رۆزا دڵشاد مەریوانی
هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات و چ پیاو بێت چ ژن، بەڵام سەبارەت بە ژن ئەو هەڵەیە کۆمەڵگەی پیاوسالاری بە جۆرێک بەسەریدا دەشکێنێتەوە و هەڕەشەی لێدەکات تەنها لەبەر ئەوەی مێینەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە کە پێویستە ژن گوێ بەوشتانە نەدات و بەهێز بێت، و دەستبەرداری بەهرەو تواناکانی خۆی نەبێت.
ژنە نوسەر رۆزا دڵشاد مەریوانی لە وتارێکدا نووسیەتی "دەزانیت ئێمەی ژنان لەو هەڵانەی لە ژیانماندا کردوومانە ئەوەیە وەکو مێیینە لە دایک بووین، تەنانەت کاتێک هێشتا لە سکی دایکمانداین هەموو نزای ئەوە دەکەن کچ نەبێ و کوڕ بێت، رەنگە بڵێیت وا نییە و خەڵکی دەڵێن ئەوە دیاریی خودایە و گرنگ ئەوەیە ساغ و سەلامەت بێت، بەڵام وانییە یان هیچ نەبێت لەدڵی خۆیاندا وادەڵێن، بۆیە کە بە مێینەیی لە دایک دەبین، لە کۆمەڵگاکانی وەکو کۆمەڵگەی ئێمەدا، یەکێک لەو هەڵانەی تا مردن لە ئەستۆماندایە ئەوەیە مێینەین، خۆ ئەگەر هەڵەیەک بکەین ئەوە دوو ئەوەندە تاوانبارین چونکە مێینەین و هەڵەشمان کردووە".
رۆزا دڵشاد دەڵێت "کێشەکە ئەوەیە زۆرجار ئەوەی تاوانبارت دەکات لەبەرئەوەی مێینەیت، مێینەیەکە وەکو خۆت، دەزانیت بۆ؟ چونکە ئەویش پەروەردەی ئەم کۆمەڵگە پیاوسالارەیە کە هەر لە منداڵییەوە فێرکراوە هەڵە نەکات، عەیبەیە ئاگای لە خۆیبێت، چونکە ئەو مێینەیە هەڵە بۆ ئەو زۆر قورسە، تەنانەت بچووکترین هەڵەش بۆ ئەو دوو ئەوەندەیە و پیاو جا برا بێت یان باوک پلەیەک لەو بەرزترە ئیتر ئەو بیرکردنەوەیە دەچێتە نەستەوە، بۆیە دەبینین ئێمەی ژنان خۆمان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرامبەر بە کەمزانین و چەوسانەوەی ژنان تاوانبارین، رەنگە لەو بارەیەوە زۆر دەسەڵاتمان نەبێت و گۆڕینی ئەو جۆرە بیرکردنەوانەی پێویستی بە هەوڵدانی زۆر هەبێت لەرووی خۆ ڕۆشنبیرکردنەوە، هەروەها پەروەردەکردنی منداڵەکانمان لەسەر بنەمای مرۆڤبوون نەک جیاکاری رەگەزیی".
هەروەها نوسەر پێیوایە باشترین شت کە ژن بیکات ئەوەیە "تەنیا پشت بە توانا و بەهرەکانی خۆی ببەستێت و ئەو کارەی حەزی پێیەتی و پێوەی ماندوو بووە لەبەر قسەی خەڵکی دەستبەرداری نەبێت، چونکە تازە لە هەموو حاڵەتەکاندا بە مێینەیی لە دایکبووە و هەر تاوانبار و هەڵەیە لەبەر ئەوەی مێینەیە، خۆ ئەگەر هەڵەشی کردو هەڵەکانی گەورەکران وەکو هەر مرۆڤێکی دیکە بەرگەی ئەنجامی هەڵەکەی بگرێت و ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەری لەبەر ئەوەی مێینەیە و هەڵەی کردووە پشتگوێ بخات، چونکە دواجار تازە نزاکانی دەوروبەری و دایکی سەری نەگرتووە و بە مێینەیی لە دایک بووە و پشت بەو توانا و بەهرانە ببەستێت کە وەکو مێینەیەک خودا پێیداوە کە رەنگە ئەگەر نێرینە بوایە، پیاوێکی بێ کەڵکی هیچ لەبارا نەبوو دەرچووبایە".