سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی
"كتێبەكان دەسوتێن مێژووی لەناوبردنی كتێبخانەكان"

16/02/2022


شەماڵ بارەوانی

کتێبێکی (463)لاپەڕەیی نووسەر و بیرمەندی بەڕەگەز فەڕەنسی(لوسیان بولاسترون)ـە، نووسەر و ئەندێشەمەندی ناوهاتی، لەمیانی کتێبەکەیدا،تیشک دەخاتە سەر مێژووی کتێب لەناوبردن و کتێبخانە سوتاندن و پێمان دەڵێت :بەدرێژایی مێژوو و لەهەموو سەردەمە جیاوازەکاندا،کولتووری کتێب سوتاندن باو بووەو کتێب سوتاندن و لەناو بردن، بەشێوازی جۆراو جۆر هەر هەبووە، لۆسیانی بیرمەند، لەهەرسیانزە بەشی کتێبەکەیدا، بە پشت بەستن بە بەڵگە و نووسراوی مێژوویی جێگەی متمانە، باس لەسوتاندنی کتێبخانەکان و لەناو بردنی کتێبەکان دەکات، لەسەردەمە جیاوازەکانی مێژووی بەشەریەتدا، لەسەردەمی بەرلەزایین، لەچاخی دەرکەوتنی نووسینی بزماری، تاسەردەمی ئەمڕۆمان.

پێمان دەڵێت: بۆچی کتێبخانەکان دەسوتێندرێن؟ چونکە گەلی خوێنەوار و ڕۆشنبیر ناتواندرێت هەژمووی  بەسەردابکرێت، فەقیهو یاساناسانی چین لەکۆندا وایان گووتووە، هەروەها نازیزمەکان لەچیکۆ سلۆڤاکیا...، سروشت، یان، جۆری هەندێک کتێب وایە هەڕەشە لەسەر دەسەڵات دروست دەکات، ئەوە تێڕوانینی مەنگۆلەکانە سەبارەت بە کتێبە ئایینیەکانی تاویەکان، یاخود، کتێبی شیعەگەراکان، یان، کتێبی پرۆتستانتە ڕیفۆرم خوازەکان، کتیب زۆر لەمرۆڤ دەچێت، یاخود ئەلتەرناتیڤێکە بۆ مرۆڤ خۆی، بۆیە سوتانی کتێب، یەکسانە بەکوشتنی مرۆڤ..

كتێبەكان دەسوتێن
مێژووی لەناوبردنی كتێبخانەكان..

پێمان دەڵێت، مێژووی سوتاندنی کتێب، لەگەڵ لەدایکبوون و دەرکەوتنی کتێب دەست پێدەکات، لە(كتێبەكان دەسوتێن)،نووسەر گەشتێکی مێژوویی دوور و درێژی هەزاران ساڵەمان پێدەکات و بە جیهان و وڵاتەجیاوازەکاندا دەمانگەڕێنێت و ئاشنای کولتووری کتێب سوتاندنمان دەکات، لای گەل و نەتەوە و خێڵ و مەزهەب و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان، لەم سەری ژاپونەوە، بۆ ئەو سەری چیلی یەوە،لەچین و سەردەمی كینگی خانەدانەوە، تا سەردەمی نزیک و ئێستامان، له سوتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەریە، تادەگات بە بەغدادی سەردەمی جەنگیزخان و دادگاکانی پشکنینی سەدەکانی ناوەڕاست، و ئینجا شۆڕشی فەڕەنساو کۆمۆنە، لە بۆرماوە دێت، تا سرایڤۆ و ساڵی1992.

كتێبەكان دەسوتێن
مێژووی لەناوبردنی كتێبخانەكان..

