ بێت، نەك بە پێچەوانەوە.