سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لەبەرئەوەی ژنیت تاوانباریت!

19/02/2022



رۆزا دڵشاد مەریوانی

دەزانیت ئێمەی ژنان یەكێك لەو هەڵانەی لە ژیانماندا كردوومانە ئەوەیە وەكو مێینە لەدایك بووین، تەنانەت كاتێك هێشتا لە سكی دایكمانداین هەموو نزای ئەوە دەكەن كچ نەبێ و كوڕ بێت، رەنگە بڵێیت وا نییە و خەڵكی دەڵێن ئەوە دیاریی خودایە و گرنگ ئەوەیە ساغ و سەلامەت بێت، بەڵام وانییە یان هیچ نەبێت لە دڵی خۆیاندا وادەڵێن، بۆیە كە بە مێینەیی لە دایك دەبین، لە كۆمەڵگەكانی وەكو كۆمەڵگەی ئێمەدا، یەكێك لەو هەڵانەی تا مردن لە ئەستۆماندایە ئەوەیە مێینەین، خۆ ئەگەر هەڵەیەك بكەین ئەوە دوو ئەوەندە تاوانبارین، چونكە مێینەین و هەڵەشمان كردووە!

-بڕوا ناكەم تا ئەو رادەیە بەو جۆرە بێت، هەموو مرۆڤێك هەڵە دەكات و ئەوە پەیوەندی نییە بە رەگەزەوە.

لە رووكەشدا وایە، بەڵام كاتێك قسەیەك دێت بە قسەدا یان كاتێك وەكو رۆشنبیرێك و كەسێكی مۆدێرن خۆمان دەردەخەین، رەنگە بەو جۆرە قسەبكەین، بەڵام هەرئەوەندەی هەڵەیەك كرا بە ژن و پیاوەوە دەڵێن ئێ ئەوە ژنە بۆیە وایكردووە!

لە چەوسانەوەی ژناندا تاوانبارین

كێشەكە ئەوەیە زۆرجار ئەوەی تاوانبارت دەكات لەبەرئەوەی مێینەیت، مێینەیەكە وەكو خۆت، دەزانیت بۆ؟ چونكە ئەویش پەروەردەی ئەم كۆمەڵگە پیاوسالارەیە كە هەر لە منداڵییەوە فێركراوە هەڵە نەكات، عەیبەیە ئاگای لەخۆی بێت، چونكە ئەو مێینەیە و هەڵە بۆ ئەو زۆر قورسە، تەنانەت بچووكترین هەڵەش بۆ ئەو دوو ئەوەندەیە و پیاو جا برا بێت یان باوك پلەیەك لەو بەرزترە ئیتر ئەو بیركردنەوەیە دەچێتە نەستەوە، بۆیە دەبینین ئێمەی ژنان خۆمان بە جۆرێك لە جۆرەكان بەرامبەر بە كەمزانین و چەوسانەوەی ژنان تاوانبارین، رەنگە لەو بارەیەوە زۆر دەسەڵاتمان نەبێت و گۆڕینی ئەو جۆرە بیركردنەوانە پێویستی بە هەوڵدانی زۆر هەبێت لە رووی خۆڕۆشنبیركردنەوە، هەروەها پەروەردەكردنی منداڵەكانمان لەسەر بنەمای مرۆڤبوون نەك جیاكاری رەگەزیی.

ژنی بەتوانا

-قسەكانت تا رادەیەك راستن، بەڵام لە ئێستادا دەبینیت زۆر ژنی بە توانا دەچنە پلە و پۆستی باڵاوە كە خاوەنی ئەزموون و بڕوانامە و توانای زۆر باشن بۆ كاركردن.

باشبوو باسی ئەوەت كرد ئەوە یەكێكە لەو بابەتانەی زۆر تووڕەم دەكات، دەبینیت ژنێكی باش و بە توانا چۆتە پۆستێكەوە كە بەڕاستی شایەنێتی كەچی دەبینیت رەخنەیەك و هێرشێكی زۆر لەلایەن ژن و پیاوەوە دەكرێتە سەری، كێشەكە ئەوە نییە رەخنەی لێدەگرن، یان بڵێم نابێت رەخنە بگرن، كێشەكە ئەوەیە لە بری ئەوەی رەخنە لە تواناكانی یان بڕوانامەكەی بگرن، دەبینیت هێرشی دەكرێتە سەر لەبەرئەوەی شێوە و رووخساریان بەدڵ نییە واتا رەخنە لە شتێك دەگرن كە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە، بەڕاستی ئەو جۆرە رەخنانە مایەی پێكەنینن.