پێمان دەڵێت هەموان کتێب دەسوتێنن و لەهێزی وشە دەترسن، کاتێک دەزانن پەیڤەکان گڕ لەقامچی سەرکوتکاری و بنچینەی ئەفسانەکانیان وەردەدات و خەیاڵ و قسە بێ ماناکانیان پوچەڵ دەکاتەوەو دەسەڵاتیان دەخاتە مەترسیەوە، کتێب دەبێت بەهەڕەشە بۆ سەر پێگەو عەرش و خوڕافیاتەکانیان، ئیدی ناچارن کتێبەکان بسوتێنن و پەڕتوکخانەکان گڕتێبەردەن،ئیمپڕاتۆرەکان کتێبیەکانیان دەسوتاند، سوڵتان و خەلیفەکان کتێبیان دەسوتاند، والی و سەرکردەکان کتێبیان دەسوتاند، پاشا و کیسراکان کتێبیان دەسوتاند، نازی و ئەڵمانەکان، بەریتانیاو ئەمریکیەکان، بەعسی و مەزهەبی و فێندەمێنتالیست و تیرۆرستەکان، کەم کتێبیان گڕتێبەرداو سوتاند، یەکێتی سۆڤیەت و ستالین کتێبخانەو کتێبیان لەناودەبرد و دەسوتاند، کاتێک باسی کتێب سوتاندن دەکرێت، یەکسەر بیر و خەیاڵمان دەچێت بۆ لای کتێبخانەی ئەسکەندەریە، خۆ کتێبخانەکەی ئیبن ڕوشدیشیان،ئیبن خەلدون لەساڵی1375ی زایینی داخی بۆ ئەو وێرانکاری و تەخریبیە دەکێشا، کە لەگەڵ پرۆسەی فتوحات(داگیرکاری)دژ به کتێب و زانست و ڕۆشنبیری گەلانی داگیرکراو دەستبەسەرداگیراو خاک کۆڵۆنیاڵکراودا، پەبڕەوی لێکراو دەیپرسی:" چی بەسەر زانست و زانیاری فارسەکان داهات کە عومەری کوڕی خەتاب کاتی فتوحات هەمووی لەناو برد؟ کوا زانستی کلدانیەکان و، ئاشوریەکان، و دانیشتوانی بابل؟

گوتراوە: نوح پێغەمبەر هەموو ئەو کتێبانەی بردبوونیە ناو کەشتیەکەی، لەترسی نقوم بوونی کەشتیەکەو بەپاساوی قورسی کێشی کتێبەکان، هەمووی خستنە ناو ئاوەکەوە،کتێب قەدەغەکردن، کتێبخانە وێرانکردن و لەناوبردن و سوتاندن، مێژوویەکی دێرینە و کۆنی هەیە، لەمێژە مرۆڤ دەست بۆ ئەوکارە قێزەون و کولتوورە ناشرین و بەربەرە دەبات، لەمێژە مرۆڤ لەسەر ناکۆکی ئایینی و ئایدیۆلۆژیا، لەسەر رقی مەزهەبی و جیاوازی بیروڕا، بەهۆی ترسان لە ئازادی بیروڕا، بەدژایەتی کردنی ڕەخنەی ئازاد، دید و ئاڕاستەی تر، پەنا بۆ ئەو کارە چەپەڵ و ترسنۆکانە و کولتوورە هۆڤانەی کتێب سوتاندن و قەدەغەکردن و وێرانکردن دەبات، ئەفسوس تائێستاش، کتێب قەدەغەکردن و وشە سانسۆرکردن و کتێب سوتاندن، لەهەندێک شوێن و لەولات گەلێکی تۆتالیتار و مەزهەبی و دیکتاتۆر و دواکەوتوو هەر ماوە، تائێستاش کتێب ناتوانێت بە ئازادی قسە بکات، بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، جیاوازیەکانی ناو دوو توێی لاپەڕەکانی بدرکێنێت و حەقیقەتەکان بەیان بکات، بە دنیایەک بیانووی بێ مانا، بەناوی کۆمەڵێک تابووی مەزهەبی و داب و نەریتی خێڵەکی و دواکەوتووانە، بەناوی ئادابی گشتی و ئەخلاقی کۆمەڵ ، بەپاساوی پیرۆزی فلان دۆگم و فیسار ئایدیۆلۆژیا، فەیلەقێک بت و ڕەتڵێک هێڵ و سەتان بڤە، لەبەردەم هێزی وشەو هەنگاوەکانی کتێبدا قوت دەکەنەوەو دەمی کتێب دەبەستنەوەو زمانی کتێب دەبڕن و کتێب بەزیندانی و قەفەس مەحکوم دەکەن و جەستەی کتێب و کتێبخانەکان گڕ تیبەردەدەن!

