سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بیرمەندێكی باڵای رۆشنگەری ماڵئاوایی كرد

17/02/2022



حەسەن یاسین

سەید مەحمود قمنی، كە ناوی خۆی سەیدە و مەبەست ئەوە نییە سەیدزادە بێت، 7 ی ئەم مانگە لەتەمەنی 74 ساڵیدا دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی ماڵئاوایی كرد.

سەید قمنی، یەكێكبوو لە توێژەرانی پڕ زانیاری و بەسەلیقە و لێهاتوو توێژەرەوە لە بواری ئیسلام ناسی و ئیسلامی سیاسی و رەنجێكی زانستیی زۆری لەم بوارەدا داو گەلێك بەرهەمی ناوازەی خستەبەردەم خوێنەرانی و بەهۆی راوبۆچوونەكانی، چ ئەوانەی لەنێو كتێبەكانیدا دەریبڕیون، چ ئەوانەی لە كۆڕ و سیمینارەكاندا باسی دەكردن، تووشی كێشە و سوكایەتیپێكردن و بەكافر لەقەڵەمدان بۆوە و هەر ئەمەش بوو هانیدا لە وەڵامی بەرەی جەهلدا پڕ بەدەم بڵێت : بەڵێ من كافرم ئەگەر بەدەربڕینی راستی كافر ببم. كەچی ئەگەر بچیتە سەر یوتیوب و تەماشای ئەو ڤیدیۆیانە بكەیت كە باسی سەید قمنی دەكەن، دەبینی نەیارەكانی ئەو قسەیەی سەیدیان بڕیوە و زوو زوو ئەوە بەگوێی گوێگر و بینەردا دەدەن كە سەید قمنی دەڵی من كافرم!

كتێبی یەزدانی رۆژگار (رب الزمان) یەكێك بوو لەو كتێبانەی كە سەید قمنی لەسەری تووشی كێشە بوو، ئەزهەر كەدامەزراوەیەكی حكومیی دینییە و خۆی بە بەرپرسی كاروباری دینیی ئەهلی سوننە دەزانێت، لە دژی وەستانەوە و سەنگەریان لێگرت، بەڵام قمنی ئازایانە بەرگەی گرت و بە بەڵگە و بۆچوونی زانستییانە و سەردەمییانە، وەڵامیدانەوە و بەرگریی لەخۆی و لە را و بۆچوونەكانی خۆی كرد.

لەدامەزراوەی ئەزهەردا كە زانكۆیەكیشیان هەیە، خوێندكارانی بەشی توێژینەوەكانی ئایین، لە پرۆگرامەكانی خوێندندا باسی كۆیلە و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆیلە و ئازادكردنی دەخوێنن، سەید قمنی لەمبارەیەوە رەخنەی لێگرتن و وتی دەمێكە كۆیلە نەماوە، كەچی ئێوە رەنجێكی زۆری خوێندكارانی بەشی توێژینەوەی ئاینیی زانكۆكەتان بەخەسار دەدەن و كاتی ئەوە هاتووە دەسكاریی پرۆگرامەكانی خوێندن لە زانكۆكەتان بكەن!

دەوڵەتی میسر، لە رێی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە، رێزی لە هەوڵ و تەقەلا زانستییەكانی سەید قمنی گرت كاتێك وەك توێژەرێكی تەرخان، داینەمەزراندبوو و بەشێكی باشی بژێویی ژیانیان بۆ دابینكردبوو بەبێ ئەوەی داوای لێبكەن لەبەرامبەر مووچەكەیدا دەوامێكی رۆژانە بكات، بەڵكو رێگەیان پێدابوو تەرخان بێت بۆ كارە زانستییەكانی، هەروەها خەڵاتیشیان دایە، كەچی رێكخراوی قاعیدە هەڕەشەی كوشتنیان لێكرد، ئەویش لەبەر چارەنووسی ژن و منداڵەكەی ماوەیەك ناچاربوو، لە ترسی هەڕەشەكەی رێگرانی ئازادی و كاری زانستی، رایبگەیەنێت كە وازی لە نووسین هێناوە و چیتر بەرهەمەكانی چاپ و بڵاوناكاتەوە!

بەهۆی ملدان بۆ هەڕەشەكەی رێكخراوی قاعیدە، د.سەید قمنی بەرەوڕووی رەخنەی زۆربوەوە، ئەوانەش كە رەخنەیان لێدەگرت بیریانچووبوو كە فەرەج فۆدەی هاوڕێی نزیكی سەید قمنی، هەر بەهۆی ملنەدان بۆ هەڕەشەی ئیسلامییەكانی توندڕەو شەهیدكرا و ژن و منداڵەكانی سەرگەردان بوون و لەبارێكی دەروونی و بژێویی یەكجار خراپدا دەژیان.

سەید قمنی، چەندین كتێبی نایابی پێشكەش بەكتێبخانەی عەرەبی و جیهانی كرد، لێرەدا ناتوانم سەرلەبەری كتێبەكانی، كە خزمەتێكی ناوازەن لە بواری رۆشنگەریدا، تاوتوێ بكەم و لەسەریان بدوێم، بەڵام هەر ئەوەندەم لەدەستدێ بڵێم: سەید، گۆڕت پڕ نور و رێبازی زانستییانەت بەردەوام.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.