-واتا تۆ دەڵێیت خەڵكی دەیانەوێت ئەو ژنەی دەچێتە پۆستێكەوە هەم بەتوانا بێت و هەم وەكو ئەستێرەكانی هۆڵیوود جوان بێت!

بەڵێ تەنیا ئەو كۆمێنتانە بخوێنەرەوە كاتێك وێنەی ژنێك لە پۆستێكی باڵادا لە پەیجێكدا دادەنرێت یان لەنێو كۆمەڵێكدا دانیشە و لەوبارەیەوە باسێك بكرەوە بزانە چەندیان رەخنە لە شێوەی دەرەوە دەگرن نەك لە تواناكانی وەكو مرۆڤێك، تەنانەت زۆرجار ئەگەر ژنەكە جوان و بە توانا بێت دەبینیت ئینجا بە بارەكەی تردا رەخنەی لێدەگیرێت و گومان لە تواناكانی دەكرێت بەو پێیەی خەریكی خۆ جوانكردن بێت ئیتر چۆن ئاگای لە كارەكەی دەبێت، ئەمانە و زۆر شتی تر ئەوەش دەیسەلمێنێت ژن لەم كۆمەڵگە دواكەوتووانەدا ئەگەر لە هەموو روویەكەوە كامڵ و بێ خەوش بێت، هەر ناتوانێت دەمی خەڵكی بگرێت و ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارە رازیبكات و هەمیشە لە ناوەندی گوماندایە و هەڵەكانی دوو ئەوەندە دەكرێن بە شێوەیەك رەفتاری بەرامبەر دەكرێت وەكو ئەوەی پێی بووترێت تۆ مێینەیت كەواتە تۆ هەڵەیت.

پشت بە تواناكانی ببەستێت

-بەو قسەنەدا بێت ئیتر هیچ ژنێك ناوێرێت هەوڵبدات و لەبەرچاو دەركەوێت یان بچێتە ئەو پلە و پۆستانەوە كە شایەنێتی و بۆی ماندوو بووە، چونكە تا ئێستا زۆربەی بیركردنەوەكانی ژنان و پیاوان وایدادەنێن مادام ژنیت كەواتە هەڵەیەت هەروەها ئەو ژنەی دەچێتە پۆستێكەوە دەبێت لە ئامادەباشیدا بێت بۆ هەر هێرشێك و دەبێت بزانێت بچووكترین هەڵە بۆ ئەو گەورە دەكرێت و دەبێت بە دوو ئەوەندە.

بە رای من باشترین شت كە ژن بیكات ئەوەیە تەنیا پشت بە توانا و بەهرەكانی خۆی ببەستێت و ئەو كارەی حەزی پێیەتی و پێوەی ماندوو بووە لەبەر قسەی خەڵكی دەستبەرداری نەبێت، چونكە تازە لە هەموو حاڵەتەكاندا بە مێینەیی لە دایكبووە و هەر تاوانبار و هەڵەیە لەبەرئەوەی مێینەیە، خۆئەگەر هەڵەشی كرد و هەڵەكانی گەورە كران وەكو هەر مرۆڤێكی دیكە بەرگەی ئەنجامی هەڵەكەی بگرێت و ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەری لەبەرئەوەی مێینەیە و هەڵەی كردووە پشتگوێ بخات، چونكە دواجار تازە نزاكانی دەوروبەری دایكی سەری نەگرتووە و بەمێینەیی لە دایك بووە و پشت بەو توانا و بەهرانە ببەستێت كە وەكو مێینەیەك خودا پێیداوە كە رەنگە ئەگەر نێرینە بوایە، پیاوێكی بێ كەڵكی هیچ لەبارا نەبوو دەرچووبایە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.