سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئڤلوشنی شکڵە چاوییەکانی سەر باڵی پەپولەکان

21/02/2022


 

گۆران ئیبراهیم

 

ئڤلوشنی شکڵە چاوییەکانی سەر باڵی پەپولەکان، بە هۆکاری هەمان ئەو جینانەوە بووە کە ریتمی لاق و ئارێل و باڵەکانی پەپولەی هێناوەتە کایەوە.

 

دیاردەی شکڵە چاوی سەر باڵی پەپولەکان بە هۆکاری پاراستن لە راوچییەکانەوە هاتۆتە کایەوە. ئەو دیاردەیە زۆر سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی پەپولەکان و هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەو شکڵە دەبینین لەسەر باڵی رێژەیەکی زۆری پەپولە و (مۆث)ەکان.

 

لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا، هەوڵی ئەوە درا کە لە میکانزمی جەنەتیکی ئەو گۆرانکاریە ئڤلوشنیە تێبگەن. لە ئەنجامدا دەرکەوت، ئەو تۆڕە جینانەی بەرپرسیارن لە هێنانە کایەوەی ئەو شکڵانە، هەمان ئەو جینانەن کە ریتمی لاق و ئارێل و تەنانەت باڵی پەپولەکانیان هێناوەتە کایەوە.

 

تۆڕی جینە رێخەرەکان gene regulatory network لەسەر بنەمای ئەو ریزبەندیانە کار دەکەن کە بەردەوام گۆرانکارییان بەسەردا هاتووە. بە پێی ئەو گۆرانکاریانەش، ئەو جینە رێکخەرانە، وا دەکەن کە جینەکانی تر، چالاک ببن و پرۆتین دروست بکەن، یاخود بێدەنگ ببن و هیچ پرۆتینێک دروست نەکەن.

 

لەم لێکۆڵینەوەیەدا چالاکی ئەو تۆڕە جینانە خامۆش کرا و پاشان سەرنج درا ئەو خامۆشکردنە، کاری کردۆتە سەر ئەو شکڵە چاوانە و لەوەش زیاتر، کاری کردۆتە سەر ریتمی لاق و ئارێل و باڵەکان. هەروەها سەرنج درا، ئەو گۆرانکاریە تایبەتانەی کە بەرپرسیارە لە دروستبوونی شکڵی چاوەکانی سەر باڵەکان، زیاتر لە جینە هۆکارەکانی دروستبوونی ریتمی ئارێلی پەپولەکانەوە نزیکترە.

 

بە کورتیەکەی، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەی دەرخست کە دروستبوونی شکڵی چاوەکانی سەر باڵی پەپولەکان، بە هۆکاری هەمان ئەو جینانەوە بووە کە پێشتر ریتمی لاق و ئارێل و باڵی پەپولەکانی دروست کردووە. جیاوازیەکە لێرەدا تەنیا ئەوە بووە کە گۆرانکاری تر (میوتەیشنی جیاواز) بۆتە هۆکاری دروستبوونی ئەو شکڵی چاوانەی سەر باڵی پەپولەکان.

 

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.