سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دوانەیەكی لێكدانەبراو

19/02/2022



كنێر عەبدوڵڵا

كوشتن و خۆكوشتنی ژنان دوو دیاردەی هەمیشەیین كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەیبینین و دەیبیستین و رووبەرووی ژنان دەبنەوە.

جیاوازی نێوان ئەو دوو چەمكە لە خاڵێكدایە كە بریتیە لەوەی كوشتن كاری كەسێكی ترە بەشێوازی جیاواز و بەشێوەیەكی نهێنی و بگرە زۆرجاریش كەسە نزیكەكە پیاوە لە قوربانییەكەوە، ئەگەرچی بە هۆكاری جۆربەجۆر روودەدات، بەڵام دواجار تۆمەتی كوشتنەكەی رەوایەتی پێدەدات و دەیخاتە پاڵ سەندنەوەی شەرەفی بنەماڵە یان خۆی یان خێزانەكەی، لە كاتێكدا جگە لە كەلتوری ناڕاستی كۆمەڵ، هیچ بنەمایەكی یاسایی و شەرعی و ئاینی و مرۆییشی نییە، واتە بكەر كەسی دەرەوەی قوربانیەكەیە، بە دوور لە ئیرادە و خواستی قوربانیەكە، چەمكی دووەمیش خۆكوشتن، بریتیە لە كۆتاییهێنانی مرۆڤ بە ژیانی خۆی بە شێوازی جیاجیا لەژێر فشار یان بەهۆی كێشەیەكی تایبەت یاخود هەر شتێكی هاوشێوەوە بێت، بەڵام جیاوازییەكەی لەگەڵ كوشتندا لە ئەنجامدەرەكەیدا بەدیدەكرێت كە بكەرەكە خۆیەتی، نەك كەسانیتر. هۆكارەكانی ئەم دیاردە كۆمەڵایەتییانە جۆربەجۆرن و زیاتر پەیوەستن بە عەقڵیەتێكی پیاوسالاری زاڵ كە بەهۆی پەروەردە و دابونەریتی كۆمەڵەوە رەگی داكوتاوە لە هزری مرۆڤەكاندا بەگشتی ژن بێت یان پیاو، بەڵام لە هەمانكاتدا زیادبوونی رێژەكەیشی گرێدراوی ناسەروەری یاسایە كە لە هەردوو بارەكەدا، بكوژەكە كە تاوانبارە لە رووی یاساییەوە و لە هەمانكاتدا ئەو كەسانەی دەشبنە فشار و پاڵنەری خۆكوشتنی ژنانیش كە بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێ و قوتاریش دەبن لە سزادان، لە كاتێكدا لە رووی یاساییەوە سزای خۆی هەیە، ئیدی بە هۆكاری جیاجیا و پاڵپشتیكردنیان لە لایەن كەسانی دەسەڵاتداری بنەماڵەوە، حزبی یان باڵادەست و بەزەبری پارەوە بێت، لە لایەكی تر نەبوونی بەدواداچوونی جدی چ لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی حوكمرانییەوە بێت و چ لە رێی توێژینەوە و لێكۆلینەوەی زانستی و كەسانی شارەزاو پسپۆرەوە بێت وایكردوە بە وردی و ئاشكرا دەست نەخرێتە سەر هۆكارەكان و كێشەكان بە راشكاوی، لەكاتێكدا پێویستە داتا و ئامارەكان پێمان بڵێن لە كوێی رابردووی خۆمانداین یان لە كوێی كۆمەڵگەكانی تری دنیاداین.

بێگومان زۆرجاریش سەرەڕای لێكۆلینەوەكان لەلایەن خەمخۆرانەوە، كارنەكردن و نەبوونی پلانی سیستمی حوكمرانی وایكردووە كێشەكان رۆژانە ئاڵۆزتر بن كە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ترس و دڵەڕاوكێ و بێهێوایی و لێكەوتەی كێشە كۆمەڵایەتییەكانی تر بۆ تاكەكان و ناسەقامگیری و دواكەوتوویی كۆمەڵ.

نەهێشتنی ئەم كێشە كۆمەڵایەتییانە ئەركێكی نیشتمانی، مرۆیی، ئەخلاقی، یاسایی و ئاینی هەمەلایەنەیە، بەرپرسیارێتی دەسەڵاتەكەیەوە، لە ئەستۆی كەناڵەكانی راگەیاندن و رێكخراوە مەدەنییەكان و ژنانە، ئەركی خێزان و سیستمی پەروەردەییە تا هەموان پێكەوە و لەسەر ئاستێكی گشتگیر رۆڵ و گۆڕانكاری بەرجەستەیان هەبێ لە هۆشیاركردنەوەی زیاتری تاك و گۆڕینی بیر و كەلتوری تاكەكان كە مامەڵەیان بۆ یەكتری لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و یەكترقبووڵكردن و نەبەزاندنی سنووری ئەویتر بێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.