دیۆکیلتیانی ئیمپڕاتۆری وەسەنی ڕۆمانی کتێبی مەسیحیەکانی  سوتاند، یۆنانیە وەسەنیەکان دژایەتی مەسیحیەکانیان کرد و کتێبەکانیان سوتاندن، دواتر شتەکە پێچەوانەبوویەوە، کاتێک مەسیحیەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست و ئایینی مەسیحی بەبەرفراوانی بڵاو بوویەوە و مەسیحیەت دەسەڵات و هێزی پەیداکرد، پاپا فەرمانی کرد: کتێبخانەی ڕۆما بسوتێنن، مەسیحیەکان، هەموو کتێب و کتێبخانەی ئایینی وەسەنیەکانیان لەیۆنان سوتاندن، لەنێو خودی مەسیحیەکانیشدا، کاتۆلیکەکان هەموو کتێبی ئەرتەدۆکسەکانیان سوتان، بەپاساوی ئەوەی بە خراپ باسی عیسا و مەریەم و دەکات.
 
پاپا یۆحەنای دووەم و بیستەم لەساڵی1320، و پاپا ئەلیکسەندەری پێنجەم لەساڵی1409، و پاپا جۆلسی سێیەم لەساڵی1553.. هەموان فەرمانیان کرد، کتێبەکانی جولەکەکان دەستیان بەسەر دا بگیرێت و پشکنینیان بۆ بکرێت، نەوەک هێرش بکەنە سەر مەسیحیەت، و پاشان لەنێو ببردرێن و بسوتێندرێن. 

بەو شێوەیە کتێبخانەی جولەکەکانیان گڕتێبەردان و کتێبکی زۆر و بێ شوماریان لێ لەناو بردن،لەساڵی1299، فیلیپ، پاشای فەرەنسا، فەرمانی بە دادوەرەکان کرد، یارمەتی ئەندامانی دادگای پشکنین بدەن لەئەرکە پیرۆزەکەیان: سوتاندنی کتێبی جولەکەکان.

موسڵمان و عەرەبەکان لەپرۆسەی شاڵاوی فتوحات (داگیرکاری)دا، کتێبخانەی ئەو وڵاتانەیان دەسوتاندن و لەناو دەبردن، کەداگیریان دەکردن و بەتەعریبیان دەکردن،سەلجوقیەکان لەبەغدا کتێبخانەکانیان سوتاند.

مەزهەبی و بیرتەسک و ئەقڵ داخراو فێندەمێنتالیستەکان چی نەما بەکتێبخانەکەی مەئمون"بیت الحكمە"، نەکەن، هۆلاکۆ و مەغۆلەکان چییان بەسەر هەموو کتێبخانەکانی بەغدا هێناو چۆن هەموو کتێبەکانیان فڕێدایە نێو رووباری دیجلە، سوپاکەی تەیمورلەنگیش لە سوریا، بة هەمان شێوە کەوتنە وێزەی کتێب و کتێبخانەکان.

بەریتانیای عوزەما، لەساڵی1814. لە گۆمەزی(کاپیتۆل) ٣٠٠٠ هەزار کتێبیان لەئەمریکا سوتاند، لەموسکۆ و لەساڵی1812.  بەهۆی هاندانی حاکمی شار، کتێبخانەی شار سوتێندرا.

بەهۆی هێرش و پەلاماری هیتلەر و نازییەکانەوە، لەساڵی1940، کتێبخانەکانی لەندەن، هەمووی گڕیان گرتوو سوتان، بۆردومانی ئینگلیز و ئەمریکیەکان بۆ سەر ئەڵمان لەساڵی1945. چەند کتێب و کتێبخانەی لەم وڵاتە لەناو بردو سوتاند، لەو جەنگە جیهانییە ماڵوێرانکەرەدا، کامە کتێبخانە قوتاری بوو، کتێبخانەکانی ئیتاڵیا،  فەرەنسا، بەلجیکا، ئەڵمانیا..تاد.


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.